کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فووبیای سیاسیی ڕێژیم لە کوردستان

15:56 - 6 خاکەلێوه 2717

سارا پارسا

کاتێک باس لە ترسێکی لەڕادەبەدەر یان فووبیا دەکرێت مێشکی مرۆڤ بەرەو ترسێکی تایبەت لە شتە هەرە سادە و سەرەتاییەکان دەڕوات کە زۆربەی جار وەک گاڵتە چاوی لێ دەکرێت، بەڵام فووبیای سیاسیی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، فوبیایەکی تایبەتە کە بە دڵنیاییەوە دەتوانین وا باسی لێ بکەین کە لە هیچ جێگایەکی جیهاندا ئەم جۆرە فووبیایە بوونی نییە و تایبەت بە دەسەڵاتدارانی نەخۆشحاڵی ڕێژیمی ئێرانە و بەس. ترسی لەڕادەبەدەری ئاخوندەکان و دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران لە دارستان و شاخەکانی کوردستان، لە نەورۆز وەکوو کولتووری نەتەوەیی گەڵی کورد و لە هێما پڕ تین و سۆزەکەی، واتە ئاگری نەورۆز، بووەتە فووبیایەک بۆ دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران.

فووبیای دارستان و نەورۆز لە کوردستان!

سروشت دەتوانێت یەکێک لە سروەت و سامانە بەنرخەکانی هەر نەتەوەیەک بێت. خاکی کوردستان شوێنی ژیانی خەڵکی کوردە، هەر لە باکوورەوە هەتاکوو دوایین خاڵی زنجیرە شاخەکانی زاگرۆس لە باشوور، پڕە لەو سەرچاوە سروشتییانەی کە ساڵانێکی زۆرە لە ژێر دەسەڵاتی ناوەندیدا داگیر کراوە. شاخاوی بوونی سروشتی کوردستان بووەتە کێشەیەکی زۆر گەورە لەسەر ڕێی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران. سیاسەتی ئاخۆندەکان ٤دەیەیە لەسەر فەوتاندنی گەلی کورد لە هەر ڕێگایەکەوە بێت، چڕ کراوەتەوە و ئەوەش باسێکی حاشا هەڵنگرە.

هەر لە کوشتن و ئیعدامەکانی دەیەی ٦٠ەوە تاکوو ئێستا، لەنێوبردنی کولتووری کورد لە شار و گوندەکانی کوردستان، پەرەپێدان بە کولتووری خورافەی ئایینی، سووک و بێ‌بایەخ کردنی کوڵتووری نەتەوەیی کورد لە بەرانبەر کوڵتووری فارسدا لە نێوان منداڵان و لاوانی کورد و سیاسەتی پەرەپێدان بە ماددەی سڕکەر لە کوردستان. هەزاران پیلانی پڕ لە ڕق و قینی لەو چەشنەی دەسەڵاتدارانی رێژیمی ئێران لە لایەکەوە،لە لایەکی دیکەشەوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە فەوتاندنی دارستان و لێڕەوارەکان لە بست بە بستی خاکی کوردستان ترس و دڵەڕاوکێی خۆیان لە شاخەکانی کوردستان پیشان داوە.

ڕەنگە کاتێک کە باس لە ترسی لەڕادەبەدەری ڕێژیم لە شاخەکانی کوردستان دەکرێت، ئەو پرسیارە بێتە ئاراوە کە ترس لە چی؟ بە تۆزێک وردبینی وەڵامی ئەم پرسیارە بۆ ئەوە هەڵدەگەڕێتەوە کە بوونی دارستان لە کوردستان واتە شوێنێک بۆ حەوانەوەی پێشمەرگە. گەورەترین ترسی ڕێژیمی ئێران چ لە ناوی پێشمەرگە چ لە بوونی پێشمەرگە، بە تایبەت لەم قۆناغەدا کە خەڵکی کورد بانگەوازی خەباتێکی نوێی لە ژێر ناوی ڕاساندا کردووە، وەکوو فووبیایەک کەوتووەتە گیانی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران و هەر بەم هۆیەشەوە بە بیانووگەلی جۆراوجۆر ئاگر لە دارستانەکانی کوردستان بەردەدا و هەر جارێکیش بە پاساوی بێ‌بنەما لەسەر ئەم بابەتە سەرپۆش دادەنرێت. ئەم بابەتە گرینگە بە لایەک، ڕێز گرتنی خەڵک لە کوڵتوور و پەرەپێدان بە مێژووی نەتەوەیی و بەرز ڕاگرتنی یادی کولتوورە نەتەوەییەکان وەک نەورۆز لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەکی دیکەوە، دیسان هاوکێشە سیاسییەکانی ڕێژیمی بە یەکجاری تێکداوە و ترسێکی یەکجار زۆری خستووەتە دڵی دەسەڵاتدارانەوە، بە تایبەت کە لەم ماوەیەشدا، ٦ حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا لەسەر چۆنیەتی گرتنی نەورۆز لە ڕۆژهەڵات، ترس و تۆقینی دوژمنیان چەند هێندە زیاتر کرد و دەسەڵاتدارانی ڕێژیم لەم قۆناغەدا تووشی فووبیایەک بەناوی نەورۆز بوون. دەسەڵاتدارانی ڕێژیم خافڵن لەوەی کە نە نەورۆز مەترسییە، نەش دارستان، بەڵکوو شۆڕش و هەستی خەڵکی خۆڕاگری کورد و ڕاوەستانیان لە بەرانبەر سیاسەتە هەڵەکانی ڕێژیمی داعشیی ئێراندا بۆ بەرگری لە نەتەوە و کوڵتووریان و شوێن‌پێی خەباتگێڕانی کورد لە شاخەکانی کوردستان و دارستانەکانە کە بەسەر دەسەڵاتداراندا هەرەسی هێناوە و وەک فووبیایەکی دەروونی و ئەشکەنجەیەکی سپی ترسی خستووەتە دڵیان و بۆ هێور کردنەوەی ئەم ترسەش،ئاگر لە دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان بەردەدن و کوردستان میلیتاریزە دەکەن، تاکوو خەڵک نەورۆز نەگرن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.