کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەپۆلی جامانەکان، بوون بە سەرچۆپیکێشی نەورۆزی نەتەوەیی!

15:58 - 6 خاکەلێوه 2717

محەممەد سلێمانی

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە دەستپێکردنەوەی خەباتی سیاسی و چەکداری لە ژێر ناوی ڕاساندا، بۆ جارێکی دیکە پێشڕەو بوونی خۆی سەلماندەوە و هەر لەو پەیوەندییەشدا بە درێژایی مێژووی خۆی سەر و گەردنێك لە سەرووی حیزب و ڕێکخراوەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە. بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی ساڵێك لەوەی پێش، کە لە ژێر دروشمی ڕاساندا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی‌پێکرد، کۆمەڵێك چەمک و فاکتی بێ‌بنەمای لە سەر ‌هێز و نفووزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەتاڵ کردنەوە. زۆر هێز و دەستە و لایەن پێیان وابوو ئیدی حیزب ئەو هێزەی نەماوە شۆڕش لە کوردستاندا پەرە پێ‌بداتەوە و بە هێز ڕووبەڕووی ڕێژیمی تیرۆریستی ئاخوندیی ئێران بێتەوە. بەڵام لە ئێستادا پێچەوانەکەی ڕاستە. نەورۆزی ئەمساڵ نەورۆزی جامانەکان، بە خۆشییەوە شەپۆلەکانی بەشداریی و هاتنەمەیدانی چین و توێژەکان، کاربەدەستانی بەتەواوی نیگەران و سەغڵەت کرد و بۆ داپۆشینی نیگەرانییەکانیان دەستیان بە گرتن و ئەزییەت‌دانی خەڵك کردۆتەوە، هەروەك پیشەی هەمیشەیان.

ڕاسان و نەورۆزی جامانەکان لە سەرهەڵدانەوەی مێژووی نوێی گەلەکەماندا، گرینگی و تایبەتمەندیی دیاری خۆی وەرگرتووە و دەنگ هەڵبڕین و پێشوازی کردن لە نەورۆز لە ژێر دروشمی ئێمەش هەوێنی پڕاکتیزەکراوی جامانەکانین، نیشانەی پەیامی سیاسی و تەشکیلاتییە لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتەوە بۆ تێکۆشەرانی ئازادیخوازی شاخ. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەسەر زۆر قۆناغی ناخۆش و تاریك و کەندوکڵۆی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا زاڵ بووە و بە هاوکاری و دڵگەرمی و پشتیوانیی بەرینی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، لە سەر ئەساسی شکڵ و میتۆد و میکانیزمی بەرکاردا، ڕەوتی خەبات و بەرخۆدانی خۆی درێژە پێداوەتەوە. دەستپێکردنەوەی خەباتی سیاسی و چەکداری لە ژێر دروشمی ڕاساندا، بەدڵنیاییەوە شوێنی زۆر قووڵ و گەورەی لەسەر بارودۆخی سیاسی و ڕێکخراوەیی لە نێو هێزە تیکۆشەرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داناوە و ئێستا لە هەموو وەختێك زیاتر خەباتی شار و شاخ نیازیان بە یەكڕیزی و هاوپشتیی گشتی هەیە و وەسەریەك خستنەوەی هێز و نفووزی سیاسی و تەشکیلاتی لە نێوخۆی وڵاتدا، پارسەنگی هێز لە بەرژەوەندیی بزووتنەوەی سیاسی کورددا دەگۆڕێت. کاتێك لە یاد و پێشوازی کردن لە نەورۆزی ئەمساڵدا، شەپۆلی جامانەکان بوون بە سەرچۆپیکێشی ئەو یادە نەتەوەییە، بێگومان بەرهەمی تێکۆشانی چەندین ساڵەی ڕۆڵەکانیەتی لە پێناوی ئامانجی ڕزگاریی نەتەوەییدا.

بەرز ڕاگرتنی یادی نەورۆز کە خۆیان بە شوێنکەوتوانی جامانەکان بەستەوە، نیشانەی وشیاریی سیاسی و نەتەوەیی گەلی کورد لەو بەشەی کوردستان دەگەیەنێت و بە ڕوویەکی تریشدا، بێزاری و ناڕەزایەتییان بەدژی حکوومەتی ئاخوندیی ئێران دەردەخات. دەسەڵاتدارانی تاران و نەیارانی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد دڵی خۆیان بەوە خۆش کردبوو کە ئیدی شتێك بە نێوی شۆڕش و هەستی بەرەنگاربوونەوە لە نێو هێزە سیاسی و تێکۆشەرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا نەماوە و لەو سۆنگەوە هەوڵیان دەدا تۆوی نائومێدی لە نێو دڵی خەڵكدا بچێنن.

بەڵام ڕاسان و نەورۆزی جامانەکان ئەو خەونەی کاربەدەستەکانی نیزامی کردە بڵقی سەرئاو و ئەوەی ڕێژیم و هاوقۆڵەکانیان بە خەیاڵیاندا نەدەهات، ئێستا بەچاوی خۆیان دەیبینن و هەستی پێدەکەن و یەکڕیزی و کۆدەنگی و هاوپشتیی نەتەوەیی و پەیوەندی خەباتی شاخ و شاریان بۆ دەرکەوتووە. لە وڵاتێکدا کە خەڵك هەست بە بوونی خۆی نەکات و لە خێروبێری وڵاتی خۆی پەراوێز بخرێ و هەر جۆرە ئازادییەکی ڕادەربڕین و بیرکردنەوەی لێ زەوت بکرێت، نیشانەی زاڵبوونی کەش و هەوای سیاسیی و ئەمنی دەگەیەنێت و ئەوەی ئێستا و لە ساڵانی ڕابردوویشدا لە ئێران و کوردستان بەڕێوەچووە درێژکراوەی سیاسەتی سەرکوت و تۆقاندنی ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران بەرانبەر بە گەلانی وڵات بووە. تێکۆشانی هاوبەش و پلاتفۆرمی نەتەوەیی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گشتیی خەڵکی کوردستان کە هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لە دەوری مێزێكدا کۆبکاتەوە، بێگومان شوێنی قووڵی لەسەر هەلومەرجی نێوخۆی وڵات دەبێت و ئەو یەكگرتنە سیاسییە لە ئێستادا زەروورەتێکی مێژووییە.

هەربۆیە دەبێت ڕاسان و نەورۆزی جامانەکان بە سەرەتای دەستپێك و قۆناغێکی نوێ لە مێژووی سەرهەڵدانەوەی بزافی ڕزگاریخوازی کورد سەیربکرێ و هەوڵ بدرێت هەموولایەك پشتیوانی گەشەپێدان و بەهێزتر کردنی ئەو بزووتنەوە سەرتاسەرییە بێت.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.