کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی دێرین ماڵئاوایی لە ژیان کرد

16:45 - 6 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری پیرانشار کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی کاک سەید نەجمەدین عەبدوڵڵا پوور کوڕی سەید حوسێن خەڵکی گۆندی جەڵدیان سەر بە شاری پیرانشار کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی پەیوەست بە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزب بوو و لە هێزی مەلا ئاوارەی (قەندیل)ی ئەو کات سازمان درا و وەک کادری کۆمیتە شارستان کاری دەکرد.

کاک سەید نەجمەدین هەتا ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی پێشمەرگایەتی کرد و دواتر لەسەر ئیزنی حیزب گەڕایەوە نێو بنەماڵەکەی و دەستی بەژیانی ئاسایی خۆی کرد بەڵام تا دوا ساتەکانی ژیان دڵی هەر لە لای حیزبەکەی بوو.

پیویست بە ئاماژەیە کە باوکی ناوبراو کاک سەید حوسێن ‌ئەندامی کۆمیتەی ناوچەی بەربنە بوو و ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی، بەهۆی پیری و بەساڵاچوویی وازی لە پێشمەرگایەتی هێنا و دواتر ماڵئاوایی لە ژیان کرد .
تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی جەڵدیان بە خاک ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەس و کاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.