کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشکەشکارێکی لوبنانی لەدژی حەسەن نەسروڵڵا سکاڵای تۆمار کرد

17:14 - 6 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: ڕۆژنامەوان و پێشکەشکارێکی بەناوبانگی لوبنانی سکاڵای لە دژی حەسەن نەسروڵڵا بەرپرسی گشتی حیزبوڵڵای لوبنان لە دادستانی گشتی ئەم وڵاتە تۆمار کرد.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، ماریا مەعلوف، ڕۆژنامەوان و پێشکەشکاریی بە ناوبانگی تەلەڤیزیۆنی لوبنان، ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ٢٤ی مارسی ٢٠١٧ی زایینی، بە دەزگا ڕاگەیەنەکانی وتووە کە؛ ئەم سکاڵایە بە دژی حەسەن نەسرۆڵڵا و هەر تاکێکی دیکەیە کە لێکۆڵینەوەکان بیسەلمێنێ کە پەیوەندی بە کوشتاری خەڵک و ئەشکەنجە ودەست‌درێژی جینسی و کوشتنی بە کۆمەڵ لە سووریە، یەمەن و بەحرەین و عێراق‌دا هەیە، پێک هاتووە.

ئەم ڕۆژنامەوانە هەروەها، حەسەن نەسرۆڵڵای بە پەرەپێدەری کێشە فیرقەیی و ئایینییەکان لە لوبنان و سووریە و عێراق ویەمەن تۆمەتبار کردووە.

تاڕێق شندب و ئانتوان نێعمە، پارێزەرانی ماریا مەعلوفن کە سکاڵای ناوبراویان بە دادستانی گشتی پێشکەش کردووە.

لەلایەکی دیکەشەوە، سەعد ئەلحەریری، سەرۆک وەزیرانی‌ پێشووی لوبنان، بە توندی ڕەخنەی لە کردەوەکانی حیزبۆڵڵای لوبنان لەمەڕ پاڵپشتی لە ڕێژیمی ئەسەد لە سووریە گرتووە.

ئەلحەریری، لە مانگی ڕەمەزانی ٢٠١٦ ڕایگەیاندبوو کە؛ حیزبۆڵڵا بە بڕیاری ئاخوندەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆ پاڵپشتی لە ڕێژیمی بەشار ئەسەد، کوشتاری زۆریان لە سووریە کردووە وفەزای سیاسیی لوبنانیان بەرەو ئاڵۆزی بردووە.

حیزبۆڵلای لوبنان بە پاڵپشتی ڕێژیمی ئێران، بە قازانجی بەشار ئەسەد لە شەڕی سووریەدا بەشداری کردووە و حەسەن نەسڕۆڵڵاش بە ڕاشکاوانە باسی لە بەشداری چالاکانەی هێزەکانی لەم وڵاتە کردووە.

سکاڵای ماریا مەعلووف، یەکەم سکاڵای فەرمی و ڕاستەوخۆ لە بەرپرسی گشتی حیزبۆڵڵای لوبنان لەم وڵاتە بە ئەژمار دیت.