کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

توبیاس ئێلوود: سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران ڕێکخراوێکی قەدەغە کراوە

23:36 - 6 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: توبیاس ئێلوود جێگری وەزیری دەرەوەی بریتانیا باسی لەوە کردووە کە؛ سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە ڕوانگەی یەکیەتیی ئورووپاوە ڕێکخراوێکی قەدەغە کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاو کراوەکان؛ توبیاس ئێلوود جێگری وەزیری دەرەوەی بریتانیا باسی لەوە کردووە کە؛ سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە هۆی ئەنجامدانی کردەوە تێکدەرانەکانی ئەو ڕێژیمە و پشتیوانیی لە تێرۆریزم و پێشل کردنی مافی مرۆڤ، لە لایەن یەکیەتیی ئورووپاوه ڕێکخراوێکی قەدەغە کراوه.

ئێلوود هەروەها باسی لەوە کردووە کە؛ چالاکییەکانی سپای پاسداران لە ناوچە جێگای نیگەرانییە و پشتیوانییەکانی ئەو ڕێژیمە لە گرووپە توندڕەوەکانی وەک حیزبوڵڵا مەترسییە بۆ سەر ئەمنیەتی ناوچەکە.

ناوبراو لە درێژەدا باسی لەوە کرد کە؛ سپای پاسداران لە لیستەی ئەتۆمیی یەکیەتیی ئورووپادا گەمارۆی ئابووریی خراوەتە سەر و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە بە هۆی کردەوەی تێرۆریستی لە لایەن یەکیەتیی ئورووپاوە گەمارۆی ئابوورییان خراوەتەوە سەر.

حیزبوڵڵای لوبنان یەکێک لە گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤینە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پاڵپشتیی ماڵی و سیاسی و سەربازی دەکرێت.

دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری وڵاتانی ناوچە و پشتیوانی لە ڕێژیمی بەشار ئەسەد و گرووپە تیرۆریستییەکانی ناوچە، بووەتە هۆی ئەوەیکە ئەو ڕێژیمە ئێستا وەکوو گەورەترین پشتیوانی ماڵیی تیرۆریزم لە جیهاندا بناسرێت.

ڕۆڵی ڕێژیمی ئێران لە ناسەقامگیری و تێکدانی ئەمنییەتی وڵاتانی ناوچە و پشتیوانیی ئەو ڕێژیمە لە گرووپە توندڕەوەکان بەردەوام ڕەخنە و ناڕەزایەتی بەرپرسانی باڵای وڵاتانی ناوچەکەی لێ‌کەوتووەتەوە.