کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە دزەی مەڕگەوەڕ و قەڵاواریی سەرپێل پەیمانی وەفاداری لەگەڵ شەهیدان نوێ کرایەوە

17:28 - 7 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: لە بەرەبەرەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستاندا، لە دزەی مەڕگەوەڕی سەر بە شاری ورمێ و قەڵاواریی سەر بە شاری سەرپێڵ، بە بەڕێوەبردنی چالاکیی بەربڵاوی تەبلیغاتی، پەیمانی وەفاداری لەگەڵ شەهیدانی حیزب و گەل نوێ کرایەوە.

هەواڵنێری کوردستان میدیا لە ناوچەی مەڕگەوەڕی سەر بە شاری ورمێ ڕایگەیاند کە؛ ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شارەدێی دزەی مەڕگەوەڕ، بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کورد و کوردستان و پەیمان نوێ کردنەوە لەگەڵیان، چالاکی بەرینی تەبلیغاتیان بەڕێوە برد.

لەو چالاکییەدا ڕێبوارانی ڕێبازی شەهیدان لە گوڕستانی شارەدێی دزە کە بە دەیان شەهیدی سوورخەڵاتی حیزب و گەلی لە ئامێز گرتووە، لەسەر گڵکۆی هەر شەهیدێک ئاڵایەکی کوردستان و ئاڵایەکی سوور بە نیشانەی خوێنی سووری شەهیدانیان هەڵداوە.

پەیامنێری کوردستان میدیا لە مەڕگەوەڕ هەروەها باس لەوە دەکات کە؛ هاوکات لەگەڵ هەڵدانی ئاڵا لەسر گڵکۆی شەهیدان، چەندین وێنەی تایبەت بە ڕێبەرانی شەهید قازی، قاسملوو و شەرەفکەندییان کێشاوەتەوە و لافیتە و دروشمی تایبەت بە بەردەوامیی ڕێبازی شەهیدانیان لە نێو و دەرەوەی ئەو گۆڕستانە هەڵواسیبوو.

ئەو چالاکییەی ڕێبوارانی ڕێبازی پڕ سەروەریی شەهیدان بووە هۆی دڵخۆشیی خەڵکی ناوچە و پاشان خەڵکی دزەی مەڕگەوەڕ و گوندەکانی دەوروبەری، بۆ دیتنی دیمەنە ڕازاوەکانی گۆڕستان شەهیدان بە ئاڵای کوردستان، سەردانی مەزاری شەهیدانیان کرد و بە گرتنی وێنە و فیلمی جوراوجۆر، پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ شەهیدانی خۆیان نوێ کردەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دزەی مەڕگەوەڕ رایگەیاند کە، سپای پاسداران و بەکرێگیراوانی تا کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەمە گۆڕستانی دزەیان گەمارۆ دابوو و نەیاندەوێرا کە بڕۆنە ژوورەوە و ئاڵاکان لەسر گڵکۆی شەهیدان لابەن، تا دواجار بە دانی بڕێکی کەم پارە چەند منداڵێکیان ناردە ناوەوە و ئالاکانیان لەسەر گڵکۆی شەهیدان لا برد.

هەر لەو پەیوەندییەدا و لە بەرەبەرەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستاندا، ڕێبوارانی ڕێگەی شەهیدان لە گوندی قەڵاواری سەر بە شاری سەرپێل، بە نووسینی دروشمی تایبەت بەو ڕۆژە، پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ شەهیدانی خۆیان نوێ کردەوە.