کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی بۆ پێکانی ئامانجەکانی کەڵک لە لۆبییەکانی لە دەرەوەی وڵات وەردەگرێت

17:55 - 7 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: پاش شکستهێنانی ڕێژیمی تاران لە بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتیی ئێران و کوردستان، کاربەدەستانی ڕێژیم لە هەوڵی ئەوەدان کە لە ڕێگەی لۆبییە ئوروپاییەکانیانەوە ڕواڵەتێکی سەردەمیانە بە سیاسەتە دژەمرۆڤانەکانیان بدەن.

بەمەبەستی چەواشە کردن و بەلاڕێدا بردنی بیروڕای گشتی ئورووپا و وەرگرتنی ڕەوایی بۆ کردارە نامرۆڤانەکانیان، سەرانی ڕێژیمی تاران لۆبییەکانیان لە وڵاتانی ئورووپایی هان دەدەن تاکوو لە نێو میدیا و ڕۆژنامەکانی وڵاتەکانیان لەدژی بزووتنەوە ئازادیخوازانەکانی ئێران چەواشەکاری بکەن و شەڕی ناڕەوای ڕێژیم بەدژی نەتەوەکانی ئێران و ناوچە بە ڕەوا و ڕێگەپێدراو بناسێنن.

ڕۆژنامەی بەناوبانگی (فه رێ هه‌تن Friheten)ی نۆروێژی چەند ڕۆژ لەمەوپێش بابەتی کەسێکی بەناوی ئەندریا ده گوبیسی لە ژێر ناوی نا بۆ توندوتیژی بەرانبەر بە تاران بڵاو کردەوە کە تێیدا نووسەر پاساوی بۆ جینایەتەکانی ڕەفسەنجانی هێنابوویەوە و مێژوو و سیاسەتەکانی بزووتنەوە ڕزگاریخوازانەکانی ئێران بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەروەها پارچەکانی دیکەی کوردستانیشی چەواشە کردبوو.

ناوبراو لەم نووسراوەیدا وێڕای داکۆکی کردن لە سیاسەتەکانی تاران لە ناوچە، هەوڵی تێکۆشەرانی کوردستان لە هەموو پارچەکانی کوردستانی بە چالاکیی مافیایی شوبهاندبوو.

لە وەڵامی چەواشەکارییەکانی ئەم بەناو نووسەرەدا، سەننار ئەرەسزادە، ڕۆژنامەوان و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دووتوێی بابەتێکی تێروتەسەلدا بەناوی فاکت لەسەر ئێران، بە وردی پڕژاوەتە سەر جینایەتەکانی ڕیژیمی تاران لە ماوەی نیزیک بە ٤ دەیەی ڕابردوودا و بە بەڵگەوە بەرحەق بوونی خەباتی گەلانی ئێران و بەتایبەت گەلی کوردی سەلماندووە.

ئەرەسزادە لە بەشێک لە بابەتەکەی خۆیدا کە بە ڕێکەوتی ١٩/٣/٢٠١٧ لە هەمان ڕۆژنامەدا بڵاوی کردۆتەوە دەڵێ: هەرکات که حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به دژی کۆماری ئیسلامی ئیران بۆ وەرگرتنی ئازادی و سه‌ربه‌ستی و مافە بەرحەقەکانیان خه‌بات دەکەن، تاران تۆمەتباریان دەکات بەوەیکە ئه‌مه‌ریكا، ئیسراییل وعەرەبستانی سعوودی پشتیوانی ئه‌و خه‌باتەن به دژی ئێمه؛ ئەمەش لە حاڵێکدایە کە مێژووی ئەو حیزبە دەری خستووە کە لە باری سیاسییەوە سەربەخۆیە و لە باری ماڵییشەوە پشت ئەستوورە بە یارمەتییە خەڵکییەکانی خەڵکی کوردستان؛ وەکوو بەڵگەش باس لە دوای ڕوخانی ڕێژیمی سەددام حوسین لە عێراق دەکات و دەڵێ؛ ئەوکاتە کۆمەڵێک بەڵگە سەبارەت بە پێوەندییەکانی سەددام ئاشکرابوو؛ حیزبی دێموکرات سەرباری ئەوەیکە پێوەندیی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا هەبوو، بەڵام تەنانەت یەک بەڵگەش بوونی نەبوو کە بیسەلمێنێ ئەم حیزبە بڕیاری لە بەعس وەرگرتبێت یان پێوەندییەکی ناسالمی لەگەڵیاندا هەبووبێت.

له بەشێکی دیکەی ئەم بابەتەدا به تێروتەسەلی باس له چۆنیەتیی داڕشتنی پیلانی تێرۆیستیی ڕێژیمی كۆماری‌ ئیسلامیی‌ ئیران دژ بە ڕێبه‌ری گه‌لی کورد دوکتور عه‌بدولـڕه‌حمان قاسملوو و هاوڕێیانی کراوە.

هەروەها لەم بابەتەدا باس له کارەساتی میکۆنووس کرا کە لەو هێرشه تێرۆریستییەدا له‌ شاری بێرلینی ئاڵمان چەند ڕێبەری بەوەجی گەلی کورد لەلایەن ڕێژیمی تارانەوە شەهید کران و دواتریش له‌ لایه‌ن دادگای ئاڵمانه‌وه‌ ڕێژیمی تاران وەکوو بڕیاردەرانی ئەو هێرشه تێرۆریستییه مه‌حکوم کران.

له کۆتاییشدا ٢٦ لاپەڕه له جینایه‌ته‌كانی ئێران به زمانی ئینگلیزی وه‌کو داكیۆمێنت پێشكه‌ش بەو ڕۆژنامەیە كرا.