کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەوڵەتی سعوودی پشتیوانیی ئامریکا دەکات لە دژی تێرۆریسم، داعش و ئێران

16:47 - 8 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: ڕاوێژکاری وەزیری بەرگریی عەرەبستانی سعوودی ڕایگەیاند کە؛ دەوڵەتی سعوودی پێشوازیی لە هەوڵەکانی ئامریکا لە دژی تێرۆریسم و شەڕ لەگەڵ داعش و ڕێگری کردن لە دەستێوەردانەکانی ئێران لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتان دەکات.

ئەحمەد عەسیری ڕاوێژکاری وەزیری بەرگریی عەرەبستانی سعوودی و وتەبێژی هاوپەیمانیی عەرەبی بۆ پشتیوانیی لە ڕەوایی دەوڵەتی یەمەن، ڕۆژی دووشەممە ٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی ڕایگەیاندووە کە؛ دەوڵەتی عەرەبستانی سعوودی پێشوازیی لە هەوڵەکانی ئامریکا لە دژی تێرۆریسم و شەڕ لەگەڵ داعش و ڕێگری کردن لە دەستێوەردانەکانی ئێران لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتان دەکات.

عەسیری لە وتەکانیدا ڕێژیمی ئێران وەکوو مەترسییەک پێناسە دەکات لەسەر سەقامگیریی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئامادەیی دەوڵەتی سعوودیی بۆ هاوکاری لەگەڵ ئامریکا و هاوپەیمانانی بۆ هەرچی زیاتر بەرتەسک کردنەوەی بازنەی چالاکییەکانی ئێران ڕاگەیاند.

عەسیری لە بەشێکی دیکەی وتەکانی‌دا ئاماژەی بەوە داوە کە؛ بانگەشەکارانی توندئاژۆی مەزهەبی، تاکە مەترسی نین، بەڵکوو مەترسیی ڕاستەقینە و سەرەکی ڕێژیمی ئێرانە کە بە تاقی کردنەوەی مووشەکە بالستیکەکانی هەڕەشە لە سەقامگیری و تەناهیی ناوچەکە دەکات.

ناوبراو گوتیشی؛ ئێران دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی یەمەن، لوبنان، سووریە، عێراق، نیمچە دورگەی سینا و تەنانەت وڵاتانی کەنداودا دەکات، بەڵام لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە ئەو ڕێژیمە زانیارییە تێکنۆلۆژییەکانی خۆی لە بواری مووشەکە بالستیکەکانی ڕادەستی میلیشیا تێرۆریستییەکان دەکات.

شایانی باسە کە عەرەبستانی سعوودی هەوڵ بۆ ڕێکخستنی جیهانی ئیسلام، پێکهاتوو لە ٤١ وڵاتی موسوڵمان لە دژی هەڕەشە و مەترسییەکان و تێرۆریسم لە ناوچەدا دەدات. ئەو ولاتە لە مانگی ڕابردوودا گەورەترین مانۆڕی نیزامیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بەڕێوەبرد، کە نزیکەی ٣٥٠ هەزار سەرباز، ٢٠ هەزار تانک، ٢٥٠٠ فڕۆکەی شەڕکەر لە ٢٠ وڵاتی جیاواز تێیدا بەشدار بوون.