کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەورۆزی جامانەکان لەۆڵاتی کانادا پیرۆز ڕاگیرا

16:55 - 8 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: جێژنی نەورۆز بە بەشداریی گەرموگوڕ و بەرچاوی کوردستانیانی وڵاتی کانادا پیرۆز ڕاگیرا.

کۆمیتەی هاوکاریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگیری زەحمەتکیشانی کوردستانی ئێران و ماڵی کورد لە تۆرێنتۆ ڕێوڕەسمێکی بەشکۆیان بە بۆنەی جێژنی نەورۆزەوە بەڕێوە برد.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی لە سەر بانگەوازی هاوبەشی کۆمەڵە و حیزبی دێموکرات و ماڵی کورد، لە شاری هەمیڵتون سەر بە پارێزگای ئۆنتاریو، جەماوەرێکی بەرچاوی دانیشتوانی ئەو دەڤەرە بەمەبەستی پیرۆزکردنی جێژنی نەورۆز ئاهەنگێکی گەورەیان گێڕا.

سەرەتا ڕێوڕەسمەکە بە سرودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و سروودی نەتەوەیی کانادا لە نێو ئاپۆرای خەڵکدا دەستی پێکرد و پاشان ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان ڕاگیرا.

لە درێژەدا پەیامی هاوبەشیی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی ئاهەنگی جێژنی نەورۆز لەلایەن محەممەد سدیق ئیبراهیمیـەوە پێشکەش کرا.

لەو ڕێوڕەسمەدا هونەرمەندان قادر ئەلیاسی و ڕۆژدی بە هاوکاریی ژەنیاران ئەحمەد مەخموری و نەورۆز بەشدار بوون و بە شایی و هەڵپەرکێ و به سیمایەکی جوان لە یەکدەنگی و کاری هاوبەش جێژنی نەورۆزیان بەڕێوە برد.