کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆل ڕایان: دەبێ سپای پاسداران لە لیستی تێرۆریزم باوێین

17:02 - 8 خاکەلێوه 2717

کورردستان میدیا: نوێنەری مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا باسی لەوە کردووە کە ڕێکخراوی سپای پاسدارنی ڕێژیمی ئێران لە لیستەی تێرۆر باوێین.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی، بە توندی ڕەخنەی لە ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا گرت و باسی لەوەش کردووە کە؛ ڕێکخراوی سپای پاسدارنی ڕێژیمی ئێران لە لیستەی تێرۆر باوێین.

ڕایان هەروەها باسی لەوە کردووە کە؛ ڕێککەوتنی ناسراو بە بەرجام دەستپێڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ناوکی ئاسانتر دەکات.
نوێنەری مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا لە آیپک (کۆمیتەی پێوەندیی گشتیی ئامریکا و ئیسرائیل) باسی لەوە کردووە کە : دەبێ سپای پاسداران لە لیستی تێرۆریزم باوێین.

ماڵپەڕی سەرۆکی نوێنەرانی ئامریکا دەقی وتاربێژیی ناوبراوی بڵاو کردووەتەوە و ڕایان سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئۆباما سەرکۆماری پێشووی ئامریکا لەگەڵ ئێران باسی لەوە کردووە؛ هەموومان بە باشی دەزانین کە دەبێ لە داهاتوودا باشتر ئیقدام بکەین و نابێ هەڵەکانی ڕابرددو دووپات بکەینەوە.

ناوبراو ڕێککەوتنی ناوکیی بە کارەساتی تەواو لە قەڵەم دا.

پۆل ڕایان باسی لەوە کردووە کە؛ ڕێژیمی ئێران پشتیوانی لە دیکتاتۆرێک لە دەمێشق دەکات کە دەستی داوتە ژێنۆساید، چەکدارانی یەمەن چەکدار دەکات و پشتیوانیی ماڵی لە تێرۆریستەکانی بەغدا تا بەیرووت دەکات.

ڕێکەوتی٢٢ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، هه‌ڵمه‌تی گه‌رده‌لوولی تویتێری بۆ پشتیوانی له‌ داوای به‌ تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران، ده‌ستی پێكرد و چالاكانی ئه‌و كه‌مپینه‌، هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ به‌ سه‌ركه‌وتوو وه‌سف ده‌كه‌ن.

لەو هەڵمەتەدا داوا له‌ ده‌وڵه‌تی ئامریكا کراوە كه‌ سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بخرێته‌ نێو لیستی تێرۆره‌وه‌.

سپای پاسداران تا ئێستا سه‌دان تێرۆری له‌ نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ئێران ئه‌نجام داوه‌ و ئێستا له‌ سه‌ره‌كیترین پشتیوانانی ڕێكخراوه‌ تێرۆریستیه‌كانی وڵاتانی دیكه‌ دێته‌ ئه‌ژمار.

ئامریكا ساڵی ٢٠٠٧، سپای قودس، كه‌ لقی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی سپای پاسدارانه‌ی‌، خستۆته‌ نێو لیستی گرووپه‌ تێرۆریستیه‌كان. له‌م ساڵانه‌ی دواییشدا دەیان فه‌رمانده‌ی سپا له‌ لایه‌ن ئامریكا و وڵاتانی دیكه‌ی ڕۆژئاواییەوە، خراونه‌ته‌ لیستی ڕه‌شی تێرۆر یان ته‌حریم كراون.

دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری وڵاتانی ناوچە و پشتیوانی لە ڕێژیمی بەشار ئەسەد و گرووپە تیرۆریستییەکانی ناوچە، بووەتە هۆی ئەوەیکە ئەو ڕێژیمە ئێستا وەکوو گەورەترین پشتیوانی ماڵیی تیرۆریزم لە جیهاندا بناسرێت.

لەو پێوەندییەدا، وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە تێرۆریزمی نێودەوڵەتی، ئاشکرای کردووە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وەک ساڵانی ڕابردوو، هەروا بە توندی پشتگیری لایەن و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی لە هەموو جیهاندا کردووە و تەنانەت بوونی خۆی لە ئەفریقا بەهێزتر کردووە.