کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆیە سەربڵیندە لە ڕێبازی پێشەوادا هەنگاو دەنێت

23:14 - 8 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٧٠ ساڵەی شەهیدکرانی پێشەوا قازی محەممەد


ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ئەمساڵ(١٣٩٦ی هەتاوی) ٧٠ ساڵ بەسەر شەهیدکرانی پێشەوای کورد قازی محەممەد سەرۆک کۆماری کوردستان تێپەڕ دەبێ، پێشەوایەک کە بۆنیادنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان و دامەزرێنەری یەکەم کیانی کوردی لە شکڵی کۆماری لە بەشێک لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بوو، دوو دیاردە کە لە ڕەوتی خەباتی کورد بۆ گەیشتنی بە ئاواتەکانیدا گرینگ و خاڵی وەرچەرخانی مێژووی کوردبوون بەرەو سەرهەڵدانەوە و سەردەمی بوون.

قازی محەممەد کوڕی قازی عەلی ساڵی ١٢٧٩ی هەتاوی بەرانبەر بە ١٩٠٠ی زایینی لە شاری مهاباد لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و خاوەن فەرهەنگدا لەدایک بوو و لە تەمەنی ٧ ساڵی ژیانیدا خۆێندن و فێربوون دەستپێدەکا وپێبەپێی چوونە سەری تەمەنی، پلەکانی خۆێندنیش لە بواری زانستە جۆراوجۆرەکاندا دەبڕێ و، هەر لە تەمەنی لاوەتیدا جگە لە زمانی فارسی لە زمانەکانی عەرەبی، ئینگلیزی و ڕووسیشدا شارەزایی وەدەست دێنێ. هەر بۆیەش دوای کۆچی دوایی باوکی دەبێتە قازی شاری مهاباد و لەو ئەرکەدا بەشێوەیەک عادڵانە و دادپەروەرانە هەڵسووکەوت دەکا کە دەبێتە جێگای متمانە و بڕواپێ‌بوونی لە لایەن کۆمەڵانی خەڵکەوە. ئەو ناو و ناوبانگە کاتێک گەشەی کرد و پتر پەرەی گرت کە سەرۆکایەتی ئیدارەکانی فەرهەنگی ئەوکات و پەروەردەی ئێستا و ئەوقافی وەئەستۆ گرت و لە گرینگیدان بە کاروباری کۆمەڵایەتی و هاندانی خەڵک بۆ لای زانست و خۆێندن و فێربوون بە هەموو تواناوە تێکۆشا.

لە تایبەتمەندییە بەرزەکانی پێشەوا بەهێزبوونی بیری ئازادیخوازی و نیشتمان خۆشەویستی و کوردپەروەری تێکەڵ بە بانگەشەکانی بۆ رزگاری نەتەوەی کورد و رێزدانان بۆ مافەکانی مرۆڤ بوو. هەر ئەو هەست و باوەڕەش هانیدا کە ئەندامەتی کۆمەڵەی (ژکاف) کە لە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢١ی هەتاویدا دامەزرابوو، قەبووڵ بکا و گەشەی پێ بدا و پاش سێ ساڵ لە دامەزراندنی لە سەر بنەمای تەشکیلاتی ئەو رێکخراوەیە بە ناوێک و نێوەرۆکێکی سەردەمیانەتر و دێموکراتیتر حیزبی دێموکراتی کوردستانی لە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی دامەزراند. لێرەوە و لەسەر باوەڕەکانی حیزبی دێموکرات و بە هەوڵی ڕێبەرایەتی ئەو حیزبە و بەکەڵک وەرگرتن لە دەرفەتی مێژوویی سەردەمی شەڕی دووهەمی جیهانی و هەلومەرجی تایبەتی لە بەشێک لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، هەنگاوی بەرەو وەدیهێنانی ئاواتی کورد و ئارمانەکانی خۆی هەڵگرت و لە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاویدا یەکەم حکوومەتی کوردی لە شکڵی کۆماریدا ڕاگەیاند و وەک پێشەوای کورد و کۆمار ناودێر کرا. ئیدی لێرەوە ناوی ژکاف و حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان و پێشەوا ئاوێتەی یەکتر بوون.

دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستان بۆ نەتەوەی کورد ئەویش لە ماوەی تەنیا ١١ مانگ تەمەنی ئەو کۆمارەدا ئەوەندە گرنگ و بەنرخ بوون کە مێژووی کورد و مرۆڤایەتی شانازییان پێوەدەکا و هونەر و لێهاتوویی پێشەوا قازی محەممەد لە بەدیهێنانیان لە کۆمەڵگایەکی کوردەواری ٧٠ ساڵ لەوە پیش نیشان دەدا کە چۆن توانیویەتی ئەمنییەت و پێکهێنانی کەش و هەوایەکی پڕ لە تەبایی لە کۆمەڵگایەکی عەشیرەتی پڕ جیاوازییدا دەستەبەر بکا و هەمووان لەژێر ئاڵای کوردستان و لە پێناو ئامانجی کورددا کۆ بکاتەوە.

کۆماری کوردستان وەک دەسەڵاتێکی دێموکراتیکی کوردی لە ناوچەیەکی پاشکەوتووی ئەو سەردەم و، دژایەتی وڵاتانی ناوچە لەگەڵ ئەو کۆمارە ساوایە و، بەربەرەکانێی زڵهێزەکانی ئەو کات لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانیاندا، دەرەتانی درێژەدانی بە تەمەنی ئەو کۆمارە نەدا و پیلانی داڕێژراو بۆ جوانەمەرگ کردنی بە هۆی هێزی نیزامی ڕێژیمی پاشایەتی لە ئێران بەڕێوەچوو.

پاش لە نێوبردنی کۆماری کوردستان، پیشەوا قازی محەممەد، حەمە حوسێن خان سەیفی قازی و ئەبولقاسم سەدری قازی لە بەرەبەیانی ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٢٦ی هەتاویدا لە شاری مهاباد لە گۆرەپانی چوارچرا شوێنی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە دار دران و شەهید کران. دواتریش پۆلێکی دیکە لە بەرپرسانی کۆمار لە دار دران، دیارە پێش لەو ئیعدامانەش ژمارەیەک لە کاربەدەستانی حیزبی دێموکرات و کۆمار زیندانی کرا بوون، بەم چەشنە تەمەنی کۆمار بەداخەوە کۆتایی پێ هێندرا، بەڵام ئەوەی لە کۆمار و پێشەوا بۆ کورد بەجێما حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ئامانجەکانی کۆماری کوردستان و سەمبولەکانی ئەوان وەک سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب، ناوی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان بوو کە ئەمڕۆ نەک هەر لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، بەڵکوو لە هەموو پارچەکانی کوردستان ڕەمزی نەتەوەیی کوردن و پیرۆزیی خۆیان پاراستووە، بە تایبەت کە ئاڵای کۆمار بەفەرمی لە پارچەیەکی ڕزگار کراوی کوردستاندا دەشەکێتەوە و پێشمەرگە بە فیداکاری و خۆڕاگری لە بەرانبەر داگیرکەران و تێرۆریستانی دەوڵەتی و نادەوڵەتیدا ناو و ناوبانگی جیهانیی دەرکردووە و، سروودی ئەی ڕەقیب لە بۆنە ڕەسمییەکاندا دەگوترێتەوە. حیزبەکەی پێشەواش دوای حەفتا ساڵ تێکۆشان و قوربانیدان لەپێناو وەدەستهێنانەوەی دەسکەوتەکانی کۆمار و دابین بوونی ماف و ئازادییەکانی کورد لە خەبات و تێکۆشانی بەردەوام دایە دژ بە دەسەڵاتی تاران، دەسەڵاتێک کە دژ بە دێموکراسی، مافی مرۆڤ، مافی نەتەوایەتی و یەکسانی ژن و پیاو و، ناتەبا لەگەڵ ڕۆحی سەردەمدایە و لە ڕەوتی خەباتی خۆیدا لە هەموو شێوەکانی ڕەوای ئەو خەباتە کەڵک وەردەگرێ، شکڵی بەرچاوی ئێستای ئەو خەباتە لە ڕاسانی خورهەڵاتدا خۆی دەبینێتەوە کە لە دو ساڵی ڕابردوودا لە پێناو لێکگرێدانی خەباتی شار و شاخ هاتووتە ئاراوە و دڵگەرمی و هیوایەکی تازەی بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەخشیوە و، ورە و وزەیەکی نوێی لە تێکۆشەرانی دێموکراتدا پێکهێناوە.

بۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک یادگاری پێشەوا و دامەزرێنەری کۆماری کوردستان بە سەربڵیندییەوە لەڕێبازی پێشەوادا هەنگاو دەنێ و بە بوونی زەرفیەتی خۆگونجاندن لەگەڵ سەردەم و ئاڵوگۆڕەکان و بۆ وەدیهێنانەوەی ئامانجەکانی کۆمار لە تێکۆشاندایە، بێگومان تێچووی ئەو خەباتەش هەرچەند گران بێ بە فیداکاری تێکۆشەرانی و تەنانەت گیان بەخشینی ئەوان ئەدا دەکا.

لە ٧٠ ساڵەی شەهید کرانی پێشەوا قازی محەممەددا ئەوەی پێوەندی بە وەزعی کورد بەگشتی هەیە، ئەوەیە کە خەباتی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان هاوکات لەئارادایە و کورد وەک نەتەوەیەکی لە ماف و ئازادی بێبەش کراو، لە بیروڕای گشتیی جیهاندا بە پێچەوانەی ئەوەی کە دوژمنان بە ناڕەوا و نادروست ناساندبوویان ئێستا بە ڕەوایی و بە دروستی، دێموکرات بوون و ئاشتیخوازی و وێکهەڵکردن و باوەڕمەند بوون بەمافەکانی مرۆڤی سەلماندووە و، بە خەبات و تایبەتمەندییە ئینسانییەکانیەوە جێگە و پێگەیەکی تایبەتی لە بیروڕای گشتی جهیاندا بۆخۆی دەستەبەر کردووە.

لە ٧٠ ساڵەی شەهید کرانی پێشەوای کورد و کۆمار، قازی محەممەددا، وەک حیزبی یادگاری پێشەوا جارێکی دیکە پێ لەسەر ئامانجە نەتەوەییەکانی و بەردەوامیی خەبات تا سەر و تا سەرکەوتن دادەگرینەوە و بە پشتیوانی و بەشداریی بەرینی تێکۆشەرانی نەتەوەیی کورد و سیاسەتی درووست و فیداکاریی تێکۆشەرانی دێموکرات پشت ئەستورین و، بەمجۆرە گیانی پاکی پێشەوا و هەموو شەهیدانی کوردستان شاد و ڕازی دەکەین.

ڕوحی پێشەوای نەمر و هەموو شەهیدان شاد بێ

ڕێبازیان پڕ رێبوار بێ

سەرکەوتن و بەئامانج گەیشتن بۆ کورد و ڕزگاری بۆ کوردستان بە ئاوات دەخوازین

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی
٢٨ی مارسی ٢٠١٧ی زایینی