کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شاری بانە شەڕ و تێکهەڵچوون هاتە ئاراوە

22:47 - 9 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: هاووڵاتییانی شاری بانه دژی سەرکوت و زۆرداریی هێزە جینایەتکارەکانی ڕێژیم وەستانەوە و لە ئاکامدا شەڕ و تێکهەڵچوون هاتە ئاراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە شاری بانە هێزەکانی ڕێژیمی جینایەتکاری ئێران دوای ئەوەی هەڵدەکوتنە سەر شۆفیری ماشێنێکی جۆری سێ ئێف، بەرەوڕووی دژکردەوەی خەڵکی ناڕازی دەبنەوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند؛ ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونە دوای ئەوە ڕوو دەدات کە؛ هێزەکانی ڕێژیم لەگەڵ شۆفیری ئەو ماشێنە تووشی شەڕ دەبەن و ئەو هاووڵاتییە دەخنە بەر لێدان و بێ حورمەتی.

بەپێی ئەو هەواڵە؛ دوای ئەو هێرشە دڕندانەیەی هێزەکانی ڕێژیم بۆ سەر ئەو هاووڵاتییە کوردە، خەڵک لەگەڵ مەئموورانی ڕێژیم تێکهەڵدەچن و هێزەکانی ڕێژیم دەست لە خەڵک دەکەنەوە و تەقەیان لێ دەکەن.

لە ئاکامی ئەو تەقەیەی هێزەکانی ڕێژیم لە خەڵکی شاری بانە، هاووڵاتییەکی غەیرە کورد کە سەر بە نەتەوەی فارس بووە بە توندی بریندار کراوە.

دڕندەیی و سەرکوتی دام و دەزگا ئەمنییەتی و نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران لە کوردستان بۆ پێشگرتن لە کار و کاسبیی هاووڵاتییانی کورد ڕۆژانە بە شێوەی جۆراوجۆر ڕوو دەدات.