کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستەوەستانیی بەرپرسانی ڕێژیم بەرانبەر یەکگرتوویی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە تەنگیسەر

00:04 - 10 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: خەڵکی بوێر و قارەمانی کوردستان بۆ پیرۆزکردنی جێژنی نەورۆز بەردەوام چالاکیی تەبلیغی و ڕێوڕەسم بەڕێوە دەبەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی، ئەویندارانی نیشتمان و ڕێبازی دێموکرات ڕوویان کردە تەنگیسەری مەکۆی دێموکرات و مەزنترین کەرنەڤاڵ و نەورۆزی جامانەکانیان لە تەنگیسەر، سەنگەری لە گیران نەهاتووی کوردایەتی بەڕێوە برد.

بە بەشداریی زیاتر لە هەزاران کەس لە شارەکانی: مەهاباد، مەریوان، بانە، پاوە، سنە، کامیاران، تاران، کرماشان و کوردانی خۆراسان و زۆربەی گوندەکانی دوور و نزیکی تەنگیسەر، جێژنی نەتەوەیی نەورۆز بە شکۆیەکی مەزنەوە لە تەنگیسەر بەڕێوە چوو.

پاش چەندین جار ڕێگری کردنی فەرمانداریی ڕێژیم، ئیدارەی ئیتلاعات و دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و هەڕەشە و گوڕەشە کردنیان لە بەڕێوەچوونی نەورۆز، بەڵام خەڵکی نیشتمان پەروەری تەنگیسەر، وەک هەمیشە کۆڵیان نەدا و بە سەما پێ‌کردنی هەزاران جامانە و پۆشینی جل و بەرگی ڕەسەنی کوردی نیشانیان دا کە هەر تاکێکی دەروەستی کورد پێشمەرگەیەکە و ڕۆڵەی ڕۆژی تەنگانەیە.

لاوان و بە تایبەت کچان جامانەیان لە ملیان کردبوو و بەو شێوەیە وەفا و ئەمەگی خۆیان بۆ خۆێنی شەهیدان و ڕێبازی دێموکرات دووپات کردەوە.

لەو ڕێوڕەسمەی جێژنی نەورۆزدا سەمای جامانەکان بە ڕادەیەک بەرچاو بوو کە فەرمانداری سنە، بەخشداری سیروان، سەرۆکی نیرووی ئێنتزامی سنە و چەندین بەرپرسی دیکەی ڕێژیم کە بێ دەعوەت و بانگهێشت سەردانی تەنگیسەریان کردبوو، پاش تووڕە بوون و بێدەرەتانی و دەستەوەستانییان لە بەرانبەر شەپۆلانی جامانەکاندا، بە سەر شۆڕییەوە تەنگیسەریان بەجێهێشت.

بژی کوردستان
بژی تەنگیسەری خۆڕاگر
پیرۆز بێ نەورۆزی جامانەکان
پیرۆز بێ گرێدانی خەباتی شار و شاخ و ڕاسانی خۆرهەڵات.