کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی ٧٠ـەمین ساڵڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو

01:32 - 11 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمی ١٠ی خاکەلێوە، ٧٠ـەمین ساڵڕۆژی شەهیدانی کوردستان، لە سێ بڕگەی جیاوازی ئامادە بوون لە سەر گڵکۆی شەهیدان، کردنەوەی پیشانگای وێنەی شەهیدان و ڕێوڕەسمی ١٠ی خاکەلێوە لە ساڵۆنی گشتیی ڕێوڕەسمەکانی حیزبی دێموکرات، بەڕێوە چوو.

ڕۆژی پێنج‌شەممە، کاتژمێر ٩ی بەیانی ڕێکەوتی ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بەشداریی \'\'مستەفا هیجری\'\' سکرتێری گشتی حیزبی دێموکرات و ئەندامانی ڕێبەری و کادر و پێشمەرگە و میوانان و بنەماڵەی شەهیدان بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمەکە لە بڕگەی یەکەمدا به ڕێژەی نیزامیی پێکهاتوو لە چوار دەستەی، هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لاوان، ژنان و دەورەی سەرەتایی بەرە و گڵکۆی شەهیدان دەستی پێکرد و لە سەر گڵکۆی شەهیدان دوو سروود لەژێر ناوەکانی \'\'ئەی شەهیدان\'\' و \'\'مەڕێژن بۆم فرمێسکی خەم\'\' لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە پێسکەش کران و دوابە دوای ئەوە \'\'مستەفا هیجری\'\' سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لەگەڵ خاتوو هێرۆ جەڵدیانی هاوسەری شەهید سەروان چەکۆ ڕەحیمی تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفادارییان لە سەر گڵکۆی شەهیدان دانا.

پاشان پیشانگای وێنەی شەهیدان لە لایەن \'\'مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات و نەرمین خزری هاوسەری شەهید کەماڵ خزری شەهیدی ڕاسان، بە ڕووی بەشدارانی ڕێوڕەسمەکەدا کرایەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا و ساڵۆنی گشتیی ڕێوڕەسمەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، ڕێوڕەسمی ١٠ی خاکەلیوە بە پێشکەش کردنی سروودی نەتەوەیی \'\'ئەی ڕەقیب\'\' و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێ‌دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان بە بۆنەی ڕۆژی شەهیدانی کوردستانەوە حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

شەرەفی لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە: قازی محەممەد ئەگەرچی کەسایەتییەکی ئایینی بوو، بەڵام لە هەمانکاتدا کەسێکی نەتەوەیی و دێموکرات بوو کە لەو سەردەمدا کۆمارێکی بە مۆدێڕنترین بیری پێشکەوتوانە و دێموکراتیک پێکهینا و ناوی ژ کاف و حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان و پێشەوا ئاوێتەی یەکتر بوون.

شەرەفی هەروەها باسی لەوە کرد: کۆمار و پێشەوا بۆ کورد چەندین سەمبولی وەک سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب، ناوی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستانی بە یادگار بەجێهێشت کە ئەمڕۆ نەک هەر لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، بەڵکوو لە هەموو پارچەکانی کوردستان ڕەمزی نەتەوەیی کوردن و پیرۆزیی خۆیان پاراستووە.

دواتر سرودێک لەژێر ناوی شەهیدلە لایەن کۆری مووزیکی حیزبەوە پێشکەش بە بەشدابووان کرا.

پاشان پەخشانێک لە لایەن شاعیری پێشمەرگە مامۆستا بێبەش لەژێر ناوی پەپوولە پێشکەش کرا.

ڕێوڕەسمەکە بە پێشکەش کردنی سروودێک لە لایەن هونەرمەند غوڵام فاتحیـیەوە لەژێر ناوی قازی محەممەد کۆتایی پێهات.