کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێکی زانستی لە سەر کەسایەتی پێشەوا قازی مۆحەممەد بەڕێوە چوو

19:14 - 11 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: بەمەبەستی ڕێزگرتن لە کەسایەتی پێشەوا قازی مۆحەممەد و دەور و کاریگەرییان لەسەر بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد سێمینارێکی زانستی لە شاری سلێمانی بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ سەر لە بەیانی ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ۱٠ی خاکەلیوەی ۱۳۹٦ی هەتاوی، بۆ یادی ۷٠ساڵەی لەسێدارەدرانی پێشەوا قازی محەممەد، لەبارەگای لقی ٤ی پارتی دێموکراتی کوردستان کۆڕێک بۆ بەرێزان د. کەیوان ئازاد ئەنوەر مامۆستای زانکۆ و، بەڕێز کەریم پەرویزی ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهات.

سەرەتا دوکتور کەیوان ئازاد باسەکەی خۆی لەسەر کەسایەتیی پێشەوا قازی محەممەد و ڕۆڵی بەرزی پێشەوا لە ڕێبەری کردنی کۆماری کوردستان و دەوری کەسایەتییە ناسراو و دیارەکانی پارچەکانی تری کوردستان بە تایبەتی خوالێخۆشبوو مستەفا بارزانی قسەی کرد.

دواتر بەڕێز کەریم پەرویزی باسێکی تێر و تەسەلی لە سەر کەسایەتیی و دەوری پێشەوا قازی و هەروەها گیانبازی پێشەوا وەک نموونەی گیانفیدایی و بەخت کردنی گیان لە پێناو خۆشی نەوەکانی داهاتوو لە چەند رەهەندەوە باس کرد.

پێویست بە ئاماژەیە باسی هەردووک کۆڕگێری بەرێز جێگای ڕەزامەندی بەشدارانی کۆڕەکە بوو.