کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی شەهیدانی کوردستان لە وڵاتی سوئێد بەرز ڕاگیرا

22:55 - 14 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ساڵڕۆژی شەهیدانی کوردستان ڕێوڕەسمێک لە شاری فاڵوون بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی١٢ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران‌ـ‌فاڵۆن لە وڵاتی سوئید، بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، ڕێوڕەسمێکی بەڕێوەبرد

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە شەهیدانی سەربەرزی گەلەکەمان و بەتایبەت ڕێبەرانی شەهید قازی، قاسملوو و شەرەفکەندی دەستی پێکرد.

پاشان ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تایبەت بە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە لایەن جەلال کەریمی بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە شاری فاڵۆن خوێندرایەوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا لەوحی ڕێزلێنان لە بنەماڵەی شەهیدانی سەربەرزی گەلەکەمان کە لە لایەن کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە ئامادەکرابوو، وێڕای شاخە گوڵێک پێشکەش بە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان لەو شارە کرا.

هەر لەو ڕێوڕەسمەدا، ژیاننامە و وسیەت و ڕێنوێنییەکانی شەهید پێشەوا قازی محەممەد سەرۆک کۆماری کوردستان بۆ بەشداربووان بڵاو کرایەوە.