کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەباتی چەکداری نوێ (راسان) لە تئۆری و پراتیکدا

23:13 - 14 خاکەلێوه 2717

تەیفوور بەتحایی

ماوەی ساڵێکە جووڵانەوەیەکی چەکداری تازە لە ڕۆژهەڵات ڕاگەیەندراوە. لەم یەکساڵەدا زۆر لێی گەڕاوم کە تئۆری ئەم جووڵانەوە بە نووسراوە یان بە گوتار لە شوێنێکەوە ببینم یان ببیسم. چوونکە من بۆ خۆم پێم وایە لە ئێرانی ئەوڕۆدا کاتی خەباتی چەکداری هاتووە. بەڵام ئەوەی سەبارەت بە ڕاسان گوتراوە و نووسراوە یان پێداهەڵگوتنە، یان ڕەخنە و پەندە، یا خود دروشمە و پەیوەندی بە تئۆرییەوە نییە. هەموو جارێکیش دەگوترێ کە ئەمە درێژەی خەباتی حەفتا ساڵەیە کە ماوەیەک بە هۆی بەرجەوەندیی باشوورەوە پشووی دابوو. نێوەکەشی دەرخەری ئەو بۆچوونەیە.
من هەر لێرەوە دەست پێدەکەم و دەمەوێ بڵێم ئەمە ناتوانێ درێژەی ئەو بەرگرییە چەکدارییەی بێ کە دوای شۆڕشی ٥٧ ی ئێران دەستی پێکرد و هەتا نێوقەدی شەستەکان درێژەی هەبوو.

جیاوازییەکان ئەمانەن:

پێشوو


_ ئەوکات لە ئێران شۆڕش کرابوو و تان و پۆی سیستم تێک چووبوو.

_ خەڵک کە دوای شۆڕش بە تەمای ئازادی بوون، هەستیان بە مەغموومی دەکرد و چەک.

هەڵگرتنیش ئاسان بوو. زۆر جار ئەوە حێزبەکان بوون بە دوای خەڵک دەکەوتن.

_ گوندەکان ئازاد بوون و حیزبەکان حاکمی ناوچە بوون.

- دیالکتیکی بەرگریی چەکداری و وتووێژ لە گەڵ هێزی پەڵپ نەبەستووی ناوەندی دەکرا وەکوو شێوەیەکی تاکتیک کەڵکی لێ وەرگیرێ.

_ هێزەکانی کوردستان هێشتا ناکۆکییان لە نێواندا نەگەییشتبووە ڕادەی تێکهەڵچوون.

_ شەڕی ئێران و عێراق وەکوو فاکتەرێکی دیاریکەر لە نێواندا بوو و هەموو هێزەکان لەو دژبەرەکییە کەڵکیان وەردەگرت.

ئێستا:

_ هیچکام لەو هەلومەرجانەی کە لە سەرەوە باسکرا نەماوە. فەزای ئینقلابی ئەوکات و بێ‌سەرەوبەرەیی هێزی حاکم نەماوە. ئێران بووەتە یەکێک لە هێزەکانی سەقامگرتووی دڕندەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

_ خەڵک ئەو گوڕوتینەی نییە و بەشی هەرە زۆری بە هۆی دژواریی بژیوی ژیانەوە بە چۆکدا هاتووە و لەگەڵ هەلومەرجەکەدا خۆی گونجاندووە.

_ یەک بست خاکی ئازاد بەدەست هێزەکانی کوردستانەوە نییە و لەبەر دانانی جاش، گوندەکان زیاتر جێگای مەترسین هەتا پەناگا.

_ وتووێژ لەگەڵ ڕژیم بارەها بەتاقی کراوەتەوە و بێ‌کەڵک بوونی مسۆگەر بووە.

_ هێزەکانی کوردستان نەتەنیا شەڕیان لە نێواندا قەوما و ئەو برینە کەم و زۆر هەر ماوە، بەڵکوو لە ڕادەی هەیئەتی نوێنەرایەتی خەڵکی کوردی ئەو زەماندا، هاودەنگییان نییە.

_ شەڕی ئێران و عێراق نەتەنیا نەماوە، بەڵکوو عێراق و تا ڕادەیەک باشووریش لە ژێر ڕکێفی جمهوری ئیسلامیی ئێراندایە.

_ ئەو ئیمکاناتەی پێشوو(چەک و پارە) لەبەردەستدا نییە.

کەوابوو، جووڵانەوەی تازە خەباتی چەکداریی نوێیە و لە سەرەتاوە دەست پێدەکا و نیازی بە تئۆرییەکی تازەیە و ئەوانەی کۆن هیچی لەگەڵ ئەم هەلومەرجەی ئێستادا نایەتەوە.

تئۆری، ستراتێژی، تاکتیک

بۆ دیاریکردنی پێویستیی خەباتی چەکداری لەم کاتەدا ئەم چەند شتە دەبێ بە شێنەیی دیاری بکرێ:

تئۆری:

- لێکدانەوەی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی، حکومەت و کۆمەڵگای کوردستان
- دەستنیشان کردنی زەرورەتی خەباتی چەکداری
- شیکردنەوە و قۆناغبەندیی ئەم خەباتە. بۆ کوێ دەچێ، چۆن دەچێ و بە کوێ دەگا؟ (ئامانج)

ستراتێژی:

_ هەبوونی دروشمی ڕوون کە دیاریکەری ئامانج بێ. بۆ نموونە، کاتی خۆی کە هێزەکانی دژبەری ج.ا هیچ دروشمیان نەبوو، دروشمی خودموختاری بوو بە دروشمی خەڵک و ئامرازێک بۆ بەرەنگاری. بەڵام ئەوە ئێستا نەتەنیا خەڵک کۆ ناکاتەوە، بێزاریشیان دەکا. من پێم وایە
فێدراڵییش هەر وایە. کێشەی کورد و کوردستان بووەتە کێشەی نێونەتەوەیی. هێزی پێشکەوتنخواز دەبێ دروشمی پێشکەوتووی هەبێ.

ئەگەر نەتەوەین یان بەشێک لە نەتەوەین لە سەربەخۆیی کەمتر وەڵامی ئەو هەموو بەهادانە نییە و خەڵكی شۆڕشگێڕ پێێ ڕازی نابێ.

_ لێکدانەوەی هێزەکانی خۆیی و دوژمن. توانایی فکری، نیزامی، تەشکیلاتی. دەبێ دیاری بکرێ شوێنی لاوازی ڕژیم کامەیە کە لەوێ بدرێ. بۆ نموونە سی ساڵە هەموو هێزەکان هەر خەریک لەقاودانی تون وتیژییەکانی ڕژیمن. ئەمە بەئاکام گەییشت تا ئەو جێگا کە زۆربەی وڵاتانی دنیا ڕێژیمیان بایکوت کرد و ڕێکخراوی مافی مرۆڤیش پەیتا پەیتا ئێدانەیان دەکا. بەڵام ڕێژیم لە شوێنی خۆیەتی . ئەمە نیشان دەدا کە ئەوە خاڵی لاوازی نییە.

_ دیاریکردنی پشتیوان. مەبەست پشتیوانی کارا بە تایبەت لەنێو خەڵكدا، نەک دڵخۆشکردن بە چوار وشەی فڵان وەزیر یان نوێنەری پارلێمانی ئورووپا.

_ قۆناغبەندی و زەمانبەندیی ئەو قۆناخانە.

_ پێشبینیی ئەگەری شکست لە قۆناغەکاندا.

_ دانانی پێگەی لێکدانەوە دوای هەر قۆناغ.

_ ئامادەکاری بۆ دوای گەییشتن بە ئاخر قۆناغ. بۆ نموونە دوای ڕووخانی ڕێژیم چ دەکەین، چۆنی ئیدارە دەکەین. یان دەوڵەتی سەربەخۆ چۆن بەڕێوە دەچێ. ئەو شتانە کە وەکوو بەرنامەی حیزبەکان نووسراوە وەڵامدەرەوەی ئەم باسە نییە.

- کەم کردنەوەی بوروکراتی نێو هێز و حێزبەکان و ئاواڵەکردنی دەرگای هاتنە گۆڕی خەلاقییەت بۆ کادرەکان و کەم کردنەوەی فەرمانی لەسەرەوە بۆ خوار.

تاکتیک:

_ لێکدانەوەی تئۆریکی ئەو تاکتیکە کە هەڵبژێردراوە.

_ مانۆڕی گۆڕینی تاکتیک.

_ ئامادەیی خەڵک و کادرەکانی نێو خەڵک بۆ بەجێ گەیاندنی تاکتیکەکان.

***

خەباتی چەکداری ڕابردوویەکی زۆر کۆنی لە مێژووی مرۆڤدا هەیە.

بەتایبەت کورد بە پێ بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکەی کە فئۆدالی/ عەشیرەتی بووە، پێشتر جگە لەم شێوە خەباتە هیچیتری نەزانیوە و نەیکردووە. بەڵام هەتا دەگەیینە سەردەمی کۆمەڵەی ژ کاف. هیچ تئۆرییەکی بۆ خەبات نەبوو. دوای ئەوەش ستراتێژی ڕوونی نەبووە و بە دووی ڕووداوەکان کەوتووە. ئێستا ئەگەر دەیەوێ ڕێگایەکی تازە هەڵبژێرێ دەبێ تئۆری و لێکدانەوەی هەبێ.

لە دەورانی مۆدێڕندا بە تایبەت لە سەدەی بیستەمدا و دوای شەڕی دووهەم کە جووڵانەوە ڕزگاریخوازەکان هاتنە ئاراوە، چەندین شێوە و تئۆری بەتاقی کراوەتەوە. ئەوانەی کە لەگەڵ هەلومەرجی وڵاتەکە ڕێککەوتوون، سەرکەوتنی بەدەست هێناوە و ئەوانی دیکە شکستیان هێناوە. بۆ نموونە گەمارۆی شارەکان لە ڕێگای دێهاتەوە کە تێزی مائۆ بوو لە چین سەرکەوت. بەڵام لە زوفار سەرنەکەوت. شۆڕش بۆ شۆڕش لە کوبا سەرکەوت و لە ئێران شکستی هێنا و...

من پێم وایە تئۆرییەکانی خەباتی چەکداری ساڵەکانی ٥٠(چریکە فیداییەکانی گەل( لە ئێراندا دەبێ زۆر بە وردی چاوی پێدا بخشێندرێتەوە. گومانم لەوە هەیە کە بانگەوازکەرانی ڕاسان ئەو کارەیان کردبێ و هۆی شکستەکەیان بە وردی لێکدابێتەوە. بۆ نموونە زۆر دەگوترێ و دەگوترێتەوە و تەنانەت شێعری پێدا هەڵدەڵێن کە ئەمە گرێدانی خەباتی شاخ و شارە. ئەم تئۆرییە یەکێک لەو تئۆرییانە بوو کە ئەوکات لەنێو فیداییەکاندا هەبوو و هەر بەوە دەستیان پێکرد. ڕووداوی سیاهکەل کە ڕاست وەکوو ڕووداوی سەرەتای ڕاسان لە یەکەم هەنگاودا زەربەی کاریی لێکەوت(ئەو ڕێگای لێگرتن . دوایە دوو تئۆریی دیکە کەوتە بەر باس. تەنیا لە شاخ یان تەنیا لە شار. کە ڕەوتی ڕووداوەکانی پاش سیاهکەل خۆبەخۆ تئۆریی شاری سەر خست. ئێستا بە گەورەبوونەوەی شارەکان و گرێدراویی گوندەکان بە شارەوە ئەم تئۆرییە زیاتر جێگای تێڕامانی هەیە.

تئۆری تەنیا لە شاخ نەتەنیا لە سیاهکەل بەڵکوو پێشتر لەکوردستان (گروپی ئاوارە و شریفزادە و...ساڵی ٤٦ ی هەتاوی) بە تاقی کرابووەوە و شکستی هێنابوو. تئۆری شاخ و شار لە بنەڕەتدا تێزی تۆپامارۆیە لە بێرزیل. هێزی پارتیزان لە شاخ و گوندەکان و تەشکیلاتی نهێنی لە شار.

خاڵی لاوازی ئەو جۆرە کە خۆیان دوایە لێکدانەوەیان لەسەر کرد. ئەوە بوو کە ڕێژیم هاسانتر دەستی دەڕوا پارتیزانەکانی شاخ سەرکوت بکا و خەڵکەکەیان لێ بڕەوێنێتەوە )خەڵکی جوتێر تا ماوەیەکی دیاریکراو دەتوانێ بەرەنگاری بکا. دوایە یان پشت لە هێزی چەکدار دەکا یان کۆچ دەکا( ئەمە بوو بە هۆی شکستی تۆپامارۆ. ئەم تاقیکردنەوە لە باکووری کوردستانیش لەم ئاخرانەوە کرا. پ.ک.ک/ ه. د. پ. گریلا لە شاخ و تەشکیلاتی ئاشکرا لە شار. دیتمان چۆن بە بیانووی گریلاوە ڕێکخراوی شاریان داپڵۆسی. کە وابوو ئاخر چارە تەنیا و تەنیا دەبێتە ڕێکخراوی نهێنی لە شاردا.

ئەمەش چەند مەرجی هەیە کە بە کورتی باسی دەکەم.

من پێموایە کە هەلومەرجی خەباتی ئێستا لە ئێراندا زۆر لە هەلومەرجی ساڵەکانی ٥٠ ی هەتاوی ئێران دەچێ. ڕێژیمێکی سەرەڕۆی بێ بەزەیی، و حاکم بەسەر هەموو شتێکدا. دێهاتی نائەمن بۆ خەبات، خەڵکێک ترسێندراو و لە هەمان کاتدا لاوانی زۆری ئامادەی خەبات. جیاوازییەکە لەوەدایە کە ئێستا خەڵک زۆر لەوکات ناڕازیترن. و حکومەت شوێنی لێدانی زۆرترە. ئەمە ئەو جێ پێیەیە کە دەبێ جووڵانەوە کاری بۆ بکا. کاری تەشکیلاتیی چڕ، هەتا ئەو خەڵکە دەگەنە ئەو ئاستە کە بڵێن:
نەتەنیا ئەم ڕێژیمە دەبێ بڕووخێ ،بەڵکوو ئێمە دەتوانین بیڕووخێنین. ئەوە ئەو کاتەیە کە هێزی پێشڕەو زەمینەی بۆ کاراکردنی ڕێکخراو و چەکدار کردنی خەڵک هەیە و دەتوانی بەرەو ئامانج بڕوا. هەروا کە دەستنیشانم کرد ئەمە پێویستی بە قۆناغبەندییە و ئامادەکاریی خەباتکارەکان.

هەڵەیەک کە هۆی هەموو شکستەکانە و لە هەموواندا هاوبەشە ئەوەیە کە؛ بڕیار لە لایەن چەند کەسێک یان هێزێکی نوخبەوە دەدرێ و دوایە دەیانەوێ خەڵک لە دوویان بکەوێ (لە سەرەوە بۆ خوارەوە). لەباتی ئەوە کە بیانەوێ خەڵک بە دوی خۆیاندا بکێشن، دەبێ ئەوان پشتیوانی خەڵک بن. (لە خوارەوە بۆ سەرەوە( خەڵکیش ئەوانە نین کە لە دەوروبەری خۆیانن. دەنا جگە لە شکست هیچ بەرهەمێکی نابێ. زۆر جاریش ئەو کات کە خەڵک دەجووڵێ ئەوان ئامادەییان نییە و جووڵانەوەکە سەرکوت دەکرێ. ئەوانیش تەنیا ئەوەیان بۆ دەمێنێتەوە کە باسی پاڵەوانیی خەڵک و بێ بەزەیی بوونی دەسەڵات بکەن، و ئەمەش هیچی لێی شین نابێ.

چاوێک بە ڕابردوودا بخشێنین نموونەی زۆر دەبینین. ئەوانەی بیر لە خەباتی چەکداری نوێ لە کوردستان دەکەنەوە، لە باتی وەڵامدانەوەی تەبلێغی وەکوو ئەوە کە تا ئێستا لە وەڵامی پرسیارەکاندا بیستومانە. بیری ڕاستەقینە لە کێشەکە بکەنەوە. و بیرەکانیان لەگەڵ خەڵک بەش بکەن)ڕەخنەی تئۆریک ئەو کاتە دەگیرێ کە تئورییەک بۆ ڕاسان لەبەردەستدا بێ(... کوڕی خەڵک گیای بەهار نییە بۆ زیادکردنی ئاماری شەهیدان بە کوشتی بدەن. دەبێ دەستکەوتەکان بە ڕوونی دیار بن. من نازانم ڕەنگە بۆ خۆیان دیار بێ، بەڵام ئەگەر دەیانەوێ خەڵکیان لەگەڵ بێ، ئەوە دەبێ ئەوانیش بیزانن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.