• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢٢ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٠١ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی  

راهێنەری (Coaching) - بەشی دووەم

زایینی: ٠٤-٠٤-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠١/١٥ - ١٠:٥٦ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
راهێنەری (Coaching) - بەشی دووەم
مەنسوور عەزیزی

گەر ئەو ڕیزبەندییە پێچەوانە بکەینەوە، مۆدێلێک وەدەست دێ کە لەسەر بناغەی ڕێکوپێکییەکی سەرکەوتووانە دادەڕێژرێ:

متمانە و کراوەیی، وەڵامدانەوە و دیالۆگی بە بەرهەم دروست دەکات.

ئەمەش وا دەکات کێشەکان و هاوڕانەبوونەکان نەشاردرێنەوە و بە زوویی چارەسەر بکرێن. ئەمە هەروەها وا دەکات کەسەکان خۆیان بە هاوبەش بزانن لە کارە هەرەوەزییەکاندا ولێرەدایە کە لە بەرانبەر کارەکاندا خۆیان بە خاوەندار و بەرپرسیار دەزانن و هەوڵ دەدەن ڕێکخراوەکەیان ئەو ئامانجە بپێکێ کە هەوڵی بۆ دەدا.

کاتێک ڕێوشوێنی گەیشتن بە ئامانج دیار بێ، ئەوکات لێپرسینەوەش هەیە و ئاکامەکان هەڵدەسەنگێندرێن و ئەوەش دیاری دەکرێ کە تا چەندە بەو ئامانجە گەیشتوون کە مەبەست بووە. لە وەها حاڵەتێکدایە کە هەموو سەرنجەکان دەخرێنە سەر سەرکەوتنی ڕێکخراوەکە نەک دەستکەوتی تاکی.

ئامانج دەبێ بە شێوەی کاتی داڕێژرابێ، بە شێوەیەک بێ کە کاتێ کەسێک بە باشترین شێوە کار دەکات بۆ تیمەکە، بتوانێ حەز و پێویستییەکانی خۆشی دابین بکات.

ئەنجامی لاواز مانای ئەوەیە کە تیمەکە زۆر بە باشی سەرنجی نەخستۆتە سەر ئەو ئامانجە. هۆکاری ئەمەش دەتوانێ ئەم خاڵانە بن: نەبوونی متمانە، هەندێک کێشە کە چارەسەر نەکراون، کەمیی هەستکردن بە بەرپرسایەتی و میهرەبانیی زیاتر لە پێویست تا ئەو ئاستەی مرۆڤ وا بیربکاتەوە کە پێویست ناکات لێپرسینەوە لە هیچکەس بکرێ.ئەم پێکهاتانە پێکەوە گرێدراون. هەربۆیە هەر ئەوەندە بەس نییە کە سەرنجت لەسەر یەک لەوان دابنرێ. هەموو ئەو بەشانە یەکدی بەهێز دەکەن و دەبنە هۆی ئەوەی شتەکان وەک ئەوەی کە پێویستە نەچنە پێش.

ئەوەش پێشبینی دەکرێ کە ئەگەر بەڕێوەبەر ڕۆڵی ڕاهێنەری بگێڕێ و خاوەن شارەزایی پێویست بێ لەو بوارەدا، دەتوانین لە زۆربەی ئەو کێشانە دوور بکەوینەوە. ڕاهێنەر پرسیار دەکات، وەڵامدانەوەی هەیە، داوای کار لە تاک دەکات و کاریگەریی لەسەر دادەنێ کە لە ئەزموونەکانی خۆی شت فێر ببێت. گەر بەڕێوەبەر نەتوانێ بەو شێوەیەی کە پێویستە، ڕاهێنەری بکات ، ئەودەم بژاردەیەکی دیکە هەیە و ئەویش ئەوەیە کە ڕاهێنەرێک لە دەرەوەی ئورگانەوە بهێنرێتە نێو کارەکانەوە.

٢.٤ دژواری و دژبەرییەکان لە هاوکاری و ڕێبەریدا:

دەبوو ڕێکخراوەکان خزمەتگوزاری ئێمە بن کەچی بوونەتە ئاغای ئێمە.
چۆن. ک. گالبرایس

یەکێک لە ناتەباییەکانی ڕێکخراو ئەوەیە کۆنترۆڵی ئەو بەشەی بکەی کە تا دێ کۆنترۆڵکردنی دژوار و دژوارتر دەبێ. دەکرێ کە بەرپرسەکان تووشی هەندێک کێشە و کارەساتی تاکی ببنەوە، وەک:

_ ڕەخنەم لەسەر ئەوە لێدەگیرێ کە درەنگ هەڵوێست دەگرم، کاتێکیش کە زوو هەڵوێست دەگرم، پێمدەڵێن کە ملهوڕم.

_ پێویستییەکی زۆرم بەوە هەیە کە هاوکارەکانم منیان خۆش بوێ.

_ لە ڕاستیدا ئەوەندە شارەزا نیم و دەوروبەرەکەم هێشتا ئەوەیان نەزانیوە.

_بەرانبەر بە هاوکارەکانم میهرەبانم و لە گەڵ خۆمدا زۆر توندم.

_من دەەمەوێ ڕێکخراوەکە پێش بخەم و هەموو شتەکان واداڕێژم کە دروست بن بۆ ئەوەی مرۆڤەکان خۆشحاڵ بن لەسەرکار، لەگەڵ ئەوەش ئەبێ بەرگەی ئەو گوشارە کورت ماوانە بگرم لە پێوەندی لەگەڵ سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکان تا ئەو ئاستەی کە بتوانم لە هەر چارەکە پرۆسەیەکدا ئەنجامەکان لەسەر هێڵە بناغەییەکان دابڕێژمەوە.

_هاوکارەکانم پێیانوایە من دێموکراتم، گوێیان بۆ دەگرم و گرنگی بەو شتانە دەدەم کە دەیڵێن، بەڵام ئەمە کاتێکی زۆری دەوێ و لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی ئێمە هەندێک ڕێکەوتنی کاریی سەرنجڕاکێش و بەکەڵک لەدەست بدەین.

_کەمیی وەفاداریی بە بڕیار:

کاتێک من بڕیارێک دەدەم، هەرکام لە هاوکارەکان واتاکەی لێکدەدەنەوە بەو شێوەیە کە ئەمە دەبێتە زەنگێک بۆ دەستپێکردنی باس و وتووێژی زیاتر.

_ چۆن بتوانم ئاماژە بدەم بە هەڵە و کەموکۆڕيی هاوکارەکانم و هاوکات پەرە بدەم بە پێوەندییەکی باش و بەهێزکردنی ئەو پێوەندییە لەگەڵ ئەواندا؟

گەر مرۆڤ بەسترایەوە بەو دژوارییانەوە، ئەودەم دەبێ هەوڵ بدات بیانناسێ و پاشان ڕێگەچارەیەک ببینێتەوە. گەر بەرپرسی کۆرسەکە ئەم شێوە بیرکردنەوەیەی لە لا ڕوون نەبوو لە نێو بەشدارانی کۆرسەکە، ئەگەری ئەوە زۆرە کە وەها کۆرسێکی کڵێشەیی نەتوانێ کاریگەرییەکی ئەوتۆ دروست بکات.

لە وەها حاڵەتێکدا ڕوون نییە کە ئایا بەرپرس ئاگاداری ئەو دژوارییانەیە کە لە پێشن و ئایا دەتوانێ ڕوونیان بکاتەوە؟ وەها کارەساتێک دەتوانێ دروستکردنەوە بێ.

بۆ نموونە بەرپرسەکە بەشداریی کردووە لە کۆرسێکی پێشخستنی بەرپرسەکان یان نوێنەرایەتیکردن.

ئەمە هیچ دەستکەوتێکی ئەرێنی نەبووە و بەرپرسەکەش بێ هیوا بووە و لە ئاکامدا دان دەنێت بەم خاڵانەدا: من ناتوانم خۆم بگۆڕم، کۆرسی بارهێنانی بەرپرس هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنیی نییە بۆ من و نوێنەرایەتیکردن هیچ کەڵکی نییە. من ئەبێ لەهەر حاڵدا خۆم کارەکانم بکەم و ئەمەش لەوانەیە جێگەی ڕەزامەندی نەبێ. چیدی نامەوێ بەشداری بکەم لە کۆرسی بارهێنانی بەرپرس و نوێنەرایەتی. بارودۆخێکی تەواو تایبەت دیاری دەکرێ و بۆ هەموو قۆناغەکان کەڵکی لێوەردەگیرێ تا ئەو ئاستەی کە ڕێبەرەکە شتەکان گشتی دەکاتەوە و پێویست ناکات هیچ ڕونکردنەوەیەکی لەسەر خۆی هەبێ. بەکارهێنانی ڕاهێنەری دەتوانێ زۆر باش بێ بۆ ئەو ڕێبەرە بۆ ئەوەی باشتر دان بنێ بە شتەکاندا و باشتر کێشەکان چارەسەر بکات.

یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان بۆ سەرۆکەکان، هاوکاری خاوەن زانیاری و بە توانایە. پێشتر، بوونی دەسەڵات بە سەر بازاڕی ماڵ و شیرکەت و ناوەندەکانی بەرهەمهێناندا، بناغەی دەوڵەمەندی بوو. خاوەندارەتیی تاکە کەسی بەسەر ناوەندەکانی دروستکردن و بەرهەمهێنان، ناوەندی سەرەکیی سەرمایەداری بوو (لێستر تورو ١٩٩٩). کرێکارەکان بە تەواوی هەڵواسراوی خاوەن کارەکان بوون و سەرۆکەکە هەموو دەسەڵاتەکانی لە لا بوو.

ئەمڕۆ گرنگترین فاکت ئەوەیە کۆنترۆڵت هەبێ بەسەر زانیارییەکاندا ( گۆڵد سمیتس م.ف.ل ٢٠٠٠)

کەوایە کرێکارەکان یان بڵێین باشترینەکانی ئەوان، لە جێگەیەکی ئامادەی دەسەڵاتدان. کارگەکە بەوانەوە بەستراوەتەوە، لە کاتێکدا ئەوان زۆر ئاسان دەتوانن بچن بەرەو لای ڕکابەرەکانی دیکە گەر خۆیان بیانەوێ. کرێکارە ئاگاکان خۆیان بە باشی ئەمە دەزانن. ئەمەش وا دەکات ڕێکخراوەکان ساناتر زیانیان بەرکەوێت و ئەیانهێنێتە سەر ئەو باوەڕەی کە بیری نوێتر بهێننەوە کایە بۆ ئەوەی زیاتر پێش بکەون و لە هەوڵی بارهێنانی سەرۆکی نوێتر بن بۆ نەوەی نوێتر.

ئەوەی کە کارگەکان ئەوە دەزانن چیدی بەرپرسەکان نەبەستراونەتەوە بە ئابوورییەوە و دەتوانن وازبێنن لە کارەکانیشیان پێش لەوەی کە خانەنشینیش بکرێن_ بۆ ئەوەی چێژ لە ژیانیان وەرگرن لە کاتێکدا کە بواری تەندروستییان باشە_ کاری ئەوان ئاسانتر ناکات.

پارە و دانی پاداشتی ماڵی چیدی بەس نین بۆ ئەوەی کرێکارە زۆر باشەکان ڕازی بکەی. پارە وەک یەکێک لە ئامرازەکانی دانی ئەنگیزەیە بەڵام گرنگترینیان نییە، بە تایبەتی کاتێک کەسێک پێشوەخت پارەی زۆری هەبێ. ئەوپێشکەوتنە تکنیکییە بە خێراییەکی زۆر دەچێتە پێش و تیکنولۆژی زیاتر کڕیاری بۆ پەیدا دەبێ لە ساڵانی داهاتوودا. بۆ زۆربەی کرێکارەکان گەورەترین کێشە ئەوەیە کە بە شێوەیەکی بڕوانامەیی بچیتە پێش و ئیدی هەر ئەوەندە بەس نییە کە ساڵانێک ئەزموونت لە بەشێکی تایبەتدا پەیدا کردبێ و ئەمە بە تەنیایی زەمانەتی ئەوەت بۆ ناکات کە لە بەشێکی تایبەتدا سەرکەوتنی زیاتر بەدەست بێنی. زۆر جار لەوانەیە هاوکارێکت بیەوێ لە ڕێکخراوێکی دیکەدا کە داهاتی زیاتر و زانیاریی زیاتری دەدەنێ و بە شێوەی پیشەیی و کۆمەڵایەتی کاری دەدەنێ، کار بکات.

لە جیهانی ڕۆژئاوادائێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە دەوڵەمەندی زیاد بووە و هاوکاری شارەزاش زۆرن. زۆربەی زۆری کەسە شارەزاکانی نێو کارگەکان، وەک ڕۆڵگێڕی ئازاد چاو لە خۆیان دەکەن کە پێیانوانییە زیاتر لەوەی کە بۆ خۆیان ئەگونجێ، لە بەرانبەر ئورگاندا ئەرکدار بن. کاکڵە خۆشەی ئەم قسەیە ئەوەیە کە نیوەی داهاتەکە دوانیوەروان دەچێتەوە ماڵەوە و خاوەن کاریش دڵنیا نییە کە ئایا ئەوان سبەینێ دێنە سەر کار یان نە. بەرپرس دەبێ کارێک بکات ئەو کەسانە هەست بکەن کە لەو شیرکەتەدا شەریکن و پێویستییەکانی خۆیان بتوانن دابین بکەن و دڵنیاییان هەبێ بۆ ئەوەی بتوانن بمێننەوە. ئەم باسەش بە پێی لێکۆڵینەوەیەکی( “ئاندرسن کۆنسولتینگ و مارشال گۆڵدسمیتس ١٩٩٩) کە وتووێژیان لەگەڵ ٢٠٠٠ لە باشترین هاوکارەکان لە ١٢٠ ڕێکخراوی پێشکەوتووی دونیا کردووە، سەلمێنراوە. تاک زیاتر وەک کارگەی یەک کەسی کاری کردووە نەک وەک بەشێکی بچووک لە چەرخێکی ئورگانی. ئەمەش بەو مانایەیە کە بەرپرسەکان دەبێ بە باشی بیر بکەنەوە لەسەر ئەوەی کە چ شتێک ئەنگیزە دەدات بە هاوکارەکان و بەم هۆیەشەوە بەرپرس کارێکی دیکەی بۆ دروست دەبێ. ڕۆڵی بەرپرس دەبێ لە ئاستێکی بەرچاودا ڕۆڵی ڕاهێنەرێک بێ.

٢.٥ پەروەردەی منداڵان و پەروەردەی گەورەساڵان:

گەر بگەڕێینەوە بۆ دوو تا سێ هەزار ساڵ پێشتر، دەبینین کە لەو سەردەمەشدا لەو مێتۆدانەی کە ئەمڕۆ کەڵکیان لێوەردەگیرێ بۆ بارهێنانی بەرپرس، کەڵک وەرگیراوە.

هەموو ئەو فیلسۆفە گەورانەی سەردەمانی زوو هەوڵی فێرکاریی گەورە ساڵانیان داوە. ئەوەش خۆی لە خانەی پرسیارکردنی بیرمەندانە، یان هەوڵدان بۆ ناسینی ناخ و ناسینی زانستی بەڕێوە دەچوو کە مامۆستا و قوتابی پێکەوە ڕۆڵیان هەبوو و تێیدا چالاک بوون. ئەو میتۆدانەی بە کاریان دەهێنا جیاواز بوون:

میتۆدی کەیسی: کەسێک ( بەرپرسی گوروپەکە) داستانێکی هاوشێوە یان وێنایەکی تەعریف دەکرد. پاش ئەوە هەموو ئەندامانی گوروپەکە لێکدانەوەیان بۆ ئەو چیرۆکە دەکرد و بە دوای ئاکام یان ڕێگە چارەوە دەبوون بۆ بابەتەکان. “کۆنفۆسیۆس و لائۆ تسە لە گەڵ پێغەمبەرانی سەردەمانی ئەنتیک لە میتۆدی کەیس کەڵکیان وەرگرتووە.

دیالۆگی سوقراتی: بەرپرسی گوروپ یان ئەندامی گوروپ پرسیارێکی ئەخلاقی یان باسێکی دژواری مەتەڵ ئاسا دێنێتە پێش کە لەودا هەموو ئەندامانی گوروپەکە هەوڵ دەدەن وەڵامێک یان ڕێگەچارەیەکی بۆ ببیننەوە. فیلسوفە یۆنانییەکان _بە تایبەت سوقرات_ کەڵکیان لەو میتۆدە وەردەگرت.

میتۆدی ڕوبەڕوبوونەوە: بەرپرسی گوروپ بابەتێکی وروژێنەر دێنێتە ئاراوە.
ئەم وروژانە دژواری و دژکردەوەی بە زۆر لە لای ئەندامانی گوروپەکە دێنێتە ئاراوە. لێرەدایە کە ئەندامانی گوروپەکە ناچارن ڕای خۆیان دەربڕن لەسەر بابەتەکە و بەرگریشی لێبکەن.ئەم میتۆدەش زۆر جار لە لایەن بیرمەندە ڕۆمییەکانەوە کەڵکی لێوەرگیراوە. هەموو ئەو میتۆدانە فۆرمێکی زۆر چالاکیان بۆ فێربوون تێدایە. مەودای نێوان دانوستان و بڕیاردان کۆتایە، لەبەر ئەوەی مرۆڤ شارەزای دۆزینەوەی ڕێگەچارەیە.

نزیکەی ٦٠٠ ساڵ پاش زایین، پەروەردەی کاتی واتایەکی نەرێنیی بەخۆیەوە گرت. باری ئەم ڕوداوە تا هەنووکەش بە شێوەیەک لە شێوەکان لەسەر بواری پەروەردە هەر ماوە و لەوانەیە هەندێک کاریگەریی ئەمەش بێ کە وای کردووە بواری فێرکاریی بەرپرسان وەک ئەوەی کە پێویستە باش نەبووە ونەچۆتە پێش. ئێمە بە وردی سەرنج دەخەینە سەر جیاوازیی نێوان بواری پەروەردەو فێرکردنی منداڵان و گەورەساڵان.

پەروەردە”پێداگوگیک”: هونەر و زانیاری بۆ ڕێبەریکردنی منداڵ لە پێناو فێربووندا.

لە سەردەمانی زوودا بارهێنەر کەسێکی وەک کۆیلەیەک بوو کە لە ڕێگەی هاتوچۆی منداڵان بۆ قوتابخانە و هەروەها لە کاری نێوماڵدا ڕێنوێنی و هاوکاریی دەکردن ( ووشەنامەی گەورەی ئاوشینهەوگ و گلیدن دالسی نورویژی ١٩٨١).

پەروەردە بە واتای فێربوون لە بواری چۆنیەتیی بارهێنان و وانەگوتنەوە، پێناسە کراوە.ووشەی

لەو پێوەندییەدا قورسایی تایبەت خراوەتە سەر پێوابوونی ئامانج و ئامرازەکانی گەیشتن بەو ئامانجە لە قۆناغی بارهێنان و وانە گووتنەوە بە منداڵان( ئاشنهاوگ و گیلدن دالس لە گەورە ووشەنامەی نورویژی ١٩٨١).

ووشەی “پێداگوگیک” لە ووشەی یونانیی “پەید”کە مانای منداڵ دەدات و هەروەها ووشەی “ئاگوگویس”کە مانای بەرپرس یان بەڕێوەبەری ، دەدات.

“پیداگوگیک”یان پەروەردە یان ڕێبەریکردنی منداڵ، وەرگێڕانی ئازاد، هونەر و زانست و بەڕێوەبەریی منداڵ و وانەگووتنەوە بەوان، لە خۆ دەگرێ. ئەو کەسەی کە ئەم کارانەی دەکرد پێیان دەگووت بارهێنەر یان “پێداگوگ”.

لە سەدەی ١٧ هەمدا لە ئوروپا هەندێک قوتابخانەی دیاریکراوی کلیسایی دروست بوون ( قوتابخانەی کاتادراڵ) کە تایبەت درابوون بە بارهێنانی کوڕانی لاو بۆ خزمەتگوزاریی جیاوازی دینی. ئەو کوڕە لاوانە کە باریان دەهێنان بۆ ئەنجامی ئەو ئەرکانە پێیان دەگووتن: “سمیناریستر”یان سمیناروان.

بارهێنانی ئەو لاوانە پێش هەر شتێک باوەڕەکانی کلیسا و بەرنامە و بۆنە ئائینییەکان و هەموو ئەو شتانەی کە تایبەت بوون بە بواری دروستی فێربوون بە لای ئەوانەوە، لە خۆی دەگرت.

مامۆستا شێوەیەکی تایبەتی فێرکاری یان وانەگووتنەوەی بەکار دەبرد کە پێیان دەگووت “پێداگوگیک”واتە هونەر و زانستی وانگووتنەوە بە منداڵان. ئەم شێوە وانەگووتنەوەیەش لەسەر سێ بناغەی پێوابوون، لە پێوەندی لەگەڵ فێربوون ،دانرابوو:

_ منداڵ پێڕەوی مامۆستاکەیەتی و دەبێ تەنیا ئەو کاە بکات کە مامۆستاکەی پێی دەڵێ.

_ پێویستە منداڵ ئەو زانیارییانەی فێربکرێ کە لە لایەن مامۆستا یان ناوەندەکانی سەرەوەترەوە بۆی دیاری کراون.

_ منداڵ لە ڕێگەی فێرکاریی یەک لایەنەوە بار دێ کە ئەویش ئاوایە کە ئەوە تەنیا مامۆستایە دیاری دەکات چی هەڵەیە و چی دروستە.

ئەو پێوابوونانەی سەرەوە نیشان دەدەن کە مامۆستا فەرمانی بەدەستەوەیە و لە سەر هەموو ئەو شتانەی پێوەندییان بە فێربوونەوە هەیە، ئەوە هەر ئەوە کە بڕیار دەدات.

ئەم مۆدێلە تا ئەمڕۆشی لەگەڵ بێ پێکهێنەری هەندێک لە بناغەکانی بارهێنانی بەرپرسە لە سەردەمی ئێمەشدا. بە واتایەکی دیکە بارهێنانی کوڕانی لاو لە قوتابخانەکانی تایبەت بە “صومعە” تا ئاستێک پێکهێنەری بناغەی بارهێنانی بەڕێوەبەرانی گەورەساڵن لەمڕۆدا.

“پێداگوگیک”لەسەر چەند بناغەیەکی پێوابوونە کە بە شیوەیەکی قوڵتر ئەو سێ خاڵە زیاتر شی دەکەنەوە کە لە سەرەوە باسمان کردن ( فریت پاش نۆلێس م.ف.ل ١٩٩٨).

١.مەبەست لە فێربوون:

قوتابی تەنیا ئەوەندە پێویستە بزانێ کە ئەوان ئەبێ لەوەی مامۆستا ئەیڵێ، فێر ببن گەر دەیانەوێ قەبووڵ بن لە تاقیکردنەوەکاندا. ئەوان پێویست ناکات بزانن کە بۆ ئەو شتانە فێر دەبن. ئەوان هەروەها پێویست ناکات بزانن کە فێربوون چەندە دەتوانێ کاریگەر بێ لەسەر ئەوەی ئەوان ژیانێکی باش بژین. مەبەستەکە تەنیا ئەوەیە کە ڕێکخراوەکە یان کۆمەڵگە، ڕازی بکرێن. مەبەست لە فێرکردنەکە ئەوە نییە کە حەزەکان یان پێویستییەکانی خودی قوتابی دابین بکرێن.

٢. سەرچاوە بۆ فێربوون:

ئەزموونی تایبەتیی قوتابی گرنگییەکی زۆری نییە وەک سەرچاوەیەک بۆ فێربوون. ئەوەی کە گرنگیی هەیە ئەزموونی مامۆستایە و ئەوەی لە پەرتووکی فێرکاریدا هاتووە و هەروەها ئەوەی کە وەک <<فێربوونی دروست>> دیاری کراوە. لێرەدا قوتابی وەک لاپەڕەیەکی نەنووسراو یان وەک شووشەیەکی خاڵی پێناسە کراوە کە ئەبێ پڕ بکرێ لە فێربوون. هەر لە بەر ئەوەیە ئەگەر ئەو شتانەی فێری دەبن، دژایەتیی هەبێ لەگەڵ ئەزموونەکانی خودی قوتابی، ئەوە ئەو ئەزموونانەی پێشوو دەبێ لە لایەن قوتابییەوە وازیان لێبهێنرێ و دەبێ قوتابی دیسان فێربوونەوەیەکی خێرا بکات و هەموو ئەو ئەزموون و فێربوونانەی کە پێچەوانەی فێربوونی نوێیەتی، پاک بکاتەوە.

٣. کاتبەندی:

مامۆستایە کە کاتی فێرکاری دیاری دەکات.قوتابی دەبێ وەرگری بڕیارەکانی مامۆستا بێ و تەنیا ئەوە فێر بێ کە مامۆستا ئەیڵێ و ئەویش لە کاتێکدا کە مامۆستا ئامادەیە. ئەوەی کە لەو کاتەدا قوتابی ئەنگیزەی فێربوونی هەیە یان نە، گرنگییەکی تایبەتی نییە.

٤. میتۆد یان شێوەی فێربوون:

پرۆسەی فێربوون دسیپلینێکی تکنیکی بڕوانامەیی تەواو خاوێنە. فێربوون ڕاست ئەوەیە کە نێوەڕۆکی بڕوانامەیی وەدەست بێ. لێرەدا ئەوەی کە شتەکان دەزانێ واتە مامۆستا، ئەوی دیکە فێر دەکات و زانیارییەکانی پێدەدات، واتە قوتابی. پرۆسەی فێرکاری لەسەر بناغەی ئەوە دادەنرێ کە پێی دەڵێن لۆژیکی زانیاری. ئەوەش ئەوە لەربەر دەگرێ کە << میتۆدی فێرکاریی دیاریکراو>> جێبەجێ بکەی.

هەربۆیە نێوەڕۆکی میتۆدی فێرکاری تکنیکە بڵاوکراوەکانی وەک پێشکەشکردنی باس، وانەگووتنەوەی سەر تەختە و وانە سەرەکییە دیاریکراوەکانی ئەو قۆناغەن.

٥. ئەنگیزەپێدان:

قوتابی لە ڕێی فاکتۆری ئەنگێزەپیدانەوە، ئەنگێزەی پێدەدرێ. بۆ نموونە، نمرە گرتن و هاندانی مامۆستا، چاوەڕوانیی دایک و باوک لە منداڵەکەیان کە لە تاقیکردنەوەکاندا دەرچێ و پلەی باش و جێی ڕێز بەدەست بهێنێ.ئەنگیزەی ناخی کە هاندانی سروشتیشی پێدەڵێن، وەک حەزی فێربوون، واتا، هەستی توانینی ئەنجامدانی شتەکان، هەستی کۆنترۆڵ و پێشخستنی هاوڕێیەتی، ئەمانە دانیان پێدا نانرێ.

٦. خۆوێناکردنی قوتابی:

قوتابی خۆی ئاوا وێنا دەکات کە بەستراوەتەوە بە مامۆستاکەیەوە و لە ژێرخانی بڕیارەکانی ئەودایە. ئەمەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە مامۆستاش قوتابی بە هەڵواسراوی خۆی دەزانێ و پێی وایە قوتابی ئەبێ لە ژێرخانەی بڕیارەکانیدا بێ. قوتابی بۆ ئەوەی فێر ببێ پێویستیی بە مامۆستا هەیە، قوتابی بە تەنیا خۆی ناتوانێ فێر ببێ.

نێوەڕۆکی ئەم میتۆدە ئەوەیە کە مامۆستا کۆنترۆڵی هەموو شتێکی لەدەستدایە وقوتابیش ئازادییەکی کەمی هەیە. ئەم شێوەیە دەتوانێ تایبەت و گونجاوی هەندێک زانستی وەک بیرکاری، فیزیک و بیۆلۆژی بێت.

لێرەدا بە ڕوونی مامۆستا ڕوانگەی درێژخایەنتری لە قوتابی هەیە لە چوارچێوەی فیرکارییە دیاریکراوەکاندا. ئەوەی کە دەگەڕێتەوە سەر بارهێنانی بەرپرس وتیمەکان، بارودۆخێکی دیکە و شتێکی دیکەی تەواو جیاوازە.

بارهێنانێک کە بناغەکەی لەسەر ئەم شێوە فێرکارییە دانرابێ، گونجاو نییە. “پێداگوگیک”پێی وایە لەسەر بناغەی هاندان و تەشویق لە لایەک و وەڵامدانەوە بەو تەشویقە لە لایەن قوتابییەوە، بناغەکانی فێرکاری دابنرێ کە لەودا مامۆستا کەمتر دەست دەخاتە نێو کاروباری تایبەت بە قوتابییەوە.
قوتابی وەک بەستەیەکی ڕەش دادەنرێ کە دەتوانری دەستکاری بکرێ. ئامانجەکە ئەوەیە کە خۆراکی زانستیی دروست بدرێ بە قوتابی.

“ئاندراگوگیک”:هونەر و زانستی ڕێبەریکردن و بارهێنانی گەورە ساڵان
بە پێی گەورە ووشەنامەی نورویژی ساڵی ١٩٨١ ی ئاشن هاوگ و گیلدن داڵس، “ئاندراگوگیک”واتە ڕێبەریکردن و بارهێنانی گەورە ساڵان.

ئاندراگوگیک هەروەها دەتوانرێ بە هەر چالاکییەک بگوترێ کە ئامانجەکەی ئەوە بێ، ئاڵوگۆڕێک لە شێوەی بیرکردنەوە، بوونایەتی و شێوەی فێربوونی گەورەساڵاندا دروست بکات.

ئاڵوگۆرەکان ئیرادەیان لەسەر دەکرێ و بە شێوەی دڵخواز و لە لایەن کەسێکی پسپۆڕەوە یان مامۆستایەکەوە، ڕێبەری دەکرێن.

ئاندراگوگیک لە سەر هەندێک پێوابوونی دیکە خشتەکانی دادەنرێ جگە لەوەی کە لە بەشی تایبەت بە پێداگوگیک باسیان لێوە کراوە. (“فریت، پاش نۆلس م.ف.ل ١٩٩٨).

١.زانیاری لەگەڵ فێربووندا:

گەورە ساڵان پێویستییان بەوە هەیە بزانن بۆ ئەبێ شتێک فێر بن. ئەوان کاتێک دەیانەوێ شتێک فێر بن، بیر لەوە دەکەنەوە کە چی دەستیان ئەکەوێ لە فێربوونی ئەو شتە نوێیەدا. هاوکات بیر لە لایەنە زیانبار و کاردانەوە نەرێنییەکانی هەوڵنەدان بۆ فێربوونی شتە نوێیەکانیش دەکەنەوە. (تۆف ١٩٧٩).

ئەرکی مامۆستاش ئەوەیە بزانێ کەم هاندان و دەستکەوت، دەتوانێ سەرنجی قوتابییانی گەورەساڵ ڕابکێشێ. ئەمانەش دەتوانن هەندێک فاکت بن بە قازانجی پیشەکە، بردنە سەری پلەی باشیی ژیان یان دانی هەندێک ڕاوێژ بە بەشداران لەپێوەندی لەگەڵ ئەو دژوارییانەی لەسەر ڕێگەیانە.

ئەو تکنیکانەی کە پێویستە بەشداران کەڵکیان لێوەرگرن بۆ تێگەیشتن لە مەبەستی فێربوون، لە تەمرین کردن و وتووێژ پێکدێن کە تاک لەواندا جیاوازیی نێوان بارودۆخی ئێستای و قۆناغێک کە دەیەوێ پێی بگات و چی بکات بۆ ئەوەی بەو قۆناغە بگات، دەبینێ.

٢.سەرچاوە بۆ فێربوون:

ئەزموون و ڕووداوەکان، دوو سەرچاوی گرنگن لە لای گەورەساڵان بۆ فێربوون. کەسێکی گەورە ساڵ ئەزموونی ژیان و کاری هەیە کە دەکرێ لە تەمرین کردندا کەڵکیان لێوەرگیرێ. زۆر جار بە شێوەی کاتی ، ئەو ئەزموونانە کەڵکیان لیوەرناگیرێت. مرۆڤەکان پێویستییان بە کات هەیە بۆ ئەوەی ڕەنگدانەوەی خۆیی یان زاتی دروست بکەن بەو شێوەیەی کە ئەزموونەکان بکرێن بە سیستم لە پێناو دواتر ناسینیان و قسەکردن لە سەریان.

پێویستە زانیاری بەسەر بەشداراندا دابەش بکرێ و ئەو ئەزموونانەی لە نێو گوروپێکدا هەیە، ئەبێ کەڵکیان لێوەرگیرێت.

گەر گوروپەکە یەکدەست نییە و جیاوازییەکی بەربڵاو هەیە لە پێوەندی لەگەڵ تەمەن، خوێندەواری، پێگە، ڕەگەز و ...هتد، لەوانەیە ئەزموونێکی زۆری تێدا بڵاو بکرێتەوە.

لەوانەیە دابونەریت و بیرۆکە پەرەگرتووەکان بە شێوەیەک لە شێوەکان پێش بە فێربوون بگرن و ئەندامانی گوروپەکە لەوانەیە متمانە و باوەڕ بە یەکدی بوون و کراوەییان لەگەل یەکدی نەبێ.

گەورەساڵان زیاتر بە کار و ئەزموونە کارییەکانیان، خۆیان پێناسە دەکەن. ئەمەش بە مانای ئەوەیە کە ئەگەر ئەزموونی کاریی گەورەساڵێک بە کەم چاوی لێبکرێ، بە لای ئەوەوە وایە کە خودی ئەو کەسە بەکەم چاوی لێکراوە. هەربۆیە ئەو بەربەستانەی کە دەتوانن پێش بە فێربوون بگرن، ئەبێ هەڵگیرێن و کاریان لەسەر بکرێ.

٣.کاتبەندی: خاڵی کاتی فێربوون

گەورەساڵان لە کاتێکدا کە پێیانوایە پێویستە، هەوڵ دەدەن زانیاریی نوێتر فێر ببن و توانایی و شارەزاییەکانی خۆیان زیاتر بکەن. ئەمەش مانای ئەوەیە کە ئەوان لە قۆناغێکی تایبەتیی ژیان یان لە بارودۆخێکی تایبەتدان و ئەوەی کە لەو قۆناغەدا فێری دەبن، پێوەندیدار و گرنگە.

کاتبەندی ووشەیەکی کلیلییە. فێربوونەکە تایبەتە بە کاتی گۆڕینەوەی قۆناغێکی ژیان بۆ قۆناغێکی دیکە یان گۆڕینەوەی کار لە کارێکەوە بۆ کارێکی دیکە. بۆ نموونە، لەوانەیە کەسێک وەک بەرپرس لە جێیەک دەست بە کار بێ یان ئەوەی ببێتە بەرپرسی بەشێکی گەورە کە کۆمەڵێک بەرپرسی دیکەی تیدایە و ئەوانیش لەو بەشەدا کار دەکەن.

تکنیکی پێویست بۆ فیربوون، دانپێدانانە بەو قۆناغەی کە خودی تاکی تێدایە، کەڵکوەرگرتنە لە ڕۆڵگێڕان، ناسینی هەڕەشە و دەرفەتەکان لە بارودۆخە جیاجیاکاندا، کێبەرکێی نێوخۆیی و کەڵکوەرگرتن لە سیستمی پاداش و هاندان بۆ کاری ئەرێنی.

٤. میتۆدی فێربوون:

کاتێک باسێکی تایبەت بە فێربوونی گەورەساڵان هەڵینجراوی جەرگەی ڕووداوەکان و ڕاستییەکانی ژیان بن و گەورەساڵان پێی ئاشنا بن، ئەمە ئەوان خۆشحاڵ دەکا و وا دەکات کە خۆیان ڕووداوەکان شی بکەنەوە و لەو نێوانەدا هەڕەشە و دەرفەتەکانی سەر ڕێگەی خۆیان دیاری بکەن.
واتە پرۆسەی فێربوونەکەیان هەم دانی ئەرکی تاکییە بەوان و هەم لە لایەکی دیکەوە وا دەکات کە خۆشیان ڕێگەچارە ببیننەوە.

فێرکردن، وەک دانی پەند و بیرۆکە چاوی لێدەکرێ. گەورە ساڵان تا ئەو جێیەی کە پێیانوایە فێربوونی شتی نوێ یارمەتییان دەدات کاری باشتر بکەن و ببێتە هۆی خۆشتر و باشتر بوونی بواری ژیانیان، حەز دەکەن شتی نوێتر فێر بن.

٥.ئەنگیزە:

لە ڕێی فاکتە ئەنگیزە بەخشە ناخییەکانەوە( هاندانی سروشی)، گەورە ساڵان زیاتر ئەنگیزە وەردەگرن.

هەندێک فاکتی دەرەکیی وەک دەرفەتی پێشکەوتن یان مووچەی بەرزتر، دەتوانن هاندەر بن، بەڵام هەندێک ئەنگیزەی ناخیی تاک وەک حەزی خاوەن واتابوونی شتەکان، کۆنترۆڵکردنی خۆ، فێربوون، ناو و ناوبانگ و ژیانی باشتر، بەهێزترن لەوانی دیکە. هەر گەورە ساڵێک ئەتوانرێ زیاتر هان بدرێ کاتێک دەبینێ کە دەتوانێ زیاتر پێشکەوێ و زیاتر گەشە بکات.

بەڵام ئەم هەستە ئەتوانرێ لە ڕێی هەندێک ئەزموونی خراپەوە لە کاتی خوێندن لە قوتابخانە، باوەڕ بە خۆ نەبوون، کەموکۆڕیی کات یان فێرکاری _ ئەگەر بە پێچەوانەی پرنسیپەکانی فێرکاریی گەورەساڵان بێ_ بەربەستی بۆ دروست بکرێ (تۆف ١٩٧٩)

٦.زاتی خودی ئەکتەر:

گەورە ساڵان پێویستییان بەوەیە کە خۆیان بڕیار بدەن و لەو باوەڕەدان کە بتوانن بەرپرسی ژیانی خۆیان بن. ئەوان سەربەخۆن و دەتوانن چارەنووسی ژیانی خۆیان دیاری بکەن وهەروەها پێویستییەکی گرنگی دەرونییان بەوە هەیە کە ببینرێن و لە لایەن دەوروبەرەکەیانەوە دانیان پێدا بنرێ وەک ئەوەی کە هەن. ئەوان لەگەڵ ئەوەن کە کەسێک بیەوی فێریان بکات یان ڕەفتاریان بگۆڕێ کە ئەمەش ئەبێتە هۆی دروستبوونی هەندێک دژواریی بچووک لە پێوەندی لەگەڵ بەرنامەی فێرکاریی گەورەساڵاندا (نۆڵێس ١٩٩٨):

_ کاتێک گەورە ساڵان بۆ جارێکی دیکە لە پشت مێزی قوتابخانە دادەنیشنەوە، دیسان ئەو نموونە ڕەفتارییانەی پێشووی خۆیان لەو ساڵەدا دادەڕێژنەوە. ئەوان ناچالاک دەبنو چاوەرێی ئەوە دەکەن کە مامۆستاکەیان فێریان بکات. ئەوەی کە بیەوێ شتێک فێر بێت، ڕاست سەربەخۆیی خۆی لەو کاتەی فێربووندا لەدەست دەدات و هەڵواسراو و چاولەدەستی کەسێکی دیکە دەبێ.

هەستکردن بەوەی کە لە ژێر خانە و چاولەدەستی کەسێکی دیکەی، شتێکی ناخۆشە. ئەمەش بە پێچەوانەی دەرک و زانینی گەورەساڵانە.

هەربۆیە لەوانەیە ئەوان یان خۆیان بدزنەوە لە وانەگووتنەوەکان یان ئەوەی کە لە نزیکترین دەرفەتدا واز بهێنن. ئەمە دەتوانێ پاشخانی سەرەکی و ئەو هۆکارە گەورەیە بێ کە بەرپرسێک یان بەرپرسێکی باڵای پلە سەرو نەیەوێ لەگەڵ کریکارەکان یان لەگەڵ هاوکارەکانیدا بەشداری بکات لەو جۆرە خولانە. بەرپرسەکان حەز دەکەن ڕێکخراوەکەیان باشتر بکەنەوە و پێشی بخەن، بەڵام کە دەگەڕێتەوە سەر خۆیان، نە.

ئەمە بابەتێکی گرنگە بۆ ئەوانەی لەگەڵ بەرنامەی بارهێنانی گەورە ساڵاندا کار دەکەن و ئەبێ ئاگادار بن کە ئەو کێشە دەروونییە لە ناخی قوتابیی گەورەساڵدا، کایە دەکات. کێشەکە لێرەدایە کە ناتوانین بارودۆخێکی فێرکاریی وا بخوڵقێنین ئەوان هەست بکەن خۆیان کۆنترۆڵی تەواویان بەسەر هەموو شتێکیانەوە هەیە و بەڕێوەی دەبەن (نۆلێس ف.م.ل ١٩٩٨)

٤.جیاوازیی نێوان “پێداگوگیک”و “ئاندراگوگیک”:

“پێداگوگیک”ستراتیژییەکە بۆ وانەگووتنەوە بە منداڵان. شێوەکە ئاوایە مامۆستا بەرپرسی هەموو ئەو شتانەیە کە تایبەتن بە نێوەڕۆکی فێرکارییەکە، شێوەی فێرکارییەکە، کاتبەندی و هەڵسەنگاندن. ئەوەش کە فێر دەبێ، واتە قوتابی، لە ژێر خانەی بڕیارەکانی مامۆستادایە.

“ئاندراگوگیک”لەسەر هەندێک پێوابوون دانراوە کە هەندێک خاڵی گرنگی ئەو پێوابوونە ئەوەیە کە کەسی گەورەساڵ خۆی بەرپرسی فێربوونی خۆیەتی. لێرەدا ئەکتەرەکە کۆنترۆڵی هەیە بەسەر بارودۆخی خۆیدا و ئازادە لە هەڵبژاردندا.

لە بەشی بارهێنانی بەرپرسدا واپیدەچێ، “پێداگوگیک”لە ساڵەکانی داهاتوودا، کەمتر و کەمتر کەڵکی لێوەربگیرێ و لە باتی ئەوە پێکهاتەکانی “ئاندراگوگیک” زیاتر بەکار دەهێنرێن. واپێدەچێ منداڵان و لاوان باشتر فێربن ئەگەر بۆ نموونە فەزایەکی باش بۆ فێربوون دروست بکرێ کە لەبەرگری ڕێز، متمانە و ئاسایش بێ کە لەودا ئەوان هەست بکەن مامۆستا بایەخیان پێدەدات.

لە “ئاندراگوگیک”دا تاک خۆی فەرمانی کارەکانی خۆی بەدەستەوەیە لە پرۆسەی فێربووندا. لە “پیداگوگیک”دا ڕێکخراو و مامۆستا گرنگترین سنووربەندییەکانیان دەخەنە سەر پرۆسەی فێربوون.

“کەوچین”تا ئاستێکی زۆر لەسەر بناغەی بیرۆکەی “ئاندراگوگیک”دانراوە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٣ لەم ژمارەیەدا:

ــ بوومەلەرزەی سیاسی
ــ لە خەبات دژ بە ئەپارتایدەوە بۆ ڕاسان
ــ ئەمن چی بكەم، خۆتان دروستی بكەنەوە
ــ دانیشتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و چەند سەرنجێک