کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژی ١٠ی خاکەلیوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە وڵاتی سوئێد بەرز ڕاگیرا

22:31 - 15 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: سێمینارێک بە بۆنەی ٧٠ـەمین ساڵڕۆژی لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی لە شاری ڤێسترۆسی وڵاتی سۆئێد بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٢ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی، کۆمیتەکانی حیزبی دێموکرات لە شارەکانی ڤێسترۆس، ئێسکیلستۆنا و ئورێبرۆ ، بە بەشداری مامۆستا مەلا حەسەن شیوەسەڵی ئەندامی ئیفتخاریی کۆمیتەی ناوندیی حیزبی دێموکرات و هەیئەتێکی کۆمیتەی گشتی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سۆئێد بە بەشداری کاکە برا ئەلیاسی بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات و نوێنەری چەندین حیزب و لایەنی سیاسی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و کوردانی بەشەکانی دیکەی کوردستان، بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان سێمینارێکیان بەڕێوە برد.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر مۆمێک بە شێوەی نوسراوی ١٠ی خاکەلێوە لە لایەن هاوژین حوسێنی کچی شەهید سەید عومەر حوسێنی و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە سۆئێد داگیرسێندرا.

پاشان سێمینارەکە لە لایەن خاتوو خورشید ئاینفەر هاوسەری شەهید سەید عومەر حوسێنی شەهیدی ڕاسان کرایەوە.

لە بەشێكی دیکەی ئەو سێمینارەدا پەیامی هاوبەشیی کۆمیتەکانی حیزبی دێموکرات لە شارەکانی ئێسکیلستۆنا، ئورێبرۆ و ڤێسترۆس لە لایەن عەزیز مورادپەرەست بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە شاری ڤێسترۆس خوێندرایەوە.

هەروەها پەیامی هاوبەشی یەکیەتییەکانی لاوان، ژنان و کوردان لە لایەن حەبیبە بەهرامی لە ڤێسترۆس پێشکەش کرا.

لە نێوئاخنی ئەو سێمینارەدا پارچە هۆنراوەیەک بۆ ١٠ی خاکەلێوە لە لایەن عارف عەزیزی یەوە خوێندرایەوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەم سێمینارەدا حوسێن ئازەری وەک کۆڕگێر چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

ئازەری باسی له هەل‌ومەرجی دامەزرانی کۆمەڵەی ژێ کاف و دامەزرانی حیزبی دێمۆکرات و کەسایەتی پێشەوا قازی محەممەد و نەخشی بارزانییەکان و دامەزرانی کۆماری کوردستان کرد. ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی له ڕاسانی ڕۆژهەلاتی کوردستان و یەکیەتی و یەک‌دەنگ بوونی لایەنە سیاسییەکان لە سەر مەسەلە نەتەوایەتییەکان وچەندین پرسی دیکەی شرۆڤە کرد.

لە بەشێكی دیکەی ئەو سێمینارەدا محەممەد عەلی عینایەتی ئەندامی پێشووی کۆمیتەی ناوندیی حیزبی دێموکرات، وەک یەکێک لە کۆڕگێرانی سێمینار باسی لە کەسایەتی بەرزی پێشەوا قازی محەممەد و ڕێبەرانی شەهیدی حیزبی دێموکرات کرد؛ عینایەتی لە درێژەی قسەکانیدا باسی ڕاسانی ڕۆژهەلاتی کوردستانی کرد و داوای کرد کە هەموو لایەک پشتگیری ڕاسان بکەن بۆ سەرکەوتنی و مەسەلەی فیداکاری پێشمەرگەکانی حیزب و شەهیدانی ڕاسانی هێنایە بەرباس و وتی ئەو خەباتگێڕانە توانییان بەهۆی لێبڕاوییان دورگەی ئارامی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئیران وەلەرزە بێنن.

لە بەشێکی دیکەی ئەو سیمینارەدا ناوی دەیان بنەماڵەی شەهید خوێندرانەوە کە بەشداری ئەو سێمینارە بوون، کە لە لایەن بەرپرسی هەر سێ کۆمیتەی پێکهێنەری سێمینارەکە عەزیز مورادپەرەست، حەبیب بەهرامی، محیەدین خشمانی شاخە گوڵی ڕێز و وەفایان پێشکەش بە بنەماڵەی شەهیدان کرد کە لە سێ بەشی کوردستان پێک هاتبوون.

هەر لە درێژەی ئەو بەشەدا مامۆستا مەلا حەسەن شیوەسەڵی ئەندامی ئیفتخاریی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب، بە چەند وتەی بەنرخ بۆ بەشداران دوا کە لەگەڵ پێشوازی گەرمی بەشداربووان بەرەوڕوو بوو.

کۆتایی سێمینارەکەش به خوێندنەوەی سروودی ئەی شەهیدان کۆتایی پێهات.

شایانی باسە لەو سێمینارەدا چەندین حیزب و لایەنی کوردستانی بە دەستە گوڵی ڕێز و وەفا و پەیمان نوێکردنەوە بە ڕێبازی شەهیدان بەشدار بوون کە بریتین لە:

- پارتی دێموکراتی کوردستان
- دەستەی کارگێریی ڕێکخستنی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان
- کۆمیتەی رێکخستنی حیزبی شیۆعی کوردستان
- فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان
- ئەنجومەنی بزوتنەوەی گۆڕان لە سۆئێد
- کۆمەڵەی کوردی شاری ڤێسترۆس