کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەهیدان مەشخەڵانی راسانی گەلن

01:36 - 17 خاکەلێوه 2717

کەریم پەرویزی

گەلێک ئازادیی بوێ، دەبێ نرخی ئەو ئازادییەش بدا. ئەمە وانەیەکی گرانبەهای دوکتور قاسملووی نەمرە کە خۆی لە پێناوی ئازادیی گەلدا گەورەترین نرخەکەی دا.

لەوەتەی نەتەوەی کورد دەیەوێ ئیرادەی ئازادیی نەتەوەیی خۆی بسەلمێنێ و داهاتوویەکی گەش و ئازاد بونیات بنێ، لەپێناویشیدا قوربانیی داوە و نرخەکەی پێشکەش دەکا. شەهید بوون لەو ڕێگایەدا، گەورەترین نرخە کە تاکێک بە ئاگاییەوە و بە بڕواوە، گرنگترین و پڕنرخترین سەرمایەی واتە گیانی دەخاتە سەردەست و بەوپەڕی خۆنەویستییەوە تای تەرازووی نرخەکان بۆ گەیشتن بە ئازادی قورستر و ڕێگای سەربەرزی ڕەنگینتر دەکا.

شەهیدبوون لەم ڕێبازە پیرۆزەدا بریتی نیە لە ڕق و بێزاری بەرانبەر بە ژیان و بڵاوکردنەوەی نەفرەت و کین لە نێو جیهاندا، بەڵکوو شەهیدبوون مانای پێشکەشی و نرخدان دەدا تاکوو نەوەیەکی دیکە ئاسوودە بژیت و مەرگی سەربەرزانە بەسەر زیندوو مانەوەیەکی سەرشۆڕانەدا هەڵ دەبژێرێ.

ئەو کاتەی کە سەرۆک کۆماری یەکەم کۆمار لە مێژووی کوردستان و کورددا، دەکەوێتە نێو چەند ڕێیانەی هەڵبژاردنەوە، بە شانازییەوە دەچێتە پای سێدارە، چوونکە دەزانێ زیندوو مانەوە بریتییە لە سووکایەتی بە مێژوو و کەرامەتی نەتەوەیەک و شەهیدبوون بریتییە لە تێزانی خوێن بە دەمارەکانی خەباتی مێژووی کورددا بۆ گەیشتن بە ئازادی و ڕزگاری و بەختەوەری. پێشەوای گەل شەهیدبوون هەڵدەبژێرێ نەک زیندوو مانەوەی سەرشۆڕانە و نەک مردنێکی ساڵانی دیکە لە پەنا و پەسێواندا کە کەس وەبیری نەیەتەوە و بە گومناوی سەر بنێتەوە. شەهیدبوون لەم ڕوانگەیەدا درێژەی ژیانە، بەڵام پڕ واتاتر و بە دەنگدانەوەی زۆر زۆرترەوە لە ئێستا و داهاتوودا.

ڕوانگە و بیرکردنەوەی وەها هەیە کە ژیانی ئێستای لە لا پڕە لە درۆ و گەندەڵی و خراپەکاری و دەڵێ کە ئەم ژیانە و ئەم جیهانە دەبێ لە نێو بچێ و بسووتێندرێ و لە ژیان و جیهانی داهاتوو یان دیکەدا شتێکی باش چاوەڕوانیمان بکا. لەو ڕوانگانەوە شەهیدبوون بریتییە لە سووتاندنی ژیان و هەڵبژاردنی مەرگ.

ڕوانگەی وەهاش هەیە کە ئەم ژیانەی بە هەموو کەموکووڕییەکانەوە پێ باشترە لە نەمان و مردن و دوای هەموو هەوڵ و تێکۆشانێک، دەڵێ کە مانەوە باشترە لە مردن، لەو ڕوانگەیەدا کۆتایی خەبات بە تەسلیمبوون دەگا.

بەڵام لە ڕوانگەی مەکتەبی قازی، قاسملوو و شەرفەکەندیدا شەهیدبوون بریتییە لە هەڵبژاردنی ڕێگایەک و پێشکەش کردنی گەورەترین نرخ بۆ ڕازاندنەوەی ژیان و خەبات و بەو کردەوە بەرزە ئینسانیەوە کە لەوپەڕی ئاگایی و وشیاری و بڕواوە سەرچاوە دەگرێ، شەهیدبوون دەبێ بە مەشخەڵانی ڕێگا. ڕێگایەکی پڕ سەروەری بۆ گەیشتن بە ئاوات و ئارمانەکان، کە بە هەلپەرستی و بە خۆ ویستی و بە تەسلیمبوون بە ئاکام ناگا، بەڵکوو دەبێ نرخی لەپێناودا بدرێ و بەردەوام ڕێگا ڕووناک بکرێتەوە تاکوو ڕێبازی ڕاستەقینەی ژیان و خەبات نەشێوندرێ و تارمایی سەر نەخرێ.

بۆیە دوکتور قاسملووی نەمر دەڵێ؛ باشترین پاداش بۆ شەهیدان درێژەدانی ڕێگایانە. لە ئێستا و داهاتووشدا شەهیدان مەشخەڵانی ڕێبازی ڕاستەقینە و پڕسەروەریی سەلماندنی بوون و ئیرادەی نەتەوەیی و ڕزگاریخوازین کە ئەم ڕێبازە بە ڕاسانی گەل درێژەی دەبێ و گیانی شەهید ڕووناکی دەبەخشێتە ڕێگاکە.