• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢٣ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٠٢ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی  

سیاسەتی کۆمەڵایەتی لەپێناو خۆشبژێویدا

زایینی: ٠٥-٠٤-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠١/١٦ - ٢١:٢٣ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
سیاسەتی کۆمەڵایەتی لەپێناو خۆشبژێویدا
غالب حەبیبی

لەیەکەم بەرکەوت، چەمکی سیاسەتی کۆمەڵایەتی(Socialpolicy) لە سێ تایبەتمەندیی ئاکادێمیک، کردەوە و مێتۆدۆلۆژیکدا خۆی دەردەخات.

خوێندنی زانستگایی و ڕێبازی دەکارکردن لە ژیانی ڕۆژانە لەم بابەتەدا جێگای باس نین بەڵکوو مەبەست کار و کردەوەگەلێکە کە بۆ ژیانێکی بەختەوەرانە و پاڵپشتیدەرانە لە لایەن دەوڵەتەوە وەک ڕێکخراوێک کە نوێنەری خێروبێری گشتیی کۆمەڵگایە دەستنیشان و بەڕێوە دەبرێت. ئەو کار و کردەوانەش ڕاست ڕووی لە توێژە فەقیر و هەژارەکانی کۆمەڵگایە، هەرچەند دەبێ هەموو چین وتوێژێک کەم تا زۆر لەلایەن سیاسەتی کۆمەڵایەتییەوە پاڵپشتی و چاولێکراو بێت. باشتر ژیانکردن(بهزیستی)و خۆشبژێوی لە دوای شەڕی جیهانیی دووهەم بووەتە جێگای باس و خواستی لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و لە چەمکێکی ڕۆژانەوە گۆڕدرا بە سیاسەتێکی فەرمی و گشتی کە لە چەمکی دەوڵەتی خۆشبژێو (Welfarestate) کۆ و ڕاڤە دەکرێت. زۆربوون و جیاوازیی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی سەردەمی مۆدێڕنیتە لە هۆکارگەلی سەرهەڵدانی بیرۆکەی خۆشبژێوی و گەشە و لق‌وپۆپ کردنی بەشە جیاوازەکانییەتی.

تایبەتمەندیی پەڕانپەڕیی(محیطی) و کۆمەڵایەتی مرۆڤەکان هەلومەرجێکی بنیاد ناوە کە نەبوونی و هەژاری وێڕای سیمایەکی کۆمەڵایتی و ئابووریی، دیاردەیەکی سیاسیشە و ئەمەش دەبێتە هۆی هاتنەئارای بیرۆکەی خۆشبژێوی(رفاە) و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردن یان کەمکردنەوەی ئەو کێشە و لەمپەڕانەی کە هەلومەرج بە بێ خواست و ویستی مرۆڤەکان خۆڵقاندوویەتی. واتە مرۆڤ بە ئاگاییەوە هەوڵ دەدات گۆڕانی کۆمەڵایەتی درووست بکات و لەو ڕێگایەشدا دەوڵەتی خۆشبژێوی ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت و لە بنەمادا ئەو دەڵەتە ئامانجی سیاسەتی کۆمەڵایەتییە. کەوابوو سیاسەتی کۆمەڵایەتی کۆمەڵێک بڕیار، یاسا و ئۆسووڵێکە کە بایەخە کۆمەڵایەتییەکان دەستنیشان و بەردەوام دابەشیان(بازتوزیع) دەکاتەوە بەسەر کۆمەڵگادا کە دواجار گەشە و پەرەپێدان ببێتە خۆدی سیاسەتی کۆمەڵایەتی.

نەزەر و کردەوە

چەمکی سیاسەتی کۆمەڵایەتیش وەکوو هەموو چەمکەکانی دیکەی بیاڤی زانستە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکان تووشی ڕاڤە و لێکدانەوەی جۆراوجۆری چەپڕەو و ڕاستڕەوەکان بووەتەوە و کۆمەڵێک دژبەری و ناکۆکی لە چەمکە پێوەندیدارەکان هەبووە و هەیە. "بەرابەری" و "ئازادی" ئەو دوو چەمکە سیاسییەن کە لە تیۆریی دەوڵەتی خۆشبژێو سەرلەنوێ دێنەوە نێو باس و ڕوانگەی جیاواز بۆ بنەما و پێوەندیی ئەو دوو بیاڤەی ژیانی مرۆڤ دەکەن. بەرابەری (زیاتر مەبەست بەرابەریی کۆمەڵایەتییە) وێڕای پێناسە فەلسەفییەکەی، لە سەردەمی مۆدێڕندا بووەتە چەمکێکی سیاسیش و لە کۆڵەکەکانی ڕێکخستنی کۆمەڵگای ئەم سەردەمە دێتە هەژمار کە ڕەها و جێگیر نییە و تەنیا هەوڵ بۆ بەرابەرکردنی(برابرسازی) مرۆڤەکانی ناو کۆمەڵگاکان دەدرێت. سەبارەت بە بەرابەریی کۆمەڵایەتی و هۆکاری ئەو پاڵپشتییە، بەڵگەی ئەوە دێننەوە کە پنەوازی(نیاز) بنەمای هاوبەشی مرۆڤەکانە و لە نێوان هەموو کۆمەڵ و یەکەیەکی مرۆییدا هاوبەشە و هەر وەک چۆن ئەو نیازانە هاوبەشن، ئەوا کەرەستەی دابین کردن و ڕەزامەندییش دەبێت گشتی و گشتگیر بێ. بۆ نموونە لەشساغی نیازێکی گشتی و بنەڕەتییە، بۆیە چارەسەرکردن و چاودێریی پزیشکی پێویستە و دەبێ گشتییش بێت. بەڵام کێشەی بەرابەری هەر وا بە سانایی و ڕواڵەتی چارەسەر نابێ و ئەو ململانێیەش تەنانەت لە نێو لایەنگرانی دەوڵەتی خۆشبژێودا زۆر زۆرە. لایەنەکان لەسەر چەمک و ئیستراتێژی "بەرابەری لە دەرفەتەکان"، " بەرابەری لە دەرنجامەکان" و" بەرابەری لە سەرچاوەکان" ڕوانگەی جیاوازیان هەیە. بە گشتی دەوڵەتی خۆشبژێو لەسەر پێکهێنانی دەرفەتی بەرابەر و بەرپرسایەتی کۆمەڵایەتی لەهەمبەر توێژە لاوازەکانی کۆمەڵگا هەوڵ دەدات و ئەم ئیستراتێژیەش بە تێکەڵکردنی خزمەتگوزاری گشتگیر و بژاردەگەرایی لە هەمبەر خزمەتگوازرییەکانی خانووبەرە، تەندرووستی، خۆراک، ژینگەی پاک، داهاتی خانەنشینی، فێرکاریی، دابینکردنی کۆمەڵایەتی و ... ساخ دەبێتەوە.

ئازادی هەم وەک چەمک و هەم وەک بنەواشەیەکی مرۆیی و ئەخلاقی، هاوزادی بەرابەرییە و لە گوزارەی "سازان لە نێوان ئازادی تاکەکەس و ئازادی کۆ، چۆن دەبێت"؟ خۆی دەردەخات. ئەمیش وەک بەرابەری لەنێو بەرداشتی چەپ و ڕاستەکان دەخولێتەوە، بە واتایەکی دیکە؛ ئازادی لە سەردەمی مۆدێڕنیتەدا پێوەندیدارە بە بازاری ئازادەوە و بوونی دەستی نەبینراو(دست نامرئی) لە ڕێکوپێک کردنی بەرژەوەندیی تاکەکان لەنێو بەرژەوەندیی کۆییدا. ئینجا لێرەدا ڕاستڕەوەکانی وەک ڕابێرت نووزیک و فرێدریش فۆن هایک (بیرمەندانی ئامریکایی و ئاڵمانی لەبیاڤی دادپەروەریدا) کە بەتەواوی لیبڕاڵن، باوەڕیان بە پاراستنی ئازادی لە چوارچێوەیەکدا هەیە. واتە هێشتا ئەو دوو بیرمەندە لەسەر ئەوەن کە دەکرێت و دەبێت ئازادی و بەرابەری پێکەوە بسازێن و ئەمەش لە دەوڵەتی خۆشبژێودا دێتە دی. سرووشتییە کە ئازادی و بەرابەری لە تاکی هاووڵاتییدا (فرد شهروند) خۆیان دەبیننەوە و بە بێ بوونی هاووڵاتیی و دیاریکردنی ماف و ئەرکی، هاتنەدی و هاوسەنگیی نێوان ئازادی و بەرابەری ئەستەمە و تەنانەت بە بێ بوونی هاووڵاتی، خۆشبژێوی و ئامانجی دەوڵەتی خۆشبژێوی بێمانا دەبێت.

دەوڵەتی خۆشبژێوی

لێکۆڵەران لەبارەی سەرهەڵدان و درووستبوونی ئەم دەوڵەتە ڕوانگەی جیاوازیان هەیە و ڕەگەکانی دەبنەوە بۆ نێوەڕاستی سەدەی نۆزدە کە لە هەندێ وڵاتی وەک بریتانیا و نیوزیلەند بۆ خانەنشینکراوان و بێکاران پارە بڕاوەتەوە، بەڵام لەڕاستیدا دەوڵەتی خۆشبژێو کە هەوڵ بۆ دابینکردنی لانیکەمی ژیان و بەرابەری بۆ مرۆڤەکان دەدات، هی سەردەمێکە کە جیهان لەبواری پیشەیی و گەشەی ئابووری گەیشتبووە ئاستێک کە مەودای چین و توێژەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبوو و خاڵی وەرچەرخان لەم بەستێنەشدا دەگەڕێتەوە بۆ قەیرانی ئابووریی ساڵی ١٩٣٠ی زایینی و هەژانی سیستمی سەرمایەداری. سیستمێک کە بڕوای بە بازاری ئازاد و ڕێکخستنی کۆمەڵگا لەسەر بنەمای دان و ستانی (بدە و بستان) تاکەکان هەبوو. بەڵام لەو ساڵەدا و لە سەروبەندی قەیرانەکەدا بوو کە بیرمەندان، سیاسەتمەداران و کۆمەڵناسان هاتنە سەر ئەو بڕوایەی کە خۆشبژێوی خەڵکی (وەک تەناهی، بەرابەری و بیمەی کۆمەڵایەتی) زۆر لەوە گرینگترین کە بە میکانیزمی بازار و دەستی نەبینراو بسپێردرێت.

کەسانێک کە ئەو بیرۆکەیان گەشە پێدا، مارکسیست بوون و بڕوایان وابوو کە دەبێ پێداچوونەوەیەک (تجدیدنظر طلبی) بە مارکسیستدا بکرێت و زیاتر گرینگی بە لایەنی ئازادیی تاک و خاوەنداریەتی تایبەتی بدات کە لایەنگرانی سۆسیال دێموکراسی ئەو بانگەشەیان دەکرد. لێڕوانینێکی دیکە بەپێچەوانە بڕوای وایە کە دەوڵەتی خۆشبژێوی لەبنەڕەتدا دژبەرانی مارکسیزم بۆ هەڵگەڕاندنەوەی خەڵک لە شۆڕش و پێوەندی گرتن بە بزاڤە سۆسیالیزمەکان هاتووەتە ئاراوە.کەوابوو دەوڵەتی خۆشبژێو لە چوار تەیبەتمەندیی پێکدێت و دەناسرێتەوە؛ ١) باشتربوونی تەندرووستی ٢) تەناهیی ئابووریی ٣) پەڕپێدانی بارهێنان ٤) خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی.

بەگشتی کەسانێک هەبوون و هەن کە بنەما و ئامانجی دەوڵەتی خۆشبژێو دەدەنە بەر ڕەخنە، کارڵ پووپێر باسی لە کار و چالاکیی دەوڵەت دەکا و گومانی لە دەستپڕاگەیشتنی دەوڵەتی خۆشبژێو بە ئامانجەکانی دەکات. ئەم بیرمەندە ئۆتریشییە لە چوارچێوەی تێزی زانستیی خۆیدا کە بە توانەی پووچەل بوونەوە "ابطال‌پذیری" ناسراوە، چەمکی "ئەندازیاریی کۆمەڵایەتی بەرەبەرە" دێنێتە پێش و پێشنیار دەکات لە جیاتی هەوڵ و پلاندانان بۆ جێگیرکردنی خۆشبژیوی، سەرەتا کێشە و کەموکوڕییەکان دەستنیشان و پاشان هەوڵ بۆ کەمکردنەوەی ئازار و مەینەتی کۆمەڵگا بدرێت.

سۆسیال دێموکراسی

سەبارەت بە ڕەچاوکردنی سیاسەتی کۆمەڵایەتی و دواجار ساغبوونەوە لە چوارچێوەی دەوڵەتێکیدا، ئایدیۆلۆژیی سۆسیال دێموکراسی بە خاوەنی سەرەکیی دەوڵەتی خۆشبژێوی ناودەبەن، هەرچەند سۆسیال دێموکراتەکان خوازیاری مانەوەی خاوەنداریەتی تایبەت(مالکیت خصوصی) لە کۆمەڵگادان. لە ڕوانگەی کەسانێک وەکوو تۆنی فیتز پاتریک، خۆشبژێوی تەنیا هەستپێکراو و پێوانەکراو نییە، بەڵکوو پەیبردنی ئێمە (درک ما) بە مانا و واتای هۆکارگەلی خۆشبژێوی، کاریگەرییان لەسەر تێگەیشتن لە بێهزیستی هەیە، بێهزیستییەک کە بێجگە پنەوازییەکان(نیازها) دەبێ حەزەکان(علایق) و و خواستی خەڵکی لەبەرچاو و ڕەچاوبکرێت. ناوبراو لە درێژەدا سەبارەت بە سۆسیال دێموکراسییەک کە لەبەرگرەوەی سیاستی ڕفاهی بێ، دەبێژێت؛ تێکەڵەیەک لە لیبراڵیزمی کۆمەڵایەتی و سۆسیالیزمی دێموکراتیک دەبێتە دەوڵەتی خۆشبژێوی و ئاوێتەبوونیان بە کردەوە لە داڕشتنی سیاسەتی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا دەلوێت. لیبراڵیزمی کۆمەڵایەتی بەو واتایەی کە لە نێوان بەرابەریی سیاسی و بەرابەرکردنی ئابووری پێوەندییەک درووست بکەین و بەرابەری لە دەرفەت نەک بەرابەری لە دەرنجام دەستبەر بکات و مافی کۆمەڵایەتی لە بازنەی ئابووریی بازاردا جێ بگرێت. لە ئایدیۆلۆژیی سۆسیالیزمی دێمۆکراتیکدا بە گشتی ڕەخنە و ناڕەزایەتی لە هەمبەر نادادپەروەرانەبوونی سیستمی سەرمایەداری هەبووە و هەیە و خوازیاری نەمانی نابەرابەریی کۆمەڵایەتییە و هەروەها هاوکاری نەک ململانێ لەنێو کۆمەڵگادا پەسند دەکات.

سیاسەتی کۆمەڵایەتی لە ئێران

وڵاتان لە کۆنەوە سەرقاڵی دابینکردنی چەشنێک خۆشبژێوی کۆمەڵایەتی بۆ هاووڵاتیان بوونە، بەڵام کێشە لە ناوەرۆکی و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی سیاسەتی کۆمەڵایەتییە. ئێران لە سەردەمی ئەمیرکەبیردا دەستی کردووە بە جێبەجێ کردنی کۆمەڵێک کار و کردەوە کە دەچێتە چوارچێوەی سیاسەتی کۆمەڵایەتییەوە، بەڵام لە ساڵی ١٣٢٠ بوو کە تەندرووستی و فێرکاریی گشتی گرینگییان پێدرا و دواجاریش دەوڵەت لەپاش شۆڕشی ١٣٥٧ بە فەرمی و لە بڕگەکانی ئەسڵی ٢٩ و ٤٣ی یاسای بنەرەتی کراوەتە لێپرسراوی داڕشتنی سیاسەتی کۆمەڵایەتیی گشتی و هەمەگیر.

لە ئێران چەندین دامەزراوەی دەوڵەتی خۆیان بە سەرپەرستی داڕشتن و بەڕێوەبەری سیاسەتی کۆمەڵایەتی دەزانن، بەڵام هەر ئەو فرەییە و بێ‌سەروبەرییە (تێکەڵکردنی وەزارەتی خۆشبژێوی لەگەڵ وەزارەتی ئابووری) بووەتە هۆی ئەوەی کە پێکهاتەیەک بۆ ڕەچاوکردنی سیاسەتی کۆمەڵایەتی نەبێ کە ئەمەش زاڵبوونی گەڵاڵەی ئاوەدانی و پلاندانان (لایەنی ماددی) بەسەر ڕوانگەی کۆمەڵایەتی و مرۆیی(لایەنی مەعنەوی) لێکەوتووەتەوە کە بە خۆشبژێوی نەریتی (رفاە سنتی) ناوزەد دەکرێت.

لەپاش نزیک بە ٤ دەیە، بە هۆکارگەلی جیاجیا، دەوڵەتی ئێران نەک لە جێبەجێ کردنی ئەو ئەرک و سیاسەتانە سەرکەوتوو نەبووە، بەڵکوو ڕاست کێشە کۆمەڵایەتییەکان لەو توێژانە زۆر و بەربڵاوە کە سیاسەتی کۆمەڵایەتی دەبێ ڕەچاو و چاوەدێرییان بکات. توێژگەلی خوارەوەی کۆمەڵگا و ئەوانەی کە داهاتیان زۆر لە خوارێیە. سەبارەت بە هۆکارەکان دەتوانین ئاماژە بە سێ لایەن بکەین کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر تێکشکانی ئەو سیاسەتانە لە دەوڵەتی ئێران هەبووە، یەکەم سیستمی گەندەڵی بەڕێوەبەریی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات کە ئێرانی کردووەتە ناشەفافترین وڵاتی جیهان لەبواری گەندەڵی، دووهەم گرێدراویی ئابووریی بە نەوت کە زۆر بە وەرچەرخانە سیاسییەکانی نێوخۆ و دەرەوە کاریگەرە کە دۆخی لەو چەشنەش بە پێچەوانەی وڵاتانی خۆشبژێوە کە کۆڵەکەی ماڵییەکەی لە وەرگرتنی باج و سەرانە دابین و بەڕێوە دەبرێت، سێهەم کە هۆکارێکی نوێیە و بۆ بڕینی یارانەی شتومەکی خەڵکی و سووتەمەنی کەسانێک لە کۆمەڵگا دەگەڕێتەوە کە کەمترین پشکیان لە دابەشکردنەوەی سەرمایە و داهاتی گشتیی وڵات هەیە. لە بارودۆخی ئێستای ئێراندا، کێشەی ئابووری گەورەترین لەمپەڕی گەشە و پەرەسەندنی کۆمەڵگایە و خەسارەکانی ئەو هەلومەرجە لە بیاڤەکانی کۆمەڵایەتی وەک بێکاری، گرانی، هەژاری و گەندەڵیی ماڵی بە ڕوونی و ئاشکرایی دەرکەوتوون و سیاسەت داڕێژانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی تووشی دەستەوەستانی کردووە و داهاتووی زیاتر لە ٤٠ میلیۆن کەس کەوتووەتە لێواری هەڵوەشانەوە.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٣ لەم ژمارەیەدا:

ــ بوومەلەرزەی سیاسی
ــ لە خەبات دژ بە ئەپارتایدەوە بۆ ڕاسان
ــ ئەمن چی بكەم، خۆتان دروستی بكەنەوە
ــ دانیشتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و چەند سەرنجێک