کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران چەک و چۆڵی ڕەوانەی شاری سەقز کرد

17:19 - 18 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسانی شەڕخوازی ڕێژیمی ئێران چەک و چۆڵ و هێزی نیزامییان ڕەوانەی شاری سەقز کرد و لەو شارە جێگیریان کردن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بۆ زیاتر میلیتاریزەکردنی کوردستان بەردەوام هێز و چەک ڕەوانەی شارەکانی کوردستان دەکەن و لە بنکە و ناوەندە نیزامییەکانی خۆیان جێگیریان دەکەن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند کە؛ ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزەکانی ڕێژیم وێڕای چەکی قورس و نیوە قورس بۆ شاری سەقز نێردراون.

ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران هێزی نیزامیی ڕەوانەی سنوورەکانی کوردستان کردووە و زۆربەی شارە سنوورییەکانی زیاتر لە جاران میلیتاریزە کردووە.

بەرپرسانی دەزگا و ناوەنده ئەمنییەتی و نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرین و پۆشتە و پەرداخ هێز و چەک‌وچۆڵی نیزامییان بۆ شارەکانی کوردستان ڕەوانە کردووە.

ڕەوتی میلیتاریزەکردنی ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەردەوام لە لایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمەوە درێژەی هەبووە و بەرپرسانی سپای ئەو ڕێژیمە بەردەوام باس لە گرتن و ئەمنییەتی‌کردنی سنووەرکان دەکەن و هەروەها ڕێژیمی ئێران ماوەیەکە بە چڕی و بەربڵاوی مانۆڕی سەربازی بەڕێوە دەبات.

پاش ڕاگەیاندنی پەیامی نەورۆزیی حیزبی دێموکرات لە لایەن مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بە مەبەستی دەسپێکردنەوەی خەبات نوێ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و ناردنەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ نێو خۆی وڵات و گڕێدانی خەباتی شاخ و شار، هێزەکانی سپای پاسداران لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان کەوتوونەتە ئامادەباشییەوە.