کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە سەر هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمی ئێران کۆبوونەوە

17:36 - 19 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: شەش لایەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بنکەی سەرەکیی کۆمەڵەـ ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کۆبوونەوە.

ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی۱۷ی خاکەلێوەی ۱۳۹٦ی هەتاوی، شەش لایەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بنکەی سەرەکیی کۆمەڵە ـ ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کۆبوونەوە.

هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی محەممەد نەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسی لەو کۆبوونەوەدا بەشدار بوون.

تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ۲۹ی بانەمەڕی ئەمساڵ بوو کە ڕێژیم دووبارە شانۆسازییەکی‌ دیکە بەڕێوە دەبات.

لەو کۆبوونەوەدا هەر کام لە لایەنەکان ڕوانگە و بۆچوونی هێزە سیاسییەکانی خۆیان باس کرد و هەموویان لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە؛ لە نیزامێکی داخراو و چەقبەستوودا کە باوەڕێکی بە هەڵبژاردن نیە، لە بنەڕەتدا سەرۆک کۆمار لەو نیزامەدا، نە دەسەڵاتێکی هەیە و نە ئەرزشێک.

دوای کۆبوونەوەکە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی بۆ کاناڵەکانی ڕاگەیاندن بەڕێوەچوو کە ئیبراهیم علیزادە، کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەی بەڕێوە برد و دواتر هەر لایەنەی کە پرسیاری لێ کرا، وێڕای پێداگری لەسەر گرینگیی کۆبوونەوەکە و ڕوونکردنەوەی لایەنە ئەرێنییەکانی بەشداری نەکردن لە پرۆسەی هەڵبژاردندا قسەیان کرد.

لەو کۆبوونەوەیەدا بریاردا لە داهاتوویەکی نیزیکدا دووبارە ئەو لایەنانە بە مەبەستی هەرچی زیاتر چالاک کردنی بایکۆت و ئیمکانی زیاتری کاری کردەیی لەو پێوەندییەدا کۆببنەوە.