کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمیناری ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە وڵاتی دانمارک بەڕێوە چوو

22:24 - 20 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ٧٠ـەمین ساڵڕۆژی لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی لە شاری ئاڵبۆرگی دانمارک سێمینارێکی بەڕێوە برد.

بە بۆنەی ٧٠ـەمین ساڵی لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد سەرکۆماری کوردستان و هاوڕێیانی لە لایەن دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی پاشایەتیی ئێران، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی١٢ی ١٣٩٦ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی ئاڵبۆرگی باکووری دانمارک سێمینارێکی بۆ دوکتۆر حوسێن خەلیقی ئەندامی پێشووی ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات پێکهێنا کە ژمارەیەک لە کوردانی دانیشتووی ئەو دەڤەرە بەشدارییان تێدا کرد.

دوای ڕاگرتنی خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان، لە لایەن بەڕێوەبەرانی سیمینارەکەوە بەخێرهاتنی کۆڕگێڕ و بەشداران کرا.

پاشان دوکتور خەلیقی باسێکی گرینگی سەبارەت بە کەسایەتیی پێشەوا قازی محەممەد، دامەزران و گەشەی حیزب لە ماوەیەکی کورتدا، ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان و هەلومەرجی ئەوکات، ڕووخانی حکوومەتی میللی ئازەربایجان و کاریگەریی ئەو ڕووخانە لە سەر کۆماری کوردستان کرد.

کۆڕگێڕ بە وردی باسی ئامانجی مانەوەی پێشەوا قازی لەگەڵ خەڵکی مەهاباد و ڕق و قینی دوژمن بەرانبەر بە کورد و سەرکۆمارەکەی هێنایە کرد و ئەو مژارەی شی کردەوە. هەروەها لە بەشێکی وتارەکەیدا دوکتور خەلیقی باسی لە نەبوونی یەکڕیزی و هاوهەڵوێستیی کورد لە پێناو وەدەست هێنانی مافەکانی کرد کە بە هێنانی کۆمەڵێک نموونە، شیکردنەوەیەکی خەسارناسانەی بۆ کرد. پێویستە بگوترێ بەو بۆنەوە ماڵی کورد لە ئاڵبۆرگ برووسکەیەکی بۆ سیمینارەکە ناردبوو.

دوا بەشی سێمینارەکە بۆ پرسیاری بەشداران و وەڵامی کۆڕگێڕ تەرخان کرابوو.