کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆژی مەحکووم بوونی کۆماری ئیسلامی لە دادگای مێژوودا

16:59 - 21 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: رۆژی ١٠ی ئاوریلی ١٩٩٧ی زایین بەرامبەر لەگەڵ ٢١ی خاکەلێوەی ١٣٧٦ی هەتاوی، دادگایەکی بێرلین، حوکمی مێژوویی دەرکرد و تێیدا سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی و لە سەرووی هەموویانەوە عەلی خامنەیی و رەفسنەجانی و فەلاحیانی سەبارەت بە بڕیاردانی تیرۆری دوکتۆر شەرفکەندی و هاوڕێیانی بە تاوانبار ناساند.

رۆژی ١٠ی ئاوریل، لە بڕیارێکی مێژووییدا، دادگای بێرلین، ناسراو بە دادگای پەروەندەی رێستۆرانی میکۆنووس یان بە کورتی دادگای میکۆنووس، کردەوەی تیرۆریستیی تیرۆرکردنی دوکتۆر شەرەفکەندی، سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هاوڕێیانی لە رێستۆرانی میکۆنووسدا بە کردەوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراو و بڕیاردراو لە لایەن بەرپرسانی هەرە سەرەوەی رژیمی کۆماری ئیسلامی ناساند و حوکمی دەسبەسەرکردنی بۆ سەرانی ئەو رژیمە بەتایبەت خامنەیی و رەفسەنجانی و فەلاحیان وەزیری ئەوکاتی ئیتلاعات دەرکرد و بکەرانی ئەو کردەوە تیرۆریستیەی بە تاوانبار ناساند و حوکمی زیندانی هەتاهەتایی و زیندانی درێژماوەی بۆ دەرکردن.

تیرۆری رێبەرانی حیزبی دێموکرات لە رێستوورانی میکۆنووس، رۆژی ١٧ی سێپتامبر١٩٩٢، ٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١ دوای بەشداریی دوکتۆر سەعید و هاوڕێیانی لە کۆبوونەوەکانی ئەنترناسیۆناڵ سۆسیالیست لە وڵاتی ئاڵمان ئەنجام درا. دوای ئەو کۆبوونەوانە دوکتۆر شەرەفکەندیی نەمر دەیەویست ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی هاوئاهەنگ بکا و لە کاتی دیالۆگ بۆ پێکهێنانی هاوئاهەنگی و دروستکردنی چەتری هاوبەشدا بوون کە تیرۆریستانی نێردراوی رژیمی تاران، بە ئەمری رێبەرانی رژیم و بە تیمێکی هاوبەشی ئێرانی و لوبنانی، دەسرێژیان لە کۆبوونەوەکە کرد و بەتایبەتی دوکتۆر شەرەفکەندی و هەیئەتی هاوڕێیان کردە ئامانجە گڵاوەکەیان و شەهیدیان کردن.

دوای ٥ ساڵ لە رەوتی درێژەداری دادگای میکۆنووس و دوای گوشاری زۆری کۆماری ئیسلامی، دادگا و دادوەری بوێر و دادپەروەری ئاڵمانی حوکمێکی مێژوویی دەرکرد و سەرانی کۆماری ئیسلامیی بە تاوانباری سەرەکیی ئەو کردەوە تیرۆریستیە ناساند.

شیاوی ئاماژەی کە لە ئێستاشدا هەموو رای گشتی و ناوەندە ئازاد و پێشکەوتووەکانی جیهان باس لە تیرۆریست بوونی کۆماری ئیسلامی دەکەن و بە سەرچاوەی تیرۆر لە ناوچە و جیهانی دەناسێنن کە پشتیوانی سەرەکیی گرووپە تیرۆریستیەکانە و سەرچاوەی سەرەکیی بشێوی ئاڵۆزی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە.