کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێک به بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە لە وڵاتی سوئێد بەڕێوە چوو

19:01 - 21 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی کوردستان سێمینارێک لە شاری ستۆکهۆڵمی وڵاتی سوئێد بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی١٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی سێمینارێک لە لایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە شاری ستۆکهۆڵم بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە \'\'ڕۆژی شەهیدانی کوردستان\'\' ٧٠ـەمین ساڵیادی لەسێدارەدرانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی، بەڕێوە چوو.

لەو سێمینارەدا نوێنەرانی حیزبە سیاسییەکان، چەندین کەسایەتی و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات بەشدار بوون.

دەستپێکی سێمینارەکە به سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان و لەسەرەوەی هەمووشیان پێشەوای مەزن، یەکەم سەرکۆماری کوردستان دەستی پێکرد.

پاش بەخێرهاتنی کردنی بەڕێوەبەری سێمینارەکە کە لە قسەکانیدا هاوخەمی لەگەڵ گەلی سۆئێد بۆ کردەوە تێرۆریستییەکەی ستۆکهۆڵم دەربڕی دیکیۆمێنتارێکی کورت لە وتە بەنرخەکانی ڕێبەری نەمر شەهید دوکتور قاسملوو، لەسەر کەسایەتی پێشەوا قازی محەممەد و ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە، نیشان درا.

تەوەری سەرەکیی سێمینارەکەش دوو باسی زانستی بوون کە لە لایەن تاهیر عەلیار (نووسەر و لێکۆڵەری مێژوو و سیاسەت) و د. خالید خەیاتی (مامۆستای زانکۆ و نووسەر و لێکۆڵەری سیاسی)، پێشکەش کران.

سەرەتا عەلیار باسەکەی خۆی لەژێر سەردێڕی \'\'هۆکارەکانی ڕووخانی کۆماری کوردستان – خوێندنەوەیەکی مێژوویی و سیاسی\'\' پێشکەش کرد.

ناوبراو بەراوردێکی ورد و بەڵگەیی لەنێوان هەردوو کۆماری ئازەربایجان و کۆماری کوردستان و سەرجەم فاکتۆرە ناوچەیی و جیهانییەکانی ئەو سەردەمی خستە ڕوو و هاوکات باسی لە کەسایەتی قازی محەمەد و ڕۆڵی لە دامەزرانی کۆماری کوردستان خستە بەرباس. لەدرێژەی باسەکەیشیدا سیاسەتی یەکیەتی سۆڤیەتی و وڵاتی بریتانیا و فاکتۆرە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی ڕووخانی کۆمار لێک دایەوە.

باسی دووهەمی سێمینارەکە، لە لایەن خەیاتی لەژێر سەردێڕی \'\' ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کامە بێ مافی، کامە ستراتیژی ڕزگاری؟ - خوێندنەوەیەکی تیئۆریک\'\' پێشکەش کرا.

د. خەیاتی لە باسەکەیاندا بە پشت بەستن بە بەڵگەگەلێک هەموو ئەو لایەنانەی ڕوونکردەوە کە چۆن بەشێوەیەکی سیستماتیک کار لەسەر سڕینەوەی شووناسی کوردبوون کراوە و لە بەرئەنجامە نەرێنییەکانیشی دوا. لە ڕوانگەی بەڕێزیانەوە کوردستان کۆڵۆنیالیزە کراوە و ڕووبەڕووی پاکتاوی نەژادی بۆتەوە، بۆیە تەنانەت فیدڕاڵیشی لەباشترین حاڵەتدا لە چوارچێوەی وڵاتێک بەناوی ئێراندا پێ پەسەند نەبوو و لەو باوەڕەدا بوو کە تا ئەوکاتەی خاک و هاوڵاتی نەبنە خاوەن سەروەری، ئەوا سەروەری سیاسی وەدەست نایەت.

لە بڕگەیەکی دیکەی سێمینارەکەدا پەیامی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە وڵاتی سۆئێد خوێندرایەوە کە نوێنەرایەتی ١٧ هێز و لایەنی سیاسی چوار بەشی کوردستان دەکات لە وڵاتی سۆئێددا.

پاشان تێکۆشەری ناسراوی گەل کاک مەلا حەسەن شیوەسەڵی چەند وتەیەکی لە سەر کۆماری کوردستان و خەباتی حیزبی دێموکرات لەقۆناخی دوای ڕاپەڕینی گەلانی ئێراندا پێشکەش کرد و بە هەڵوەستەیەک لەسەر ڕاسانی ڕۆژهەڵاتیش گرنگی و بەردەوامی ئەو خەباتەی بۆ بەشداران شیکردەوە.

دوابەشی سێمینارەکە تەرخان کرا بۆ پرسیار و بۆچوونی ئامادەبووان کە دواتر لە لایەن هەردوو کۆڕگێرەوە وەڵامیان درایەوە.