کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ پشتگیری لە ڕاسان چالاکی تەبلیغی لە چەند ناوچەی کوردستان بەڕێوە چوو

17:32 - 25 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بۆ جارێکی دیکەش لە چەند ناوچەیەکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە بەڕێوەبردنی چالاکی تەبلیغی و بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان پشتگیری خۆیان بۆ ڕاسانی رۆژهەڵات و درێژەدان بە ڕێبازی شەهیدانی ڕاسان دووپات کردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ ئەندامان و دڵسۆزانی دێموکرات لە سەردەرئاوە لە نزیک تەرەغەی هەمیشە سەربەرزی دێموکرات چالاکییان بەڕێوەبرد و بەنووسینی دروشمی وەک بژی ڕاسان پێشوازییان لە وەرزی نوێی ڕاسان کرد.

تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری سەرپێڵی زەهاویش زۆربەی کۆڵان و گەڕەکەکانی ئەم شارەیان بە ئاڵای کوردستان و یوبیلی زێڕینی حیزبی دێموکرات ڕازاندەوە کە بووە هۆی خوشحاڵی خەڵکی ناوچە.

لە تەنگیسەری هەمیشە دێموکراتدا ڕێبوارانی بەئەمەگی حیزب کە ماوەیەک پێش ئێستا ئاڵایەکی کوردستانیان لە بەرزاییەکانی تەنگیسەر هەڵدابوو، کاتێ بینیان هێزە دژی گەلییەکانی ڕژیم ئەو ئاڵایەیان داگرتوە، دوبارە ئاڵایەکی دیکەیان هەر لەو شوێنەدا هەڵدا و کردیان بە چقڵی چاوی دوژمنانەوە.

ئەم چالاکییانە دوابەدوای ئەوە ئەنجام دراون کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سپای پاسدارانی ڕێژیم بەردەوام سەرقاڵی گواستنەوەی هێز و چەک و چۆڵی نوێ بۆ شارەکانی کوردستان بووە و بەمشێوەیە کەشێکی تەواو ئەمنیەتی ساز کردووە.