کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لە سێمینارێکی دانشسەرای فەڕانسەدا بەشداریی کرد

17:33 - 26 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی محەممەد نەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات، لە سێمینارێکی دانشسەرای فەڕانسەدا بەشداریی کرد.

ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ٢٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە سەر بانگهێشتی فەرمیی دانشسەرای فەڕانسەوی بۆ ڕۆژهەڵاتی نزیک لە هەولێر، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی محەممەد نەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات لە سێمینارێکی ئەو دانشسەرایەدا کە بۆ دوکتور سیریل ڕوسیڵ دۆکتۆرا لە جوغرافیا و توێژەر لە CNRS ڕێکخرابوو بەشداریی کرد.

ئەو سێمینارە تایبەت بوو بە نەخشەسازیی کوردستانی عێراق، و توێژەر لە چەندین ڕەهەندەوە هەوڵی دا کێشەی سنوور و بابەتە پەیوەندیدارەکان بە ویستی زۆربەی دانیشتوان لە عێراق و کوردستان، ڕوون بکاتەوە.

توێژەر باسی لەوە کرد کە؛ کوردەکانی عێراق هیواخوازن سەرچاوەی وزەی کانگا سروشتییەکانیان بەکار بهێنن بۆ بونیادنانی بناغەیەکی بەهێز بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووسی خۆیان.

لە ڕاستیدا ڕوویەکی نوێی باشووری کوردستانی لەم کاتە هەستیارەدا نیشان دا.

لە پەراوێزی سێمینارەکەدا هەیئەتی حیزبی دێموکرات چاوی بە نوێنەر و حیزب و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی بەشدار لە سێمینارەکەدا کەوت و سپاس و پێزانینی خۆیان پێشکەش بە دانشسەرای فەڕانسەوی لە هەولێر و کۆڕگێڕی سێمینارەکە کرد.