کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژمارەیەک لە چالاکانی خوێندکاری بانگهێشتی دادگا کران

17:25 - 27 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: ٥٠ چالاکی خوێندکاری لە لایەن دادگاکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بانگهێشتی ناوەندە قەزاییەکانی ڕێژیم کران.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بڵاویان کردووەتەوە کە؛ ٥٠ چالاکی خوێندکاری لە زانستگەکانی ئێراندا بانگهێشتی دادگا کراون و ئەو خوێندکارانە بە هۆی ڕەخنە گرتن لە حەسەن ڕۆحانی سەبارەت بە بوونی فشار و بەربەستەکان، لێپێچینەوەیان لێ کراوە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران، ژمارەیەک لە ڕێکخراوە خوێندکارییەکان چالاکییەکانیان ڕاگیراوە.

خوێندکارانی ئەندام لەو ڕێکخراوانە ڕایانگەیاندووە کە؛ دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران بە بیانووی جۆراوجۆر و بە شێوەی سیستماتیک تەنانەت ئەو مافە کەمەشمان پێشێل دەکەن.

فەزای سەرکوت و فشار بۆ سەر خوێندکاران سەرەڕای وادەکانی ڕۆحانی توندتر و زیاتر بووەتەوە و هەروەها لەو پێوەندییەدا ژمارەیەک لە مۆرەکانی مەجلیسی ڕیژیم ڕەخنەیان لە دۆخی ئەمنییەتیی زانکۆکان گرتبوو.

مانگی گەلاوێژی ساڵی ڕابردووش ٩٢ ڕێکخراوی خوێندکاری لە نامەیەکدا بۆ حەسەن ڕۆحانی سەرەڕای ڕەخنە لە درێژەی کەشی ترس و تۆقاندن و دۆخی ئەمنیەتی لە زانستگەکانی ئێران، سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی ڕێکخراوە خوێندکارییەکان و دەستێوەردانی نایاسایی لە کارەکانیاندا، ناڕەزایەتییان دەبڕیبوو.

حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە کاتی بەناو هەڵبژاردنەکانی خۆیدا باسی لەوە دەکرد کە؛ سەرەڕای پشتیوانی لە چالاکیە سیاسی و فەرهەنگییەکانی خوێندکاران، پێش بە فەزای ئەمنیەتیی زانستگەکان دەگرێت.

هاوکات خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە وتەکانی خۆیدا باسی لەوە کردبوو کە؛ به شێوەیەکی جیددی پێش بە چالاکیی سیاسی لە زانستگەکاندا بگرن.