کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستبەسەرکرانی لانیکەم ١٠ شارۆمەندی ئەهوازی

17:36 - 27 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: لە ڕۆژانی ڕابردوودا لانیکەم ١٠ شارۆمەندی عەرەبی ئەهوازی لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ژمارەیەکی بەرچاو لە شارۆمەندانی ئەهوازی هەموو ساڵێک بە بۆنەی یادی ٢٦ی خاکەلێوەی٨٤ لە ئەهواز، کە لە کاتی سەرکۆماریی خاتەمی‌دا گەڵاڵەیەک بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی حەشیمەتی ئەم پارێزگایە و جێگیرکردنی خەڵکانی ناخۆجێیی هاتبووە ئاراوە، ناڕەزایەتی بەرینی خەڵکی ئەو ناوچەیەی لێ‌کەوتەوە و ناڕازیان لەگەڵ توندوتیژیی هێزە ئەمنیەتییەکان بەرەوڕوو بوونەوە، هەر بەم بۆنەوە هێزە ئەمنیەتییەکان هەموو ساڵێک لە بەرەبەری ئەو یادەدا و ئەو ڕۆژەدا، دەست دەدەنە ئازار و ئەشکەنجەی خەڵکی ئەهواز.

بەپێی ‌هەواڵی هەواڵدەرییەکان، ڕۆژی پێنج‌شەممە، ڕێکەوتی ٢٥ی خاکەلێوە، لە کۆڵانی عەلەوی دوو شارۆمەندی ئەهوازی بە ناوەکانی خەلیل غافلی ٣٧ساڵ و مستەفا سەواری ٣٨ساڵ لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

هەروەها لە درێژەی دەستبەسەرکردنەکان لە شاری ئەهوازدا، لە ناوچەی مەلاشیە دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٤ی خاکەلێوە، هاووڵاتییەک بەناوی خالید چاپان(شەریفی) تەمەن٢٥ ساڵ، لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و شەوی هەینی لەسەر شەممە، ڕێکەوتی ٢٤ی خاکەلێوەش، هێزە ئەمنیەتییەکان لە شاری ئەهواز، پێنج شارۆمەندی دانیشتووی کۆڵانی عەلەویی ئەهواز، بە ناوەکانی حەمزە چلداوی ٢٤ساڵ، عەبدولناسر عەبیات ٣٨ساڵە، هاشم حەیدەری ٣٥ساڵە، سادق حەیدەری ٣٤ساڵە و جەعفەر حەیدەری ١٩ساڵەیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕایانگواستوون.

لە کاتی دەستبەسەر کردنی ئەم چالاکانەدا کەرەستەی کەسۆکیی ئەو کەسانە وەکوو کتێب، کامپیوتێر و مۆبایل و...، لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

لە حەوتووی ڕابردووشدا، هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیم بە مەبەستی هاوکاریی هێزە ئەمنیەتییەکانی ئیتلاعات، ماڵی دوو کەس لە شارۆمەندانیان لە ملاشیە دەور دا و ئەو دوو کەسەشیان دەستبەسەر کردووە.

کازم سۆرخی ٤٥ساڵ و ئەمیر سۆرخی ٢٥ساڵ، شوناسی ئەو دوو کەسە ڕاگەیەندراوە.

ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی عەرەبی پارێزگای خووزستان، لەبەرەبەری ساڵیادی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٨٤دا هەموو ساڵێک لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر دەکرێن و کەسیش سەبارەت بە شوێنی ڕاگرتنیان زانیاریی نییە.