کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی یەکیەتیی کوردانی کۆمارەکانی سۆڤیەتی پێشوو سەردانی حیزبی دێموکراتیان کرد

23:44 - 27 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی یەکیەتیی کوردانی کۆمارەکانی سۆڤیەتی پێشوو سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد ولەو سەردانە پشتیوانیی خۆیان لە خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەربڕی.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی، هەیئەتێکی یەکیەتیی کوردانی سۆڤیەت سەرانی حیزبی دێموکراتیان کرد و لە لایەن هەیئەتی دەفتەری سیاسیی حیزب بە سەرپەرستیی مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات پێشوازیان لێکرا.

ئەو هەیئەتە له تاهیر سولەیمان سەرۆکی یەکیەتیی جڤاتی ئازەربایجان، خاوەنی ڕۆژنامەی دیپلۆماتا کورد و ئەندامی یەکیەتیی جڤاتی کۆنگرەی کوردی سۆڤیەتی پێشوو، بەرزانی عەلۆ سەرۆکی یەکیەتیا جڤاتا کوردێن سانپێترزبۆڕگ، مامێ مامۆی سەرۆکی کۆمەڵا دۆستانیا کورد و رووسیه، نورەدین عەلی خان ئەندامی یەکیەتیا جڤاتا کوردێن قرقیزستان و ڕووسڵان عەلی خانی ئەندامی یەکیەتیا جڤاتا کوردێن قەزاقستانێ پێکهاتبوو.

لەو دیدارەدا هەروەها کۆمەڵێک باسی گرینگی وەک مێژووی خەباتی گەلی کورد بۆ ڕزگاری، قوربانی و فیداکاریی نەتەوەی کورد بۆ ئاشتی و پێکەوەژیانی بەرابەر و هەروەها خەباتی ئێستای کورد دژی تێرۆریزم خرایە بەر باس.

لەو دیدارەدا، هەیئەتی یەکیەتی کوردانی سۆڤیەت باسیان لە سەر پرسی کورد بە گشتی و بە تایبەتی لە ناوچەکەدا کرد و وێڕای پێداگرتنەوە لەسەر یەکڕیزیی کورد، پشتیوانیی خۆیان لە رێفراندۆم لە باشووری کوردستان و پێکهێنانی دەوڵەتی کورد دەربڕی وهیوای سەرکەوتنی زیاتریان بۆ کورد لە خەبات بۆ ئازادی و پێکەوژیانی بەرابەر خواست.

هەر لەو دیدارەدا هەیئەتی ناوبرا وێڕای پشتیوانی لە خەباتی ڕەوای گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە سەر یەکڕیزی و یەکیەتیی نێوان گەلی کورد پێداگریان کرد.

لە کۆتایی ئەو دیدارەدا دوو لایەن لە سەر درێژەدان بە پێوەندییەکانیان و هاوکاریی چەند لایەنە جەختیان کردەوە.

هەیئەتێکی
هەیئەتێکی یەکیەتیی کوردانی کۆمارەکانی سۆڤیەتی پێشوو سەردانی حیزبی دێموکراتیان کرد