کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فاڕێن پالیسی: ئیبراهیم ڕەئیسی دەستی لە کوشتنی زیندانیانی سیاسیی‌دا هەبووە

16:59 - 28 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: حەتوونامەی فاڕێن پالیسی لە ڕاپۆرتێکی حەوتوانەی خۆیدا بڵاوی کردووتەوە کە ئیبراهیم ڕەئیسی بەربژێری سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران دەستی لە کوشتنی زیندانیانی سیاسیی‌دا هەبووە.

حەوتوونامەی فاڕێن پالیسی لە ڕاپۆرتێکدا لەبارەی شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری و پاڵێوراو ئاخوند ئیبراهیم ڕەئیسی نووسیویەتی: ڕەئیسی پێشینەیەکی سیاسی زۆری هەیە کە زیاتر وەک سەردۆزگەری گشتیی کاری کردووە.

هەروەها لە بەشێكی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ڕەئیسی پێوەندییەکی نزیکی لەگەڵ سپای تێرۆریستی پاسداران هەیە و ناوبراو لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاویدا یەکێک لەو دادوەرانە بووە کە دەستی لە کوشتنی زیندانیانی سیاسی‌دا هەبووە.

ئیبراهیم ڕەئیسی لە کوشتاری بەکۆمەڵی دژبەرانی سیاسی لە ساڵی ١٣٦٧ لە گرتووخانەکانی ئێران، ئەندامی دەستەیەکی ٤ کەسی و لێپرسراو بووە.

ڕەئیسی لە کەسە نزیکەکانی خامنەیی هەژمار دەکرێت و دانانی ناوبراو وەک بەڕێوەبەری ئاستانی قودسی رەزەوی لە مەشهەد لە کۆتایی ساڵی ٩٤، زیاتر لە جاران بە ناوەندی دەسەڵاتی نزیکتر کرد.

پێشتر ماڵپەڕی گرێدراوی بەیتی ئایەتۆڵڵا مۆنتەزێری فایلێکی دەنگیی ساڵی ٦٧ی بڵاوکردەوە کە لەو کۆبوونەوەیەدا، بەرپرسانی سەرووی دادوەریی و تەناهی کە بە هیات مرگ ناسراون قسەیان کرد. ئیبراهیم ڕەئیسی یەکێک لەو کەسانە بوو.

ساڵی ١٣٩١ لە پێوەندی لەگەڵ ئیعدامەكانی ساڵی ٦٧دا دادگایەک بە ئامادەبوونی بنەماڵەی هێندێک لە قوربانیانی ئەو كارەساتە، شایەتحاڵان و دادوەرە نێونەتەوەییەكان، لە كۆشكی ئاشتیی شاری لاهەی هولەند بەڕێوە چوو و دادوەرە نێونەتەوەییەكان لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردووش پاش دوو جار دانیشتنی ئەو دادگایە، ئیعدامەكانی ساڵی ٦٧یان لە زیندانەكانی ئێراندا وەكوو تاوان دژ بە مرۆڤایەتی ناساند.

لە هاوینی ساڵی ٦٧دا، بەبڕیاری خومەینی هەیئەتێک بۆ دادگایی کردنی زیندانیانی سیاسی دامەزرا، کە دواتر ناوی هەیئەتی مەرگی لێ‌نرا کە بریتی بوون لە حوسێنعەلی نەیێری حاکمی شەرع، مورتێزا ئیشراقی دادستان، مستەفا پوورمحەممەدی نوێنەری ئیتلاعات لە ئێڤین و ئیبراهیم ڕەئیسی جێگری دادستان.