کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی حیزبی دێموکرات له وڵاتی ئۆتریش بەشداری لە سێمینارێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی سووریەدا کرد

17:07 - 28 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسی بەشی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئۆتریش بەشداری لە سێمینارێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی سووریەدا کرد.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی، بەرپرسی نوێنەرایەتی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی سووریە لە ئورووپا سێمینارێکی بەڕێوه برد.

ئەو سێمینارە لە لایەن نوێنەرایەتی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی سووریە لە ئورووپا لە وڵاتی ئوتریش بۆ ڕێزان شێخ مووس بەرپرسی نوێنەرایەتی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی سووریه لە شاری ویەن پێک هات.

لە سەر بانگهێشتی فەرمی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریه، ئەرسەلان جەودەتیان بەرپرسی بەشی پێوەندییەکانی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لەگەڵ ڕێکخراوە کوردستانییەکان و محەممەد جەواد یوسفی جێگری ناوبراو بەشدارییان لە سێمینارەکەدا کرد.

لەو سێمینارەدا هەروەها نوێنەری بەشێک لە حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان وەک پارتی دێموکراتی کوردستان و پارتی ئازادی کوردستان بەشدار بوون.

لەو سێمینارەدا ڕێزان شێخ مووس بە وردی لە سەر بابەتەکانی وەک دۆخی سووریە بە گشتی، سیاسەتی ئەنجوومەنی نیشتمانی لە پێوەندی لەگەڵ ئاڵوگۆڕەکانی سووریە و ناوچەکە بە گشتی، کێشە ناوخۆییەکانی ئۆپۆزیسیۆن، ڕێفراندۆم لە باشووری کوردستان و پێویستی هاوکاری نێوان ڕێکخراوە کوردستانیەکانی باشوور، باکوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان باسێکی پێشکەش کرد.

پاشان بەشداران چەند پرسیارێکیان ئاڕاستەی ناوبراو کرد و لە لایەن کۆڕگێڕەوە وڵامی پرسیارەکان درایەوە و هەروەها بەشدارانیش هەڵویستی خۆیان لە سەر بابەتەکانی سێمینارەکە و چۆنیەتی هاوکاری کردن لەگەڵ یەکتری ڕاگەیاند و سمینارەکە پاش چەند سەعاتێک کۆتایی پێهات.