کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لە دووهەمین کۆنفڕانسی ژێنۆساید بەشداری کرد

22:55 - 29 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: لەسەر بانگهێشتنی فەرمی سەرۆکی زانکۆی نێودەوڵەتی هەولێر، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە دووهەمین کۆنفڕانسی ژێنۆساید لەو زانکۆیەدا بەشداری کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی زانکۆی نێودەوڵەتی هەولێر دووهەمین کۆنفڕانسی ژێنۆساید، یادەورەیی بەرقەرارکردنی ئاشتی بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە پسپۆرانی بواری ژێنۆساید و شێوەی بەرقەرارکردنی ئاشتی لە شاری هەولێر بەڕێوە برد.

لەو کۆنفڕانسەدا کە کاتژمێر ٩ی بەیانی تا ٥ی ئێوارەی هەمان ڕۆژ درێژەی کێشا نزیک بە ٢٠ شارەزایی بیانی و کورد لە بواری جیاجیاکانی ژێنۆسایددا لە چەند پانیڵ باس و بابەتی گرینگ و بەسوودیان لە پێوەندی لەگەڵ ڕەفتاری دەسەڵاتداران لەگەڵ ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد پێشکەش کرد و کۆمەڵێک ئامار و بەڵگەیان لەم پێوەندییەدا خستەڕوو و یاسا دواکەوتووەکانی حکوومەتەکانی زاڵ بە کوردستاندا تاوتووی کرد و ڕێگای گەیشتن بە ئاشتیان ئاماژە پێدا.

لە سەر بانگهێشتنی فەرمیی سەرۆکی زانکۆی نێودەوڵەتی هەولێر هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات بەشداری ئەو کۆنفڕانسەی کرد و لەگەڵ ژمارەیەک لە کەساییەتیەکانی بەشدار لە کۆنفڕانسدا وێڕای دیدار و چاوپێکەوتن، مەسەلەکانی پێوەندیدار بە وەزعی کورد بەگشتی تاوتوێ کرد و لە سەر پێویستی ئارشیویکی تایبەت بە ژێنۆساید و پێشێلکردنی مافی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد.