کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکرات ماڵئاوایی لە ژیان کرد

22:57 - 29 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: مام ئەحمەد شەریفی پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران به هۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد و تێکەڵ به کاروانی شەهیدان بوو.

ڕۆژی دوشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی، مام ئەحمەد شەریفی ناسراو به ڕەحمان قەڵغانی خەڵکی شاری نەغەدە پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران به هۆی نەخۆشی لە ناوەندی ٣ی کوردستان دڵی بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت.

مام ئەحمەد ساڵی ١٣١٧ی هەتاوی چاوی بە دنیا هەڵێنا، بەڵام بە هۆی هەژاری و نەداری نەیتوانی بچێتە بەر خوێندن و هەر لە منداڵییەوە دەستی بە کار و کاسبی لەگەڵ بنەماڵەی کرد.

برایەکی مام ئەحمەد بە ناوی سەعید شەریفی بە دەستی ڕێژیمی جینایەتکاری ئێران شەهید بووە.

بنەماڵەی مام ئەحمەد بنەماڵەیەکی دێموکرات و نیشتمانپەروەرن، مام ئەحمەد لە سەرەتای شۆڕشەوە تێکەڵ بە ڕیزەکانی پێشمەرگایەتی بوو و تا دوا هەناسەکانی وەفادار بە ڕێبازی شەهیدان مایەوە.

ناوبراو لە تەمەنی پێشمەرگایەتیدا لە بنکەی کۆمیتەی شارستانی نەغەدە، بنکەی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران و بنکەی زیندانی ناوەندی حیزب لە قەندیل خزمەتی کردووە.

مام ئەحمەد کەسێکی ڕوو خۆش و جێگای متمانەی کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانی حیزب بوو و تەرمی ناوبراو لە نێو ئاپۆرای خەڵکی ناوەندی ٣ی کوردستان بە خاک سپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەس و کاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.