کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێکاری زیاتر لە جاران پەرە دەستێنێ

15:58 - 31 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەڵ پێش بینییەکانی سندوقی نێونەتەوەیی دراو لەمەڕ دابەزینی ئاستی گەشەی ئابووریی ئێران، ئامارە فەرمییەکانی حکومەتیش باس لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی بێکاری دەکەن.

سندوقی نێونەتەوەیی دراو لە نوێترین هەڵسەنگاندن و ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە داهاتووی ئابووریی ئێران دەڵێ: ئابووریی ئەم وڵاتە لە ساڵی ٩٥ی هەتاوی بەهۆی هەندێک فاکتەری وەک کەمکردنەوەی تەحریمەکان و زیادبوونی ئاستی هەناردەکردنی نەوت توانی جوڵەیەکی هەستپێکراو ئەنجام بدات بەڵام لە ساڵی داهاتوودا ئەم ریژە بەلانیکەمەوە ٢% دابەزین بەخۆوە دەبینێت.

سندوقی نێونەتەوەیی دراو هۆکاری ئەم دابەزینەی بۆ کەم بوونەوەی نرخی نەوت و بڕیاری وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لەمەڕ کەم کردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان گەڕاندەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە ڕۆژنامەی وطن امروز لە نوێترین ژمارەی خۆیدا بە ڕێکەوتی ٣١ی خاکەلێوە لە ڕاپۆرتێکدا لە ژێر ناوی خەڵکی بێکار و دەوڵەتی نەخۆش ئاوڕی لە دۆخی بێکاری لە ئێران دایەوە و ڕایگەیاندووە: بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ناوەندی ئامار هەنووکە زیاتر لە ١٢%ی خەڵکی ئێران بێکارن.

بەپێی ئەم راپۆرتە تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا ٧٥٠ هەزار کەس بە لەشکری بێکاری وڵات زیادیان کردووە.

هەر لەمبارەوە سندووقی نێونەتەوەیی دراو لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە قەیرانی بێکاری لە ئێراندا خراپتر بووە و ئەو وڵاتە لە پێوانەی جیهانیدا ٧ پلەی دیکە دابەزیوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ٧ وڵات لە ماوەی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاویدا لەهەمبەر چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری لە ئێران باشتر بوون.

هەوروها لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە دۆخی بێکاری لە ئێراندا لە ماوەی ساڵی ڕابردوو خراپتر بووە و بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکە ئێران لە بواری ڕەخساندنی هەلی کار هیچ هەنگاوێکی هەڵنەگرتووە.

بەشیک لەو ولاتانەی کە لە باری بێکارییەوە دۆخێکی باشتر لە ئێرانیان هەیە بریتین لە: پاکستان، باهاماس، سورینام، تورکیە، مەراکش و فیجی.