کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئەسەد کەڵکی لە گازی سارین وەرگرتووە

23:35 - 31 خاکەلێوه 2717

کوردستان میدیا: هەیئەتی بریتانیایی لە ڕێکخراوی نێونەتەوەیی قەدەغە کردنی بەکارهێنانی چەکی شیمیایی دەڵێت؛ سکرتێری گشتیی ئەو ڕێکخراوە لە کۆبوونەوەیەکدا گوتوویە؛ تاقیکردنەوەکانی ئەو دوایانە دەریخستووە کە لە هێرشی ڕۆژی چواری ئاوریل لە سووریە کە بە هۆیەوە نزیکەی ٩٠ کەس کوژراون، لە گازی سارین یان ماددەی ژەهراویی هاوشێوەی ئەوە کەڵک وەرگیراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئاسۆشیتێد پرێس، نوێنەری بریتانیا لە پەیامێکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی تووئیتێر گوتی؛ ئوزوومچوو سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی قەدەغە کردنی بەکارهێنانی چەکی شیمیایی ئەو بابەتەی لە وتەکانی خۆیدا لە کرانەوەی کۆبوونەوەی نائاشکرای دەستەی سەرۆکایەتیی ئەو دامەزراوەیە سەبارەت بە تاوتوێ کردنی هێرشی ئاماژە بۆ کراو لە سووریە باس کردووە.

بەپێی ئەو تاقیکردنەوانەش کە لە لایەن وڵاتانی بریتانیا و تورکیەوە ئەنجام دراوە، لەو هێرشەدا گازی سارین یان ماددەیەکی ژەهراویی کوشندەی هاوشێوەی سارین بەکار هێنراوە.

دەوڵەتی ئامریکا هێزەکانی دەوڵەتی سووریە بە بەرپرسی هێرشی شیمیایی بۆ سەر بنکەی هێزەکانی دژبەری ڕێژیمی بەشار ئەسەد لە شاری خان‌شیخوون دەزانێت و لە کاردانەوەیەکدا بەرانبەر ئەو هێرشە، نزیکەی ٦٠ مووشەکی بە پایەگای هەوایی ئەرتەشی سووریەوە ناوە.

لە لایەکی دیکەشەوە، ڕاگەیاندنەکانی سەر بە دەوڵەتی سووریە دەڵێن؛ پاش چۆڵ کردنی ناوچە ئابڵۆقە دراوەکانی نێوان مەزایا و زۆبدانی لە خەڵک و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن، کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچانە ڕۆژی چوارشەممە کەوتۆتە دەست هێزەکانی دەوڵەتەوە.

ڕەخنەگران باس لەوە دەکەن کە؛ ئەو شێوازە لە چۆڵ کردنی خەڵکی ناوچە ئابڵۆقە دراوەکان کە بە هۆیەوە نزیکەی ٣٠ هەزار کەس لە دانیشتووانی ئەو ناوچانەی دەکەونە بەرەکانی پێشەوەی شەڕەوە، لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا بۆ شوێنانی دیکە دەگوێزرێنەوە، بە کردەوە دەبێتە هۆکاری هاندان و دانی چەشنێک پاداش بە سیاسەتی ئابڵۆقەدانی شار و گوندەکان و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕادەی کۆچی زۆرەملیی خەڵک لەسەر بنەمای ئۆگریی ئایینی و سیاسییان.