کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سعوودیە : ئێران دەیهەوێ حیزبوڵڵا لە هەموو شوێنێك ببێت

16:42 - 1 بانەمەڕ 2717

كوردستان میدیا: عەبدوڵڵا ئەلموعەلیمی، باڵوێزی سعوودی لە نەتەوە یەكگرتووەكان، وێڕای ئەوەی كە حیزبوڵڵای لوبنانی وەك ڕێكخراوێكی تیرۆریستی ناو برد، ڕایگەیاند كە: ئێران بە تەمایە كۆپییەك لەم گرووپە تیرۆریستییە لە هەموو شوێنێك دابمەزرێنێت.

ناوبراو، ئێوارەی پێنجشەممە ٢٠ی ئاوریڵی ٢٠١٧ی زایینی، لە كۆبوونەوەیەكی ئەمنییەتیدا سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناڤین ڕایگەیاند: گرووپی تیرۆریستیی حیزبوڵڵا بە پێشێلكردنی مەرجەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان، مرۆڤەكانی لە سووریە خستووەتە نێو گەمارۆوە.

ئەلموعەلێمی هەروەها جەختی كردەوە كە: ئێران پاڵپشتی لە گرووپە میلیشیاییەكان دەكات و لە هەوڵدایە كۆپییەك لە حیزبوڵڵا لە هەموو شوێنێك دابمەزرێنێت.

ناوبراو هەروەها سەرەڕای مەحكووم كردنی بومبارانی شیمیایی شارۆچكەی خان شەیخوون لە پارێزگای ئێدلێب لە سووریە بە دەستی ڕێژیمی ئەسەد، لە هەڵوێستی سەربازیی ئامریكاش لە هەمبەر ئەو كردەوەیەش پاڵپشتیی كرد.