کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باڵوێزی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان: ئێران هۆكاری سەرەكیی هەموو كێشەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە

16:47 - 1 بانەمەڕ 2717

كوردستان میدیا: لە درێژەی شەڕی سەرزارەكیی ئەم دواییانەی نێوان كاربەدەستانی ئەمریكایی و ڕێژیمی ئێراندا، باڵوێزی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند، تاران هۆكاری سەرەكیی هەموو كێشەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئاڵمان، نیكی هیلی ڕۆِژی پێنجشەممە ٣١ی خاكەلێوە لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاندا جەختی كردەوە كە ستراتژیی واشینگتۆن لە ناوچەدا دەبێ لە سەر ئێران چڕ ببێتەوە، نەك ئیسراییل.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند كە: ئێران و حیزبوڵڵا دەستیان داوەتە دەستی یەك بۆ ئەوەی كە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسەقامگیر بكەن و وەك دەبینرێت، ئەوان بە دڕندەیی و بێڕەحمی تا ئێستا بەشار ئەسەدیان پاراستووە.

ڕۆژێك پێشتر لەم لێدوانانە، ڕێكس تیلێرسۆن وەزیری كاروباری دەرەوەی ئەمریكا وێڕای ڕەخنەگرتنی توند لە ڕێككەوتنی ناوكیی زلهێزە جیهانییەكان لەگەڵ ڕێژیمی تاران گوتبووی كە ئەو ڕێككەوتنە ناتوانێ پێش بە دەستڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەكی ناوكی بگرێت، بەڵكوو تەنیا ڕێكەوتی دەستڕاگەیشتنی دەخاتە دواتر.

هەنووكە كاربەدەستانی ئەمریكایی و یەك لەوانەش باڵوێزی ئەو وڵاتە لە نەتەوە یەكگرتووەكاندا لە جیاتی ڕێككەوتنی ناوكی، زیاتر جەخت لە سەر دەبڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە دەستێوەردانەكانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەدا بە تایبەتی پشتیوانیی ئەو ڕێژیمە لە دەسەڵاتی سەركوتكەری بەشار ئەسەد لە سووریە و بەكرێگیراوانی حووسی لە یەمەن دەكەنەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاندووە واشینگتۆن سەرقاڵی تاوتوێكردنی هەموو ئەو هەڕەشانەیە كە لە لایەن ئێرانەوە بەرەوڕووی ناوچە و جیهان دەبنەوە و دەیهەوێ بە سیاسەتەكانی خۆیدا بەرانبەر بە ڕێژیمی تاران بچێتەوە.