کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵاتی تایوان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هاوکاری ناکات

22:41 - 2 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: شیرکەتی کەشتیڕانیی وڵاتی تایوان خزمەتگووارییەکانی خۆی لەو بارەیەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بە هۆی نیگەرانی لە بەرزبوونەی کێشە و ناکۆکییەکان لەو ناوچەیە پچڕاند.

هەواڵدەریی رویترز ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢ی بانەمەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە شیرکەتی کەشتیڕانیی یانگ مینگـی تایوان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هاوکارییەکانی خۆی پچڕاند.

هۆکاری پچڕاندنی هاوکاریی ئەو شیرکەتە تایوانییە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، نیگەرانی لەبارەی بەرزبوونەوەی کێشە و ناکۆکییەکان لەو ناوچەیە ڕاگەیەندراوە.

ئەو شیرکەتە یەکەمین شیرکەتی بیانیە کە دوای یەک ساڵ لە ڕێککەوتنی بەرجام هاوکارییەکانی خۆی لەگەڵ ئەو ڕێژیمە دەپچڕێنێت.

شیرکەتی یانگ مینگ نۆهەمین هێڵی گەورەی کشتیڕانیی لە دنیا دایە.

یەکێک لە بەرپرسانی بەڕێوەبەریی ئەو شیرکەتە ڕایگەیاندووە ئەو بڕیارە دوای هەڵسەنگاندنی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەم دواییانە دژی ئێران و ناکۆکییە ژێئۆ پۆلیتیکییەکان لە ناوچە و کێشەکانی نێوان ئێران، ئامریکا و ئورووپا دراوە.

پێشتریش مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا گەمارۆ ئابوورییەکان دژی ڕێژیمی ئێران بۆ ماوەی ١٠ ساڵی دیکە درێژ کردەوە.

واژۆکردنی بەرجام کە بەڕواڵەت بەمەبەستی باشتر کردنی دۆخی ئابووریی ئێران و باری گوزەرانی خەڵکی ئەم وڵاتە بووه نەیتوانی هیچ یارمەتییەک بە گەشەی ئاڵووێرە بازرگانییەکان بکات.

گەمارۆ ئابوورییەکانی وەکوو گەمارۆی چەکوچۆڵ، تەکنۆلۆژی لە بوارەکانی نەوت، گاز، پێترۆشیمی، کەشتیڕانی و فڕۆکەوانی دژی ئێران درێژ کراوەتەوە.

بەرپرسانی باڵای ئامریکا بەردەوام باس لە پەسندکردنی گەمارۆی ئابووریی زیاتر دژی ڕێژیمی ئێران دەکەن، چوونکە بوونی پارە لە دەست ڕێژیمی ئێراندا بە مەترسییەک بۆ ئەمنییەتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بەتایبەت ناوچەکە و پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستییەکان دەزانن.