کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فرت و فێڵەکانی هەڵبژاردن هەر لە ئێستاوە دەستیان پێکرد

16:48 - 3 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بێ بنەمابوونی شانۆکانی هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامی زیاتر خۆیان دەردەخەن.

سەرەڕای بانگەشە بەردەوامەکانی سەرانی ڕێژیم بۆ بەشداری پێکردنی زیاتری خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردن و پڕبایەخ نیشاندانی ئەم شانۆیە لەلای ڕاگەیەنەکان و بیروڕای گشتی، لێپرسراوانی ڕێژیم بە ئەنجامدانی فرت و فێڵی جۆراوجۆر بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان هێندەی دیکەی سیمای شانۆکارییەکانیان قێزەونتر دەکەن.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بلاو کراوەتەوە کە بەپێی ئەم ڤیدیۆ بەرپرسانی پێوەندیدار بە پرسی هەڵبژاردن لە ئێران بە ساختەکردن و چاپی بەلێشاوی شناسنامە هەوڵیان داوە لە قازانجی یەکێک لە بەربژێرەکانی ئەم شانۆیە دەنگ کۆ بکەنەوە.

لە ساڵانی ڕابردووشدا رێژیم بۆ ئەوەی وا نیشان بدا كە بەشداریی جەماوەری خەڵك لە هەڵبژاردندا زۆر بووە، ژمارەی سندووقەكانی دەنگدانی كەم دەکردەوە؛ یان لە ڕێگەی دەزگا ئەمنییەتییەكانییەوە بە حەراسەتی ئیدارەكانیان رادەگەیاند كە بەشداریی كارمەندەكانى دەوڵەت لە هەڵبژارندا زۆرەملێیە و هەر کەس بەشداری نەکات لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت.

هەروەها یەکێکی دیکە لە فرت و فیڵەکانی ڕێژیم بریتی بووە لە دووبەرەکی سازکردن لەنێوان نەتەوەکان یان ئایینزا جیاوازەکان بەتایبەت لەو شار و ناوچانەی کە ٢ نەتەوە یان زیاتر لە یەک ئایینزای دیار پێکەوە دەژیان کە نموونەی بەرچاوی لە کوردستان بریتی بوو لە نەغەدە و کرماشان.

بەگشتی لە ساڵانی ڕابردوودا و لە ئەمساڵیشدا ڕێژیم هەوڵ دەدات لە هەموو شێوازێكی تەماح وەبەرنان، زۆرەملێ و هەڕەشە و هەروەها چەواشەكاری و فرتوفێڵ كەڵك وەرگرێت، ئەمەش بەمەبەستی ئەوەیکە سەفی دوورودرێژی بەشداری کردنی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردن نەخۆشییە دەروونییەکانی ڕێبەری ڕێژیم دامرکێنێتەوە.