کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی سەرکوتگەری ئێران هەڕەشە لە بنەماڵەی پێشمەرگەکان دەکات

18:29 - 3 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری پاوە لە رێگەی جۆراوجۆرەوە هەوڵی بێڕێزی کردن و شکاندنی کەسایەتیی بنەماڵەی شەهیدان و پێشمەرگانی کوردستان دەدەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢ی بانەمەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری پاوە سەر بەر پارێزگای کرماشان بەشێک لە بنەماڵەی پێشمەرگە و شەهیدانی بانگهێشت کردووە و پێی ڕاگەیاندوون کە کوڕ و کچەکانتان واز لە پێشمەرگایەتی بێنن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە کە بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڕەشەیان لە بنەماڵەی پێشمەرگەکان کردووە کە ئەگەر منداڵەکانتان واز لە پێشمەرگایەتی نەهێنن بە جێگای ئەوان ئێوە سزا دەدەین.

هەروەها هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کرد کە بەرپرسانی ئیتلاعاتی ڕێژیم بێ‌ڕێزی زۆریان بە شەهید دوکتور قاسملوو کردووە.

بەرپرسانی ناوەندە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران لە کوردستان بەردەوام لە ڕێگەی دەست و پێوەندییەکانیانەوە و هەروەها بە شێوەی تەماح وەبەرنان و بە هەڕەشە كردن، زەخت و گوشار دەخەنە سەر بنەماڵەی كادر و پێشمەرگەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، تا كوو ڕۆڵەكانیان هان بدەن ڕیزەكانی حیزب بەجێ‏بهێڵن.

هاوینی ساڵی ڕابردووش ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە شاری پاوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تۆڕی تێلگرام‌دا داوای لە خەڵکی هەورامان کردبوو کە دژی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات سیخوڕی بکەن و شوێن و جێگای پێشمەرگەکان لە ناوچەدا ئاشکرا و بە ئیدارەی ئیتلاعات ڕابگەیەنن.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە دوای خەباتی نوێی ڕۆژهەڵات و دەسپێکی ڕاسان بەردەوام لە ڕێگای جۆراوجۆرە گوشار بۆ بنەماڵەی پێشمەرگەکان دێنن و هەڕەشەیان لێ دەکەن.