کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەرزەکانی دەوڵەت زیاتر لە ٧٠٠ هەزار میلیارد تمەنە

16:16 - 4 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: دەوڵەتی یازدەیەمی کۆماری ئیسلامی لە حاڵێکدا دوایین ڕۆژەکانی تەمەنی تێدەپەڕێنێت کە ٢ نازناوی سەرەکی لە کارنامەکەیدا تۆمار کردووە: پڕتێچووترین دەوڵەت و بێ بەرنامەترین دەوڵەت.

ڕۆژنامەی جوان لە ڕاپۆرتێکدا بە سەردێڕی ٧٠٠ هەزار میلیارد تمەن قەرز بە سەرکۆماری داهاتوو دەگات ئاوڕی لە دۆخی ئابووریی ئێران داوەتەوە و تێیدا ئاماژەی بە سەرف کردنی بێ سنوور و بێ بەرنامەی داهاتەکانی وڵات کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە دەوڵەتی ڕوحانیدا نرخی گەشەی تێچووە ڕۆژانەکان سنووری ١٣٣%ی تێپەڕاند و لە کۆتایی ساڵی ٩٥دا لە ٢٠٨ هەزار میلیارد تمەن تێپەڕی کە بەبەراورد لەگەڵ سەرەتای دەست بەکار بوونی ئەم کابینە ١١٩ هەزار میلیارد تمەن زیادی کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ناشارەزایی کابینەی ڕوحانی لە کاروباری ئابووری و سیاسەتداڕێژی لەم بیاڤەدا بووە هۆی ئەوەیکە قەرزەکانی دەوڵەت لە ٧٠٠ هەزار میلیارد تمەن تێپەڕێت و ئەمە ببێتە دیاری دەوڵەتی یازدەیەم بۆ سەرکۆماری نوێی ڕێژیم.

ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدا بلاو دەبێتەوە کە وەزیری کاری ڕێژیم لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندووە کەش و دۆخمان ئەوەندە نالەبارە کە ئەگەر تەنانەت لە ساڵدا ١ میلیۆن پیشەی نوێیش چێ بکەین هێشتا تاکوو ساڵی ١٤٠٠ نرخی بێکاریمان وەک خۆی دەمێنێتەوە.

ماوەیەک پێش ئێستاش سندووقی نێونەتەوەیی دراو لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە قەیرانی بێکاری لە ئێراندا خراپتر بووە و ئەو وڵاتە لە پێوانەی جیهانیدا ٧ پلەی دیکە دابەزیوە و بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکە ئێران لە بواری ڕەخساندنی هەلی کار هیچ هەنگاوێکی هەڵنەگرتووە.