کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڵێنیی ڕوحانی لە سنه نێوبەتاڵ هاتە دەرێ

23:59 - 4 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: بەڵێنیی حەسەن ڕوحانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران سەبارەت به تەواوکردنی مەسکەنی مێهر لە پارێزگای سنە پووچ و نێوبەتاڵ بوو.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، سەرەڕای وادەی ڕوحانی بۆ تەواوکردنی پرۆژەی مەسکەنی مێهر لە پارێزگای سنه و دابینکردنی خانووبەرە، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی ئەو پارێزگایە تا ئێستاش چاوەڕانی وەرگرتنی خانووبەرن.

تا ئیستا ٩ هەزار و ٥٦٢ داواکاری مەسکەنی مێهر لە پارێزگای سنه بێ خانووبەرەن و چاوەڕانی وەرگرتنی خانووبەرەن.

بەرپرسانی ڕێژیم لەو پارێزگایە ڕایانگەیاندووە کە کێشە و گرفتی زۆر بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی مەسکەنی مێهر وەک خۆی ماوەتەوە.

پارێزگاری ڕێژیم باسی لەوە کردووە کە وادە و بەڵێنییەکانی ڕوحانی لە بیاڤی مەسکەنی مێهر وەک خۆی بێ چارەسەرکردن ماوەتەوە.

سەرکۆماری ڕیژیمی ئیسلامیی ئێران مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو سەبارەت بە مەسکەنی مێهر باسی لەوە کردبوو ئەگەرچی ئەو پرۆژەیە کێشەی زۆری هەبووە بەڵام تا کۆتایی دەوڵەتی یازدەهەم ئەو پڕۆژەیە تەواو دەکەم.

هاووڵاتییانی پارێزگای سنە ڕایانگەیاندووە، ئەگەرچی ڕوحانی بە دروشمی تەدبیر هاتە سەر کار بەڵام ئەو دروشمە لای خەڵک هیچ بایەخێکی نەبووە و دۆخی بژیوی ژیانی خەڵک لە ماوەی ٤ ساڵی ڕابردوو دەرخەری ئەو ڕاستییە.

عەباس ئاخوندی، وەزیری ڕێگا و شارسازی بە ڕەخنە گرتن لە گەڵاڵەی مەسکەنی مێھر گوتوویەتی کێشەی من لەگەڵ مەسکەنی مێھر ئەوە بوو کە ئەم یەکانە لەو شوێنانە دروست کران کە شیاوی نیشتەجێبون نەبوون. تەرحی دروست کردنی مەسکەنی مێھر زیاتر لەو ناوچانەدا دەستی پێکرد کە لە دەوروبەری شارەکاندا بوون و ئیمکاناتی ژێر بینایی تەوایان نەبوو.

پرۆژەی مەسکەنی مێهر لە سەردەمی دەوڵەتی ئەحمەدی نژاد دەستی پێکرد و هەتا ئیستا چەندین جار لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیم دان بە شکسی ئەو پرۆژەیە دانراوە.