کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ڕاسان بۆ سناریۆی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ڕێژیم

16:27 - 5 بانەمەڕ 2717

ئەلبورز ڕووئین تەن

ئەوەی کە ڕاسان تێزی نوێی خەباتی گەلەکەمان باس لە خەباتی شار و شاخ دەکات و خەباتی شار بە گرنگ و تەنانەت بە فاکتەری سەرکەوتن دەزانرێت. هەر بۆیەش لێک گرێدانی خەباتی شاخ و شار بە دروشم و ئستراتیژی نوێی خەبات دادەنرێت هەر لەو سۆنگەشەوە کار دەکات. بۆ پێناسە کردنی خەباتی شار ڕوانگەی جیواز هەیە بەڵام هەوڵدان بۆ ڕێککەوتن لە سەر پێناسەیەک کە بتوانێ هاودەنگیی تەواو دروست بکات ئاسانە. لە شوێنی تریشم ئاماژە پێکردوە هەر دەنگ هەڵبڕینێک جا بە هەر شێوازێکی ڕەوا کە داخوازی ڕەوای گەلی لە پشت بێت، خەباتی شارە.

خۆپێشاندان، مانگرتن، ڕێگری لە هێزەکانی داگیرکەر، بایکۆتی هەڵبژاردن، کوژاندنەوەی ڕووناکی لە شەودا، بڵاو کردنەوەی دروشم و داخوازی شۆڕش، دیوار نووسین، چالاکی لە توڕە کۆمەڵاێەتییەکان، چالاکیی ژینگەیی و کار کردن بۆ پێشگیری لە پێشێل کردنی مافی مرۆڤ، پشتگیریی ڕەوا لە داخوازی توێژی جیا وەک جوتیار و کرێکار و قوتابی و کارمەند و... هتد، دەرکەوتن لە بۆنە کولتوری و نەتەوەی بە پاراستنی هێما و ڕەنگە نەتەوەییەکان و زۆر بابەتی تر کە دەتوانێت لە چوارچێوەی دەنگ هەڵبڕینی گەل بۆ داخوازی ڕەوای گەل وەک خەباتی شار پێناسە بکەین.

چالاک بوون و ڕێکخستن و پشتگیری و پشتیوانیی شۆڕش لەو جۆرە چالاکیانە دەکەوێتە خانەی سەرخستنی ڕاسان، هەر بۆیەش دەبێت کاربکرێت لەو بوارەدا تا سەر بکەوین، چوونکە ڕەمزی سەرکەوتن لە هەبوون و هەماهەنگی هەردووک هێزی شاخ و شارە.

لە تەمەنی کەمی ڕاساندا وێڕای قوربانیی شاخ و دانی نرخی گران، شاریش لە مانگرتنەکان و بەتایبەتی لە نەورۆزی جامانەدا سەلماندی ئەویش پشتیوان و ئامادەیە بۆ بەڕێوەبردنی ئەرکی شۆڕش و ڕاسان، هەر بۆیەش دەبێ هەموو لایەک هەماهەنگ کار بکەین بۆ ئەوەی لە هەنگاوی دواتر واتە سناریۆی هەڵبژاردنیش شار بتوانێ سەنگی قورسی خۆی دوبارە بسەلمێنێت.

لەوانەیە هەندێک لایەن بۆ بە لاڕێ بردنی هێزی شار بەشداریی لە هەڵبژاردن وەک خەباتێکی مەدەنی یا دروست کردنی دەرەتانی خەبات و شوبهاندنی بە شوێنی ترەوە کار بکەن کە ئەوچەندە هەڵەیەکی زۆر گەورەیە و لە خزمەت کردن بە ئامانجی ڕێژیم شتێکی تر نیە. بۆ؟

چوونکە هەروەکوو لە سەرەوە گوتم خەباتی شار دەنگ هەڵبڕینی گەلە بە شێوازێکی ڕەوا لە بەر ئەوەی کە هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامی نادێموکراتیک و دوور لە هەموو پڕەنسیپەکانی هەڵبژاردنی ئازاد و شەفاف و دروستە کە واتە ڕەوا نیە، هەر بۆیە بەشداری نە بەڵکوو بایکۆت دەکەوێتە خانەی خەباتی شار و ئامانجەکانی ڕاسان دەپێکێ.

کەواتە دەبێ بە هەموو هێزێکەوە کار بکەین بۆ بایکۆت و ئەو هەنگاوەش بکەین بە قوناغێکی تری سەرخستنی ڕاسان و ئامانجی گەل کە گرنگیەکی تایبەتی خۆی هەیە. ئەوەی چۆن ئەو کارە بکەین پێم وایە دەبێ سەرەتا لە ئاست هێز و لایەنە سیاسییەکان پێکەوە هەماهەنگ بە بڕیار و کار کردن بۆ بایکۆت ڕێک بکەوین، چوونکە هەبوونی کۆدەنگی و یەکدەنگی لە هەر بابەتێکدا ڕەمزی سەرکەوتنە. جێگەی ئاماژە پێدانە هیچ بیانوویەک بۆ هەر لایەنێک کە شۆڕش دەکات بۆ ئازادی و نرخە دێموکڕاتیکەکان نابینم بۆ بایکۆت نەکردنی ئەو هەڵبژاردنە، چوونکە لە ئەزموونی کۆماری تیرۆریست کە هەڵبژاردن خزمەتی گەلی کردوە.

لە ئاست ڕێبەرایەتی ڕاسان واتە حدکا وەک هەموو جارێک دەبێت کار بکات تا بەردەوام لە سەر خەت بێت بۆ گەیاندنی پەیامی ڕاسان بە کۆمەڵانی خەڵک هەروەها هێزی تەشکیلاتی و ڕاگەیاندنی خۆی بە شێوەیەکی ڕێکخراو و بەرنامە دارێژراو دەبێ بخاتە خزمەت بایکۆتی هەڵبژاردن کە لە هەڵبژاردنیش وەک نەورۆزی جامانە بکاتە داستانێکی تری دەنگ هەڵبڕینی گەل لە خەباتی نوێی گەلدا.

هەروەها لە دونیای ئێستادا ڕۆڵ و کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نابێ بە کەم بگیرێ چوونکە وێڕای ئەوەی ڕێگەیەکی ئاسانە بۆ گەیشتن بە کۆمەڵانی خەڵک لە هەمانکاتدا شوێندانەریی زۆری هەیە بۆ ڕێخستن و بە خرۆش خستنی خەڵک بۆ بەرگری لە مافەکانیان هەر بۆیەش حیزب و کۆمەڵانی خەڵک دەبێت لەو کاناڵە بۆ گەیاندنی پەیامی ڕاسان بە تایبەتی لەبایکۆتی هەڵبژاردن کەڵک وەرگرن.

ئەوەی لە هەمووی گرنگتر ئەگەر بێت و ڕێژەی بایکۆت زۆر بەرچاوتر لە جارانی پێشتر بێت دەتوانێ پەیامێکی زۆر گەورەتر لە نەورۆزی جامەنە بۆ ڕاسان بێت و بەو مانایە وەگەڕخستنی خەباتی شار هەژمار دەکرێت و نیشان دەدات تێزی تازەی خەبات و دروشم ئستراتیژی ڕاسان بە ڕێگەیەکی دروست و کارێگەر بۆ خەبات هەژمار دەکرێت هەر بۆیەش دەبێ کار بکەین تا ئەو هەنگاوە بە سەڕکەوتوویی تێپەڕ بکرێت، ئەوکات پێشمەرگە ئامادەیە و شاریش دەنگی نای هەڵبڕیوە ئیتر بۆچی کۆتایی داگیرکەری کوردستان نەبێت.

هەر بۆیەش پەیامی ڕاسان و ڕێبەرایەتییەکەی پەیامی پێشمەرگەی گیان لە سەر دەستی قارەمان و پەیامی شەهیدانی کۆسالان و قەرەسەقەل و کوردستان بایکۆتی سناریۆی هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامی و ڕێژیمی تیرۆریستە هەر بۆیەش هەموومان پێکەوە لەو ڕێرەوە هەنگاو هەڵبگرێن و کار بکەین.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.