کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵێک کوڕ و کچی شۆڕشگێڕ پەیوەست بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوون

00:00 - 6 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: پۆلێک لە لاوانی شۆڕشگێڕ و قارەمانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، پاش تێپەڕاندنی دەورەی سەرەتایی پیشمەرگە، چەکی بەرگری لە خاک و نیشتمانیان لە شان کرد.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند؛ ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٤ی بانەمەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، ڕێوڕەسمی کۆتایی‌هاتنی دەورەی ٢٢٤ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە فێرگەی کۆمیسیۆنی پەروەردەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەڕێوە چوو.

ئەم ڕێوڕەسمە بە بەشداریی بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات، فەرماندەکانی هێزی تایبەت و بەشێک لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو.

سەرەتای جێژنی کۆتایی دەورەی سیاسی و نیزامی بە خوێندنی سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر سدیق دەرویشی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای پیرۆزبایی کردن لە بەشداربووانی دەورە، بەم بۆنەوە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

پاشان سروودێکی شۆڕشگێڕی لە لایەن گرووپی سروودی دەورەی ٢٢٤ی سەرەتاییەوە پێشکەش کرا.

دواتر ڕاپۆرتی ئامووزشیی دەورە لە لایەن بوداغ بوداغی مامۆستای فێرگە خوێندرایەوە.

پاشان ٣ پێشمەرگەی بەشداری دەورەی سەرەتایی پێشمەرگە سروودێکیان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

لە نێوئاخنی ڕێوڕەسمەکەدا، پەیامی دەورە لە لایەن بەشداربووی دەورە عەلی مەولان نژاد پێشکەش کرا.

بەپێی نەریتی فێرگەی کۆمیسیۆنی پەروەردەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، نەفەراتی یەکەم تا سێهەمی دەورە که لەباری تاقیکارییە سیاسی و نیزامییەکانەوە پلەی نێونجیان بەدەست هێنابوو خەڵات کران.

سێ نەفەری یەکەم بریتی بوون له عەلی مەولان نژاد، هێرش مینبەری و فەهیمە دوستی کە لە لایەن سدیق دەرویشیەوە خەڵاتیان پێشکەش کرا.

هەروەها سێ کەسی یەکەم لە بواری نەزم و دیسیپلینەوە بریتی بوون لە هادی شێخه، سەید ئەمیر ئەحمەدی و تەییب ئازەری کە خەڵاتەکانیان لە لایەن کاروان شەرەفی سکرتێری یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشکەش کرا.

لە بەشێکی دیکەی جێژنی کۆتایی دەورەی ٢٢٤ی سەرەتایی پێشمەرگەدا ئەو کەسانەی کە لە بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی دەورەدا بە باشی کارەکانیان ڕادەپەڕاند لە لایەن یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە خەڵات کران.

ئەو کەسانە بریتی بوون لە عەلی محەممەد زادە، عوسمان مەولا نژاد، قادر سۆفی قۆیتاسی، ناسر ڕەحمانی، دڵنیا عەزیز مورادی، سوبحان ئەحمەدی، سیروان کەمانگەر، ئیبراهیم ئەحمەدی و سدیق وەیسانی، کە لە لایەن سەلام ئیسماعیل پوور ئەندامی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی خوێندکارانەوە خەڵاتەکانیان پێشکەش کرا.