کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمەی بەلەمەکانی سپای پاسداران لە ئاوەکانی کەنداو درێژەی هەیە

16:24 - 6 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: بەلەمە توندڕەوکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران دیسان لە ناوشکێنی ئامریکا نزیک بوونەوە و ئامریکا ئەو ئیقدامەی ڕێژیمی ئێرانی بە کردەوەیەکی هەڵخڕێنەر وەسف کرد.

ئاژانسی هەواڵدەریی فاکس نیوز ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ٥ی بانەمەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە؛ بەلەمێكی توندڕەوی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە ناوشکێنی ئامریکا لە ئاوەکانی کەنداو نزیک بووەتەوە و ئەوەی بە کردەوەیەکی مەترسیدار ناو بردووە.

ئەو ڕاپۆرته باسی لەوە کردووە کە؛ ئەگەری پێکدادن لە نێوان ناوشکێنی ئامریکایی یو اس اس ماهان و بەلەمی سپای پاسدارانی ڕێژیم زۆر بووە و ئەو ناوشکێنە وێڕای ئەوەی ئامادەی تەقە کردن بووە، بۆ پێشگرتن لە پێکدادانەکان ڕێگای خۆی گۆڕێوە.

بەرپرسێکی ئامریکا ئەو کردەوەیەی ڕێژیمی ئێرانی سەرەڕای هۆشدارییە ڕوونەکانی ئامریکا، بە کارێکی مەترسیدار وەسف کرد.

ئەوە چەندمین جارە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بەلەمە توندڕەوکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران ئەم کردەوەیە دووپات دەکەنەوە.

هێزە دەریاییەکانی ئامریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کارەی ڕێژیم لە ئاوەکانی فلۆریدای ئەو وڵاتە، مانۆڕێکی تایبەتیان بە ناوی هەڵمەتی چەکوشی ئەنجام دا کە تێیدا شێوازەکانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بەلەمە خێرا و خۆکوژەکانی ڕێژیمی ئێرانیان پرۆڤە کرد.

ئەم بەلەمانە بە یەکێک لە مەترسییەکانی ڕێژیم لە ئاوەکانی کەنداو دژی هێزە دەریاییەکانی ئامریکا دەژمێردری.

لە مانگی ژانویەدا ناوێکی ئامریکایی لە گەرووی هۆرمۆز پاش ئەوەیکە هەستی بە مەترسی لەلایەن بەلەمەکانی سپای پاسدارانی ئێرانەوە کرد ٣ تیری هۆشداری تەقاند و ناچاری کردن ئەو شوێنە بەجێ بهێڵن.

لێپرسراوانی ئامریکایی لە مانگی سێپتامبردا ڕایانگەیاند؛ هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ درووست کردنی ئاڵۆزی لە ئاوەکانی کەنداودا بەردەوامە؛ بەلەمەکانی سپای پاسداران بەبێ هیچ هۆیەک و تەنیا بۆ قەڵسە گێڕان لە ناوە ئامریکاییەکان نیزیک دەبنەوە.