کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میلیتاریزەکردنی زیاتری شارەکانی کوردستان بەردەوامن

16:38 - 6 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: لە بەرەبەری دەسپێکی قۆناغی نوێی ڕاسان و خەباتی نوێی ڕۆژهەڵات، هێزە دژی گەلییەکانی ڕێژیم زیاتر لە جاران فەزای خەفەقان و پۆلیسییان بەسەر شارەکانی کوردستاندا زاڵ کردووە.

بەپیی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ هێزە دژی گەلییەکانی ڕێژیم لە سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات، وێڕای هێنانی هێزی نوێ لە شارەکانی دیکەی ئێرانەوە بۆ کوردستان، بەشێک لە پایەگا کۆنەکانیشیان ئاوەدان کردۆتەوە کە ماوەیەکی دوور و درێژ بوو کەڵکیان لێ وەرنەدەگرت.

بەپێی ئەم هەواڵە پایەگا سەربازییەکان لە گوندەکانی سەر سنووری کوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵات نۆژەن کراونەتەوە و بەرپرسایەتی پاراستنی ئەو ناوچانەش بە کاسەلێس و خۆفرۆشەکانی ڕێژیم سپێردراوە، کە مەبەست لێی کوژرانی کورد بە دەستی کوردە.

هەروەها نێو شارەکان و شارەدێ گەورەکان بە هێزی لیباس شەخسی ئاخێنراوە و لە هەندێک شوێنی گشتیشدا دووربینی مەداربەستە بۆ سیخوڕی کردن لەسەر خەڵک دانراوە.

لەلایەکی دیکەشەوە بەپێی ئەم هەواڵە، وەزارەتی ئیتلاعات و ئۆرگانە سەرکوتکەرەکان ناوە بە ناوە چالاکانی سیاسی و فەرهەنگی و ژینگەیی کورد بانگهێشت دەکەن و وێڕای هەڕەشە کردن لێیان داوای هاوکارییان لێدەکەن.

لەمبارەوە ئاشکرا بووە کە؛ بەشێک لەم داواکارییە بریتی بووە لە گەیاندنی زانیاری لەسەر جموجۆڵی پێشمەرگەکانی کوردستان و هەروەها پێشمەرگەکانی نێوخۆی کوردستان کە لە ئاستی شارەکاندا چالاکی دەکەن.

هەروەها دوایین زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە؛ بەشی زۆری فەرماندە و لێپرسراوانی سەربازیی سپا و ئیتلاعاتی ڕێژیم لە کوردستان بە بڕیاری تاران گۆڕدراون و کەسانێکی جینایەتکارتر لەو شوێنانە دانراون و ئەمەش بۆ ئەوەیە کە لەگەڵ ڕوودانی هەر ئەگەرێکدا بە خێراییەکی زیاترەوە سەرکوت خەڵکی وەزاڵە هاتوو بکەن.

هەر لەم چوارچێوەیەدا سپای تێرۆریستی پاسداران بە وەڕێخستنی چەند گەڵاڵەیەکی پڕ شوورەیی وەک گەڵاڵەی هەمیاریی مەردومی و گەڵاڵەی مەحموود کاوە لە چەند شارێکی کوردستان، هەوڵی هەڵخەڵەتاندنی دانیشتووانی گوندەکانی کوردستان دەدات، تاکوو بە دانی پارە زانیارییان لێ وەربگرێت.

ئەم هەوڵانەی ڕێژیم کە نیشاندەری ئەوپەڕی ترسی سەرکردەکانیەتی بەرانبەر بە شۆڕشی نوێی ڕۆژهەڵات، هاوکاتە لەگەڵ بانگهێشت کردنی بنەماڵەی چالاکانی سیاسی دەرەوەی وڵات و بەتایبەت پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و هەڕەشە کردن لێیان و سووکایەتی کردن پێیان.

هه‌موو ئه‌مانه‌ ته‌نیا پیشانده‌ری ئه‌و ڕاستییه‌ن كه‌ ده‌سپێكردنی قۆناغی نوێی خه‌باتی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی ڕاساندا، ڕێژیمی ئێرانی تووشی یه‌كێک له‌ گه‌وره‌ترین قه‌یرانه‌كانی كردووه‌. ڕێژیم هه‌وڵ ده‌دات به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك پێش له‌ درێژه‌ پێدانی ڕاسان بگرێت. هه‌روه‌ها ڕێژیم هه‌وڵ ده‌دات كه‌ ڕاسان په‌ره‌ نه‌ستێنێت و کپ بێتەوە، بەڵام ڕاسان هەنووکە بووەتە بیرێکی جێگرتوو لە هزری تاکەکانی کوردستاندا.