کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەسەن ڕۆحانی سەد ڕۆژی پڕ لە فێڵ و تەڵەکەی تۆمار کرد

16:51 - 6 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: لە بەرەبەری شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ڕێژیمدا بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە گەندەڵکارییەکانی خۆیان دژ بە یەکتر ئاشکرا دەکەن.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ بازاڕگەرمی و ڕاکێشانی خەڵک بۆ دەنگدان بە شێوەی نمایشی دژ بە یەک قسە و هەڵوێست دەگرن و لەو پێوەندییەدا گەندەڵی و وادە جێبەجێ نەکراوەکانی حەسەن ڕۆحانی دەخەنە بەر باس.

ڕۆحانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران بۆ بەرگری و سەرپۆش دانان لە سەر چەواشەکارییەکانی خۆی باسی لەوە کردووە کە؛ ئێمە مەندی ئابووریمان رکود نیە.

لە کاتێکدا کە لە ماوەی ٤ ساڵی دەسەڵاتی ناوبراودا دۆخی ئابووریی ڕێژیمی ئێران و ئاستی بژیوی حەشیمەتی ئێران نە تەنیا باش نەبووە، بەڵکوو ڕوو لە لاوازی و خراپتربوون چووە، ڕۆحانی باسی لەوە کردووە کە مەندی ئابووریمان نیە.

لە ماوەی ٤ ساڵی دەسەڵاتی ناوبراودا زۆربەی کارخانە و پیشەسازییەکان کە زیاتر له ٥٠ ساڵ پێشینەی کار و چالاکیان هەبووە، بە هۆی نەبوونی بەستێنی ئابوورییەوە داخران.

ئەو وتەی ڕۆحانی لە کاتێکدایە کە وەزیرانی ئابووری، پیشە، کار و بەرگریی ڕێژیم لە نامەیەکدا سەبارەت بە دۆخی خراپی ئابووری وڵات نامەی ضرب الاجلی ئابووریان بۆ ناوبراو نووسی و هۆشداریی جیددیان بە ناوبراو دا.

بەرپرسانی ڕێژیم ڕایانگەیاندووە کە؛ دەسەڵاتی ڕۆحانی ناتوانێت مەندی ئابووری کۆنتڕۆڵ بکات و ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ڕێژیم هەوڵی شاردنەوەی ئەو ڕاستییە دەدەن، بەڵام ناکام ماونەتەوە.

ڕۆحانی لە سەرەتای دەست بە کار بوونی خۆیدا باسی لەوە کرد بوو کە؛ لە ماوەی ١٠٠ ڕۆژدا کێشەی وڵات چارەسەر دەکەم، ئێستا لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکاندا داوای ١٠٠ ڕۆژی دیکەی کردووە.

دامەزراوەی آیندەبان لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردبوو کە؛ کێشە و ئاریشە ئابوورییەکان لە ساڵی ٩٦دا پێشەنگی گرفتە سەرەکییەکان دەبن و لەپاش ئەویش پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان جێ دەگرن و دەبنە مایەی دواکەوتوویی زیاتری ئێران.

دەوڵەتە یەک لەدوای یەکەکانی کۆماری ئیسلامی لەکاتی پڕوپاگەندەکانی هەڵبژاردندا بەردەوام دروشمی چارەسەری کێشە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان دەدەن و دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانیش لەم بوارەدا دەستێکی باڵای هەبووە.