کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لەگەڵ ڕاوێژکاری جۆرج بووش سەرکۆماری پێشووی ئامریکا دیداری کرد

23:06 - 7 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: کاوە ئاهەنگەری نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆڕێکدا کە بۆ مایک دۆران (Mike Doran) ڕاوێژکاری جۆرج بووش سه‌رۆک کۆماری پێشووی ئا‌مریکا له پاڕلمانی ئورووپا بەڕێوەچوو، دیداری کرد و باسی لە ڕاسان کرد.

ڕۆژی سێ‌شه‌ممه ڕێکه‌وتی ٥ی بانەمەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، کۆڕێک بۆ مایک دۆران ڕاوێژکاری سه‌رۆک کۆماری پێشووی ئامریکا سه‌باره‌ت به ڕێژیمی ئێران، ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و ئیداره‌ی ترامپ له یه‌کێک له ساڵۆنه‌کانی پاڕلمانی ئورووپا له بروکسێل به‌ڕێوه‌چوو.

بۆ ئه‌م کۆڕه که لایه‌ن گروپی کۆنسێرڤاتیوی پارلمانی ئورووپاوە ڕێکخرابوو، نۆێنه‌ری حیزبی دێموکرات له بڵژیک و کۆمه‌ڵیک ئه‌ندام پاڕلمان و سیاسه‌تمه‌داری ئورووپایی بانگهێشت کرابوون.

سه‌ره‌تای کۆڕه‌که‌ مایک دۆران بۆچوونی خۆی له سه‌ر دۆخی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و له‌و نێوه‌شدا سووریه و ئیران به تایبه‌تی، هێنایه به‌رباس.

ناوبراو ئاماژه‌ی به سیاسیه‌تی ئیداره‌ی ئۆباما به نیسبه‌ت ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کرد که له ئاراستەی به‌رژه‌وه‌ندیی ئێراندا ده‌ڕۆیشته پێش کرد و گوتی؛ هه‌رچه‌ند ئیداره‌ی ترامپ به‌رنامه‌یه‌کی دیار و پێناسه‌کراوی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ڕێژیمی ئێران نیه، به‌ڵام به به‌راورد له‌گه‌ڵ چه‌ند مانگی ڕابردوو هه‌نگاوی کردەیی هەڵگیراوە و ئێران بۆ ئیداره‌ی ترامپ جێی باسە.

سەبارەت بە دۆخی عێراق؛ دۆران وێڕای ئاماژه‌ به ڕۆڵی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی له عێراق و سووریه، جەختی کردەوە که دوای ڕزگارکردنی موسڵ مه‌ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه که ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بیهه‌وێ له موسڵ جیگای داعش بگرێته‌وه و ده‌ست به سه‌ر ئه‌وشاره‌دا بگرێ.
مایک دۆڕان له درێژه‌ی باسه‌که‌یدا ئاماژه‌ی به هه‌ندێک گه‌مارۆی نوێ کرد که قه‌راره له چه‌ند مانگی داهاتوودا دژی کۆماری ئیسلامی و سپای پاسداران جێبه‌جێ بکرێ.

نوێنه‌ری حیزبی دێموکرات کاوه ئاهه‌نگه‌ری له به‌شی بۆچوون و پرسیاردا، ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که؛ ئه‌گه‌ر بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌‌وه له‌گه‌ڵ تێرۆریزم پێویستمان به هاوکاریی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و هه‌موو هێزه دێموکراته‌کانی جیهان هه‌یه، ئه‌وه بۆ په‌ره‌سه‌ندن و گه‌شه‌پێدانی دێموکراسی و سێکۆلاریزم له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستیش پێویستمان به یارمه‌تی و پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تییه.

ئاهەنگەری هەروەها باسی لەوە کرد کە؛ ئه‌مڕۆ ده‌وڵه‌ته دێموکراته‌کان پێویسته له هێزه دێموکرات و ئازادیخوازه‌کانی ناوچه و یه‌ک له‌وان بزووتنه‌وه‌ی کورد له ئێران پشتیوانی بکه‌ن. له درێژه‌دا نوێنه‌ری حیزب گوتی، حیزبی دێموکرات خه‌باتێکی چه‌ند‌ ڕه‌هه‌ندیی لەژێر ناوی \'\'ڕاسان\'\' ده‌ستپێکردووەته‌وه که که شیاوی سەرنجدان و یارمه‌تییه.

گوتیشی؛ ئه‌گه‌ر ڕۆژئاواییه‌کان خوازیاری ئه‌منییه‌ت و نه‌مانی دیارده‌ی تێرۆرن، ئه‌وه پێویستە بیرێکی جیدی له سه‌رچاوه‌ی تێرۆر واته کۆماری ئیسلامی بکه‌نه‌وه‌.